وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز گرفت لە دابەشکردنی کارەبای نیشتیمانیی دروستبووە و بەهۆیەوە پێدانی سەعاتەکانی کارەبا کەم بووەتەوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند: لە دوێنێوە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتیمانی کەمبوەتەوەو بەهۆیەوە گرفت لە دابەشکردنی کارەبای نیشتیمانی دروست بووە و لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان سەعاتەکانی پێدانی کارەبای پڕۆژەی روناکی و تۆڕی کارەبای نیشتیمانی کەم بووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ئاماژەی بەوەشدا: چاوەڕێ دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوو کێشەکە چارەسەر بکرێت و رەوشی کارەبای نیشتیمانیی ئاسایی ببێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوەی نەخۆشی تای خوێنبەربونی لە شاری دهۆک راگەیاند، توشبوەکە تەمەنی 47 ساڵە و پیشەی شوانییە.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، نەخۆشەکە پیاوێکی تەمەن 47 ساڵە و دانیشتوی گوندی (دووگرێ)یە لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، توشبوەکە پیشەی شوانە و بەرکەوتەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبودا هەبووە، دوای چەندینجار سەردانیکردنی نەخۆشخانەکانی ناوچەکەی خۆی، دواجار روی لە شاری دهۆک کردووە و لەوێ لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە گومانی لێکراوە و دوای پشکنینەکان، تووشبوونی بە رەسمی پشتڕاستکراوەتەوە.
تەندروستی هەرێم دەڵێت؛ لە ئێستادا نەخۆشەکە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە لە دهۆک و چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان باری تەندروستی ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان و بەخێوکەرانی ئاژەڵیش دەکات لە کاتی بەدیکردنی هەر نیشانەیەکی گومانئاوی لەسەر ئاژەڵەکانیان، دەستبەجێ تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
جێی باسە ئەمە یەکەم حاڵەتی رەسمی و پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوونە، کە لەمساڵدا لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار بکرێت، دوای ئەوەی سەرجەم حاڵەتە گومانلێکراوەکانی رابردوو پشکنینەکانیان نەرێنی بووە.
بۆ جاری دووەم و بەچاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی لەرۆژانی 6 و 7 ى حوزەیرانی 2026 لەهۆڵى فاوندەیشن لەکارگەى کلتورى لەسلێمانی دەبەسترێت.
کۆڕبەندی ئەمساڵ کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان کۆدەکاتەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی خاوەن ئابورى بەهێزی جیهان بۆ دیالۆگ لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی پڕ گۆڕانکارى جیۆپۆلیتیکیدا تێپەڕدەبێت.
لەمیانی کارەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى دا، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی (یۆنان،تورکیا، بولگاریا، رۆمانیا، جۆرجیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا و فەرەنسا) گفتوگۆى چڕ دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی و ووزە، گواستنەوەى سەوز، گەشەپێدانی ئابورى و دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لەلایەک و پرسەکانی حکومڕانی و هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەکی ترەوە.
لەکاتێکدا جیهان لەسەرووبەندی دووبارە بوژاندنەوەدایە بەتایبەت لەدواى کێشمەکێشەکانی جیهان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى، پەرۆشی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت لە پشتیوانیی ئەنجامدانی گفتوگۆى بنیاتنەرانە و توندکردنەوەى پەیوەندییە ستراتیژیەکانی نێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا و داڕشتنەوەى سیاسەتە ئابورییەکان.
لەئامێزگرتنی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی بۆ ساڵى دووەم، پێگەى سلێمانی لەسەر نەخشەى ووزەى جیهان جێگیر دەکات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی سیاسەتی ئابورى و گەشەپێدانی لە رەوشی دژوار و ناسەقامگیرەکانیشدا.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، وەفدێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ پرسی نەوت و بودجە سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و باسم محەمەد وەزیری نەوت کۆببێتەوە.
محەمەد عەبدولرەحمان، پەیامنێری کوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە رایگەیاند، وەفدەکەی حکومەتی هەرێم لە د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، عەبدولحەکیم خەسرەو ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون پێکهاتوون.
هەروەها نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی نەوتی یاوەری وەفدەکەی هەرێم دەکەن بۆ چونە بەغداد، کە پرسی سەرەکی نەوت و بودجەیە و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و باسم محەمەد وەزیری نەوت کۆدەبنەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز زانیویەتی؛ لە ئێستادا وەفەدەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە و کەمێکی دیکە بەرەو بەغداد بەڕێدەکەونو چەند رۆژێک لە بەغداد دەمێننەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە تۆم باراک دەکات بۆ ئەرکە نوێیەکەی لە عیراق.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی؛ بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری عیراق، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز تۆم باراک دەکەین.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەگەڵ بەڕێزیان لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عیراق و ناوچەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی سەبارەت بە رادەستکردنی چەکی 'عەسائیبی ئەهلی حەق' بڵاوکردەوە و تێیداهاتووە: زۆر سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئەو هەڵوێستەی برام شێخ قەیس خەزعەلی لەپێناو پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی قەوارەی دەوڵەتی عیراق و دامەزراوەکانی.
دەقی پەیامەکە
زۆر سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئەو هەڵوێستەی برام شێخ قەیس خەزعەلی لەپێناو پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی قەوارەی دەوڵەتی عیراق و دامەزراوەکانی.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەم جۆرە هەڵوێستە بەرپرسیارانە، ئازایانە و نیشتمانپەروەریانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و قووڵکردنەوەی متمانە لەنێوان عیراقییەکاندا، هەروەها هەنگاوێکی گرنگن بەرەو بەدیهێنانی ئاواتە هاوبەشەکانمان بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژێکی سەقامگیرتر، ئارامتر و گەشەسەندووتر بۆ وڵاتەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند کە لە مزگەوت و گەراجی مزگەوتدا دزییان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر، دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون کە لەناو گەراجی 'مزگەوتی جەلیل خەیات' و مزگەوتێکی شاری هەولێر دزییان کردووە.
پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: تۆمەتباری یەکەم هەستابوو بە دزیکردن لەناو حەوت ئوتۆمبێل لە گەراجی مزگەوتەکەدا، تۆمەتباری دووەمیش لەناو مزگەوتێکی شاری هەولێردا دزی کردبوو، هەروەها تۆمەتباران راگیراون و پەڕاوی یاساییان بۆ رێکخراوە.
رێکخراوی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیست، بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بەبۆنەی 51ەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، و تێیدا ستایشی رۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال کرد.
لە بەیاننامەکدا کە لە لایەن شانتال کامبیوا، رێکخەری گشتیی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیستەوە واژۆ کراوە، هاتووە: بەناوی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیستەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین بەبۆنەی 51ەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردوە، لە کاتی دامەزراندنییەوە لە یەکی حوزەیرانی 1975، یەکێتی وەک مەشخەڵێکی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد ماوەتەوە، ئەو بەهایانەی کە لە سەروو هەمووانەوە لە لایەن دامەزرێنەری کۆچکردوو و سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، مام جەلال تاڵەبانییەوە بەرجەستە کرابوون.
بەیاننامەکە تیشکی خستووەتە سەر کار و خزمەتە گرنگەکانی مام جەلال لە پۆستی جێگری سەرۆکی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیستدا، کە بووە هۆی توندوتۆڵکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو ڕێکخراوەکە، و جەختیشی کردووەتەوە کە میراتی مێژوویی ئەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لە کۆتایی بروسکەکەدا هاتووە: هیوای بەردەوامیی هێز و سەرکەوتن بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلی کورد لە ساڵانی داهاتوودا دەخوازین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عيراق کۆبووەوەو رایگەیاند، ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا. جێگری سەرۆکوەزیران گەشبینی خۆی دەربڕی لەگەڵ حکومەتی نوێی عيراق بتوانن کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بە تایبەتیش کێشە بودجە و موچە بە یەکجاری چارەسەر بکەن.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و رایگەیاند ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە کە خزمەتی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بکات.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە ئاراستەی سەرجەم شۆفێران دەکات سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی کامێراکانی چاودێری خێرایی و کاراکردنی چەند کامێرایەکی نوێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی رەسمی هاتووچۆی سلێمانی، گۆڕانکاری و کاراکردنی کامێراکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
لە رێکەوتی 2026/6/7 (ڕۆژی یەکشەممە) کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ – Point to Point) لەسەر رێگای (کەلار – کفری) و بەپێچەوانەوە، بەشێوەیەکی رەمی دەکەونە کار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن، لە هەمان رۆژ و کاتژمێردا، ئەو کامێرایانەی پێشتر لە رێگاکانی دەرەوەی شار بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ) کاریان دەکرد، بەشێکیان دەگۆڕدرێن بۆ سیستەمی (یەک خاڵ – One Point) بەم شێوەیە:
کامێرای یەکەم و کۆتایی ئەم ڕێگایانە (و بە پێچەوانەشەوە):
تاسڵوجە – دوکان
تاسڵوجە – چەمچەماڵ
هوانە – وارماوە
عەربەت – پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن
کەلار – کفری
کامێراکانی تر کە دەبنە یەک خاڵ:
کامێرای رێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ (ناو تەکیە).
کامێرای ناو قەزای چەمچەماڵ (بەهەردوو ئاڕاستەکە).
کامێرای عەربەت – هەڵەبجەی شەهید (بەردەم گوندی گرێزە).
کامێرای ناو عەربەت (بە هەردوو ئاڕاستەکە).
هاتووچۆی سلێمانی رونیشی کردەوە: لە ئێستادا لەسەر رێگاکانی (تاسڵوجە ـ دووکان) و (تاسڵوجە ـ چەمچەماڵ)، سەرجەم هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک جێگیرکراون و کاریان پێدەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات کە پابەندی خێراییە دیاریکراوەکان بن و لە سەرکێشی دووربکەونەوە، تاوەکو هەم لە لێپرسینەوەی یاسایی بەدوور بن و هەمیش خۆیان و سەرنشینەکانیان لە روداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ بپارێزن.
وەفدێکی کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد و تاجەگوڵی رێز و وەفای لەسەر مەزارەکە دانا.
بە بۆنەی 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدێکی هاوڕێی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال-یان کرد و تاجەگوڵی رێز و وەفایان لەسەر مەزارەکە دانا.
لە سەردانەکەدا، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و وەفدی هاوڕێی، رێزی خۆیان بۆ خەباتی سەرۆک مام جەلال دەربڕی و رۆڵ و کاریگەریی سەرۆک مام جەلال-یان لە گەشەسەندنی ئاشتییانەی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرزنرخاند.
لە سەردانەکەدا، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و وەفدی هاوڕێی، جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عیراق کردەوە
قائیمقامیەتی قەزای سلێمانی رایگەیاند کە پشکی غازی هاتووە بۆ شاری سلێمانی بە شێوازێکی یەکسان بەسەر کارگەکاندا دابەش دەکرێت و لەژێر چاودێری چڕی لیژنە هاوبەشەکاندا دەگەیەنرێتە دەستی هاوڵاتیان، هاوکات پلانێکیش بۆ خەزنکردنی غاز بۆ وەرزی زستان جێبەجێ دەکرێت.
فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی لیژنەی باڵا و لیژنەی غازی سەر بە لیژنە هاوبەشەکان، لەگەڵ خاوەن کارگەکانی غاز کۆبووەوە بۆ تاوتێکردنی چۆنێتی وەرگرتن و دابەشکردنی پشکی غازی سلێمانی بەپێی پلانێکی تۆکمە.
لەم بارەیەوە، وەرزێر عەبدوڵا، نوێنەری کارگەکانی غازی سلێمانی رایگەیاند: ئەو بڕە غازەی ئێستا دێتە شاری سلێمانییەوە بەشی پێویست دەکات و کێشەی کەمبوونی غازمان نەماوە، سوپاسی هاوکارییەکانی قائیمقامیەت و لیژنە هاوبەشەکانیشی کرد بۆ ێکخستنەوەی پرۆسەکە.
نوێنەری کارگەکان ئاماژەی بەوەش کرد: پلانمان داناوە لە وەرزی هاویندا کە داواکاری لەسەر غازی ماڵان کەمترە، بڕێکی زۆر غاز لە کۆگاکاندا هەڵبگرین، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا بدرێت بە هاوڵاتیان و چیدی کێشەی کەمبوونی غاز دروست نەبێتەوە.

جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، لەكاتی مەشق و راهێناندا لە بنكەیەكی سەربازیی لە سنوری هەولێر، روداوێك رویداوە و بەهۆیەوە سەربازێكی سوپای بەریتانیا گیانیلەدەستداوە، وتیشی، خێزانی ئەو سەربازە ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام وردەكاری زیاتری نەخستەڕوو.
سوپای ئەمریكاش لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەربازێكی وڵاتەكەی لەكاتی مەشق و راهێناندا لە بنكەیەكی سەربازیی لە سنوری هەولێر گیانی لەدەستداوە.
راشیگەیاند، ئەو مەشق و راهێنانە لەگەڵ سوپای بەریتانیا بە هاوبەشی ئەنجامدراوە، كە ئەوانیش سەربازێكیان گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری كوردسات نیوزیش رایگەیاند، گیانلەدەستدانی ئەو دوو سەربازەی بەریتانیا و ئەمریكا لە بنكەی سەربازیی هەریر بووە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا، چەند پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە پێگەی سیاسیی یەکێتی، پەیوەندییە هەرێمییەکان و کارنامەی ئاییندەی حوکمرانی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکادا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند کە: مێژوی حزبەکە زێڕینە، بەڵام دەبێت داهاتوی جوانتر بێت، و جەختیشی کردەوە کە هیچ لایەنێکی سیاسی هێندەی یەکێتی قوربانیی نەداوە.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە: لە ئێستادا هەموو لایەنەکان گوێ لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرن، چونکە یەکێتی گرفتەکان چارەسەر دەکات، وتیشی: وڵاتانی دراوسێ متمانەی تەواویان بە یەکێتی بزووتنەوەکەمان هەیە.
لە پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە توانیویانە بە رێککەوتن لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاری سلێمانی ئارام بکەنەوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند کە: لە ماوەی داهاتوودا پەیامێکی تایبەت لەبارەی کارنامەی ئاییندەی چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 51 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دووپات دەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عیراق.
دەقی پەیامەکە...
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لەم دۆخە سەختە ئابووری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دووپات دەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.
دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا، یەکڕیزیی عیراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عیراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە.
هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عیراقییەکان تێکدەدەن.
لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگرین، کە دیدگای بۆ پێکەوەژیان، دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام رێنیشاندەری رێگەکەمانە.
بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جددی کار بکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عیراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دووپات دەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عیراق.
هەر شاد و سەرکەوتووبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بە بۆنەی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، فەرماندەیی هێزەکانی70 ـی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ لەم یادە پڕ شکۆیەدا بەڵێنی وەفاداری و مانەوە لەسەر رێبازی شەهیدان و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان دوپات دەکاتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، یەکێتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاش وەکو کاریگەرترین هێزی سیاسی بەردەوامە لە خەبات و خزمەت و بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوە ژیانی مافی نەتەوەکان و خزمەت کردن بە خاک و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .
دەقی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی هێزەکانی70
ئەمڕۆ ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی بەڕێز فەرماندەی هێزەکانی٧٠ و ئەفسەرانی باڵای هێزەکانی٧٠ بۆ ڕێزگرتن لە یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی مەزاری سەرۆک ″مام جەلال″یان کرد بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
ئامادەبوان بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی سەرۆک ″مام جەلال″ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و دانانی تاجە گوڵینەی هێزەکانی٧٠ لە لایەن بەڕێز فەرماندەی هێزەکانی ٧٠وە لەسەر مەزاری سەرۆک مام جەلال .
لەپاش دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وهەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و لە دوای تێکۆشانێکی زۆر لە خەباتی شاخ و قوربانیدان و دوای ١٦ساڵی دامەزراندنی بێوچان لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بە هەوڵ و دانایی و تێکۆشان و ڕابەرایەتی سەرۆک ″مام جەلال″ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەیشتە قۆناغی ڕزگاری و سەرفرازی خاک و گەلی کوردستان هەر لەو کاتە بەدواوە زەمینەی بیناکردنی ئەزمونی دیموکراتی و حکومی فیدراڵی هەرێمی کوردستانی لە دەستوری عێراقی فیدراڵ چەسپاند و تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆش وەکو کاریگەرترین هێزی سیاسی بەردەوامە لە خەبات و خزمەت و بەدیهێنانی ئاشتی وپێکەوە ژیانی مافی نەتەوەکان و خزمەت کردن بە خاک و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .
لەم یادە پڕ شکۆیەدا فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ بەڵێنی وەفاداری و مانەوە لەسەر ڕێبازی شەهیدان و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان دووپات کردەوە .
دوبارە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرزو پیرۆزبێت .
فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠
١ی حوزەیران ٢٠٢٦