ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تەممووزی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و تیمی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری کرد، کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کردبوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە رۆڵی باڵای کونسوڵی گشتی و راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیای لە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند و رایگەیاند: سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ حکومەت و سوپای ئەڵمانیا هەیە بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان، ئەلبرێشت لە ماوەی ئەرکەکەیدا زۆر دڵسۆزانە هەوڵی داوە بۆ بەرەوپێشچوون و بەردەوامیی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانمان، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە ئەرکی نوێیدا و دڵنیاین کە هەمیشە وەک دۆستێکی راستەقینەی گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا باسی لە رۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ تێکشکاندنی داعش لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و رایگەیاند: سوپاسگوزارین بۆ ئەو هاوبەشییە بەردەوامەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای ئەڵمانیا، کار و ئەولەویەتی هەرە باڵای ئێمە سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە و هیواخوازین لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوانمان فراوانتر و بەهێزتر بکرێن.