نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی ناکۆکییەکی سادە لەسەر "سەگێک" لە گوندی دووسەرەی ناحیەی شەمامکی سەر بە هەولێر، هاووڵاتییەک کوژرا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز:، "ئیسماعیل قساب" دوای دەمەقاڵێیەک لەگەڵ دراوسێکەی کە پێشتر سەگی خێزانەکەیانی بردبوو، بە فیشەک کوژرا.
شایەتحاڵەکان دەگێڕنەوە کە شەوی پێشتر، بکوژەکە بەبێ ئاگاداری بنەماڵەی "ئیسماعیل" سەگەکەیانی بردووە. کاتێک "ئیسماعیل" بەیانی سەگەکەی خۆیانی هێناوەتەوە، ناکۆکی لەنێوانیان دروست بووە و دواتر پەرەی سەندوە.
لە پاش تەقەکردن و بریندارکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوا کرا، بەڵام بەهۆی قورسی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
وێنەی ئیسماعیل قەساب کە لەلایەن دراوسێیەکیانەوە کوژرا
بافڵ تاڵەبانی بەشداری لە پرسەی بەڵێن ساڵحدا کرد و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بەشداری لە پرسەی بەڵێن ئەحمەد ساڵح رۆژمامەنووس و برای دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عیراقدا کرد.
بافڵ تاڵەبانی لە نزیکەوە پرسە و سەرەخۆشی گەیاندە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح و کەسوکار و خانەوادەکەیان، هیواشی خواست، ئەم ماتەمە دواخەم و ناخۆشیان بێت.
نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە بۆ مانگی سێ لە هەولێر دیاری کرا و بەپێی کارکردنی موەلیدە لە گەڕەکەکاندا نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان سێ هەزار بۆ 12 هەزار و 500 دیناردایە.
خۆران خۆرانی سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سنوری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بۆ مانگی رابردوو نرخی موەلیدە بەپێی نرخی گازوایل لە بازاڕەکاندا بۆناو شاری هەولێر دیاری کراوە و بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو نرخەکەی لە دەرەویە شارەکانیدا دیاری بکرێت.
ئەوەش هاتووە، مانگی رابردوو موەلیدەکان رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی حەوت سەعات و نیو کاریان کردووە و نرخی یەک لیتر گازوایل بە 530 دینار دیاری کراوە، بەوەش بۆ هەر کاتژمێرێک 43 دینار و نیو دەکەوێت.
نرخی موەلیدەکان بەم جۆرەیە:
-نرخی یەک ئەمپێر لەناو شاری هەولێر لەنێوان سێ هەزار بۆ 12 هەزار و 500 دیناردایە، ئەوەش بەپێی کاتژمێرەکانی کارکردنی موەلیدە لە گەڕەکەکاندا دەگۆڕێت.
- نرخی یەک ئەمپێر لە ناوبازاڕی شاری هەولێر لەنێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزار و 500 دیناردایە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بە هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغآزدا دەکەن بەمەبەستی ئەوەی هاوینی ئەمساڵ پێدانی کارەباینیشتمانی بە هاووڵاتیان زیاتر بکەن.
لە راگەیەنراوێکی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەزی هاوینی ئەمساڵ، کۆمپانیای دانە غاز هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سازدانەوە و چاکسازی لە کێڵگەی کۆڕمۆر.
ئەوەش هاتووە، "ئەم پرۆسەیە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە دەستپێدەکات و ماوەی سێ هەفتە دەخایەنێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەریەک لە وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای دانە غاز هەماهەنگی نزیکیان دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت.
ئەوەش خراوەتە روو، چاوەڕواندەکرێت لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیەوە ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم لەژێر ناوی پرۆژەی رووناکیدا دەستی کردووە بە گۆڕینی سیستمی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەشیوەی 24 کاتژمێری و دەڵێت، دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتبێتەوە.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.1٪ زیاتر بووە.
هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمساڵ سێ هەزار و 90 سەرئاژەڵی گەورە و بچووک بۆ جەژنی رەمەزان سەربڕدراون، لەکاتێکدا بۆ جەژنی رەمەزانی پار دوو هەزار و 681 سەرئاژەڵ سەربڕدرابوون.
ئەوەشی خستە روو، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ جەژنی نەورۆز و رەمەزان لەیەک کاتدا بوو و کاتەکانیان لەیەکەوە نزیک بوو، بۆیە خواست لەسەر گۆشتی سور زیاتر بوو.
وتیشی، بەزۆری ئاژەڵی گەورە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئاژەڵی بچووک رێژەی 90٪یان ئاژەڵی خۆماڵین، هەردووکیشیان بەر لە سەربڕین و دوای سەربڕینیش پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەبێت شیاو بن بۆ خواردن.
وتیشی، ئەگەر ئاژەڵێک بەر لە سەربڕین لە پشكنین دەرنەچێت، دەبێت یان چارەسەر وەربگرێت یان ئەگەر بەکەڵک هات وەچەی لێوەربگیرێت، بەڵام کەسانێک هەن دوای دەرنەچوونی لە پشکنین و گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنەکەی لە دەرەوە بەسەر خەڵکدا ساغی دەکەنەوە.
روونیشیکردەوە، ئەگەر ئاژەڵێک لەدوای سەربڕین گۆشتەکەی لە پشکنین دەرنەچێت، ئەوا لە پلەی گەرمی هەزار و 200 پلەدا گۆشتەکە دەسوتێنرێت و لەناو دەبرێت.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان بەگشتى نیمچەهەور دەبێت و خێراى با کەمێک زیاد دەکات و هەندێک جار دەگاتە 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ هەینی، ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی دادەبەزن و سبەینێش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 22پلەی سیلیزی
دهۆک: 22 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
سۆران: 23 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان:28 پلەی سیلیزی
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ناوی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بڵاوکردەوە کە سودمەند دەبن لە زەوی نیشتەجێبون لە هەرێم.
بەپێی ئەو لیستانەی کە وەزارەت بڵاوی کردونەتەوە، لە کۆی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شەش هەزار و 118 فەرمانبەر سودمەند دەبن لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، کە لە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئێستا ناوی سەرجەم سودمەندان بڵاودەکرێتەوە.
هەروەها رونیکردوەتەوە، کە کارتی زانیاری بوەتە بنەما بۆ دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر سنوری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، و سەرجەم فۆڕمەکان لە دیوانی وەزارەتەوە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراون.
وەزارەت رایگەیاند، کە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە ئەنجومەنی وەزیران، لیستەکان و فۆڕمەکان بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست ئاراستەی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان دەکرێن لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ کۆمەڵێک بەستەری تایبەتی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن ناوی سوودمەندانی هەر پارێزگایەک و ئیدارەیەکی سەربەخۆ ببینن، لەوانە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بۆ بینین و دڵنیابوون لە ناوەکانی سوودمەندان باشترە بە لاپتۆپ یان دیسکتۆپ سەیر بکرێن.
بۆ بینینى ناوى سودمەندان بەپێى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کلیک لەم لینکانە بکە:
هەولێر
https://docs.google.com/.../1Bu2HNGL8Xe.../edit...
سلێمانى
https://docs.google.com/.../1jO8Ydk_eR4OV2JEzF.../edit...
دهۆک
https://docs.google.com/.../1S.../edit...
هەڵەبجە
https://docs.google.com/.../13PzaF90bLUv.../edit...
گەرمیان
https://docs.google.com/.../1GRyJKgfM7d.../edit...
سۆران
https://docs.google.com/.../1CxpztRFly.../edit...
ڕاپەڕین
https://docs.google.com/.../14Gp-dqNkb.../edit...
زاخۆ
https://docs.google.com/.../1qlhCWneVFQiWhAntBg0d.../edit...
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو موچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی ئادار دابەشبكرێت كە بەهۆی نەبوونی پارە دواكەوتبوو.
د.كاروخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تایبەت بە موچەی مانگی ئاداری مامۆستایانی گرێبەست، لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم گفتوگۆی كردووە و بەڵێنی لێوەرگرتووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی ئاداری مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەكرێت.
وتیشی، بەهۆی كێشەی تەكنیكی و نەبوونی پارەی نەختینە لە بانكەكاندا، دابەشكردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست دواكەوتووە بۆ دوای پشوەكانی جەژن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، بڕیاربوو پێش جەژنی رەمەزان موچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشبكرێت.
لە گوندی خەردس لە ئاکرێ لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 200 سەر بزن مرداربوونەتەوە و زیانی زیاتر لە 40 هەزار دۆلاری هەبووە.
ڤێتەرنەری ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەو بزنانەی کە لە گوندی خەردس لە ئاکرێ مرداربوونەتەوە بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکان بەهۆی ڤایروسێکەوە بووە کە پێی دەلێن (تەپەکی).
یەکێک لەو کەسانەی کە خاوەنی ژمارەیەک لەو بزنانەیە کە مرداربونەتەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "زیاتر لە 40 هەزار دۆلار زیانمان کردووە و داوادەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبومان بکاتەوە".
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماری سێ رۆژەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە سەرکەوتویی پلانە ئەمنییەکان و ژمارەی گەشتیارانی هاتو بۆ پارێزگاکە کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو ئامادەکاری و پلانانەی کە بۆ سێ رۆژی جەژنی رەمەزان لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر داڕێژرابوون، بەتەواوی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛ لە بواری گەشتوگوزاردا، لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست لە بازگەکان و بنکە گەشتیارییەکان پێکهێنرابون، ژمارەی ئەو گەشتیارانەش، کە تەنها لە رۆژانی پشوی جەژندا سەردانی هەولێریان کردوە، 76 هەزار و 654گەشتیار بون.
لە بواری ئەمنیشدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی پۆلیس لە ئامادەباشی تەواودا بوون و پلانەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێکراون. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی سێ رۆژی جەژندا 28 تاوان تۆمارکراوە و هەموویان ئاشکرا کراون.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریش ئاماژەی بەوە کردوە، بەهۆی پابەندنەبونی شوفێران بە رێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، 4 روداوی هاتوچۆ رویانداوە کە لە ئەنجامیاندا 12 کەس بریندار بوون.
تیمەکانی بەرگری شارستانی لە 9 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەدا هەڵسوکەوتیان کردوە کە خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
لە بواری تەندروستیدا، لە سێ رۆژی جەژندا 5 هەزار و 874 هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێریان کردوە. هەروەها 119 منداڵ لە دایک بوون، 71 کوڕ و48 کچ، و669 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە لەگەڵ 620 حاڵەتی شوشتنی گورچیلە.
تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیش لە رۆژانی جەژندا 6 هەزار و 956 تۆن زبڵ و پاشماوەیان لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکردۆتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، نوسینگەی پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە کە وەک هەمیشە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان.
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، پاش پشوەکانی جەژن، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای دانوستانی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرەوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد، کە لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان رێککەوتن کراوە و چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لەسەر کۆی بڕگەکانی پێکهێنانی حکومەت بگەنە رێککەوتن.
هەروەها وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە، کە وەک یەکێتی بەلایانەوە گرنگە لە زوترین کاتدا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبهێندرێت.
شایەنی باسە، هەردوولا لە ماوەی رابردوودا، چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و چاوەڕوان دەکرێت، پاش تەواوبوونی پشوەکانی جەژن دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم خێراتر بکرێت.
ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە پەتایەکی قورس لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و نیشانەکانی قورسن و بە گشتی منداڵان لە سەرجەم تەمەنەکاندا دەگرێتەوە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیش باس لە نیشانە و چارەسەرەکانی دەکات.
بەختیار قادر پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی فێرکاری لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا بەهۆی وەرز گۆڕینەوە کەش دەگۆڕێت و چەندین جۆری ڤایرۆس و بەکتریا چالاک دەبن و دەبنە هۆی ژەهراویبوونی چەندین خۆراک، هەر بۆیە پەتا لەم وەرزانەدا بڵاو دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەم پەتایە جیادەکاتەوە ئەوەیە نیشانەکانی قورسترن، کە رۆژانە نزیکەی 750 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکات، نزیکەی 500یان توشی ئەم پەتایە بوون.
وتیشی، نیشانەکانی پەتاکە قورسن و لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، کە منداڵ نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکەی قورسی هەیە و دواتر لێیدەکات بە سکچوون و رشانەوە، پەتاکە هەردوو کۆئەندامی هەرس و هەناسە دەگرێتەوە.
منداڵانی خوار دوو ساڵ نیشانەکانیان بە قورسی تێدا دەردەکەوێت
باسی لەوەشکرد، بەگشتی منداڵانی خوار دوو ساڵ و بەتایبەتیش خوار شەش مانگ زۆر بە قورسی پەتاکە دەگرن و سەرجەم نیشانەکانیان هەیە و کۆکەیان زیاترە، بەڵام لە سەروو دوو ساڵەوە زیاتر نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکە و هەوکردنی سنگیان هەیە و لە ١١ و ١٢ ساڵ بەرەو سەریش زیاتر سکچوون و رشانەوە دەگرن.
ئەو پزیشکە داواش لە دایک و باوکان دەکات، ئەگەر نیشانەکانیان لە منداڵەکانیاندا بەدیکرد نەیانبەنە لای یاریدەدەرە پزیشکییەکانی گەڕەکەکان بەڵکو پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیانبینێت، بەتایبەت پێدانی دەرمانی دژە میکرۆب بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ زیانی زۆر بە منداڵەکە دەگەیەنێت لەبری ئەوەی چاکی بکاتەوە.
رێنمایی بۆ دایک و باوکان
دکتۆر بەختیار قادر رێنمایی دایک و باوکان دەکات بەوەی ئەگەر منداڵەکانیان نیشانەی توندی پەتاکەی نەبوو لەدوای بینینی پزیشك و وەرگرتنی دەرمان، لە ماڵەوە چارەسەریان بۆ بکەن زۆر باشترە لەوەی لە نەخۆشخانە بن.
دەشڵێت: لە ماڵەوە دەرمانەکانیان لەکاتی گونجاودا بدەنێ و شۆربایان بۆ بکەن، هەروەها ئەو موغەزیانەی دەگیرێنەوە بیدەن بە منداڵەکانیان باشترە لەوەی لە نەخۆشخانە بن و ئاویان بۆ هەڵبواسن.
ئەو پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر منداڵ موغەزی نەخواردەوە، ئەوا دایک و باوکان خۆیان بۆیان ئامادە بکەن، کوپێک ئاو بهێنن و بەهێندەی کەوچکێکی چا خوێ و شەکری تێبکەن و بیدەن بە منداڵەکانیان، یانیش شۆربای جیاوازیان بۆ دروست بکەن".
باسی لەوەشکرد، لەو کاتانەدا ئاو بەتەنیا منداڵەکە زیاتر وشک دەکاتەوە و توشی سکئێشە و سەرگێژخواردنی دەکات، بۆیە پێویستە ئاو بە خوێ و شەکرەوە بیاندرێتێ یان ماستاویان بدرێتێ.
لەکۆتاییدا روونیشیکردەوە، پێویستە دایک و باوکەکان بەلایانەوە ئاسایی بێت کاتێک دەرمانەکانیش دەدەن بە منداڵ بەڵام هێشتا توشی تا دەبێتەوە و نیشانەکانی هەیە ئەگەر زۆر توند نەبێت، چونکە بە گشتی پێنج رۆژی دەوێت بۆ چاکبوونەوە، بۆیە لەو ماوەیەدا پێویستە دەرمانەکانی بە رێکوپێکی پێبدەن و چاودێری بکەن تاوەکو پەتاکە تێدەپەڕێنێت.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان راگەیەنراوێکی لەبارەی بەکارهێنانی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکانەوە بڵاوکردەوە و بە ریش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکانیش دەڵێت، ئەگەرچی کارێکی پیرۆزە، بەڵام بەمەبەستی کەمبوونەوەی، سوڵح بۆ ئەو تاوانبارانە مەکەن کە بە چەقۆ و ئامێرە بریندارکەر و شەڕکەرەکان تاوان ئەنجام دەدەن.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان رایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چارەسەری گشتگیر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لەسەر شەڕکردن بە چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان کە زۆرجار کوشتنی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لەنێوان هەرزەکاراندا، چەند خاڵێکیان وەک کرۆکی چارەسەر داناوە.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەڵێت، پێویستە دامودەزگا حکومی و دادوەرییەکان رێوشوێنی توند پەیڕەو بکەن بەوەی سزای توند دابنێن بۆ هەڵگرتنی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان و کارئاسانیان بۆ نەکەن، لایەنە ئەمنییەکانیش چاودێری زیاتری فرۆشگەکان بکەن و فرۆشتنی ئەو جۆرە کەرستانە بە تەواوی قەدەغە بکەن کە بۆ شەڕ بەکاردەهێنرێت لەلایەن هەرزەکارانەوە.
ئەوەش هاتووە، ئەگەرچی کاری چاکەخوازی و سوڵح و لێبوردن و ئاشکردنەوە پیرۆزن، بەڵام لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا و بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو رووداوانە، پێویستە ریش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان کەمتر داوا لە کەسوکاری قوربانییەکان بکەن بۆ لێخۆشبوون لە تاوانبارەکان.
داواش دەکات، چەند وتارێکی هەینی تایبەت بکرێت بە بابەتی پەروەردەی منداڵ و مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان، هەروەها قێزەونکردنی تاوانی کوشتن.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بە رێکخراوە مەدەنی و چالاکوان و پەروەردەکارەکانیش دەڵێت، گرنگە سیمینار و وۆرکشۆپ و چالاکی جیاواز بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەنجام بدەن.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و بارانبارین بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بەگشـتى هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بەردەوامی دابارینی تاوەباران و بروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت و پاشان بۆ کاتەکانی ئێوارە کەش سەقامگیر دەبێتەوە و ئاسمان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت تەنها لە بەشی باکور و باکوری رۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆک کاریگەری شەپۆلەکە تا درەنگانی شەو دەمێنێت.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ هەندێک کات خێرایی با چالاک دەبێت و دەگاتە سەروو ٣٥ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، پلەکانی گەرماش 2 بۆ 3 پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسی راشیگەیاندووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری نمەباران هەیە لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکاندا، هەروەها پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی دیکە نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 23پلەی سیلیزی
دهۆک : 21 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 27 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی
سۆران : 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان :30 پلەی سیلیزی
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئامارە نارەسمییەکان سێ هەزار و 900 حاڵەتی ئۆتیزم لە هەرێم تۆمار کراون. دەشڵێت، لە 90 منداڵ لە هەرێم کە لەدایک دەبن، یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە.
کەمال جەباری سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان رایگەیاند، سێ هەزار و 900 حاڵەتی ئۆتیزم لە هەرێم تۆمار کراون، کە پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی تێدایە.
وتیشی، بەپێی پارێزگاکان حاڵەتەکان بەم جۆرەیە: هەولێر هەزار و 350 حاڵەت، سلێمانی و هەڵەبجە 950 حاڵەت، دهۆک 90 حاڵەت، زاخۆ 350 حاڵەت، گەرمیان 350 حاڵەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2008 دا لە 150 منداڵ یەکێکیان حاڵەتی ئۆتیزمی هەبووە، بەڵام ئێستا لە 90 منداڵ یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە. ئەگەر رێکاری گونجاویش نەگیرێتە بەر، لە داهاتوودا حاڵەتەکە بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
کەمال جەباری راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا 50 خێزان بەهۆی منداڵی ئۆتیزم و گرفتەکانی پەیوەست بە سەختی حاڵەتەکەوە، وەک هەژاری و سەختی دۆخی ژیان و نەبوونی سەنتەری راهێنان هەڵوەشاونەتەوە، هەروەها 40٪ی خێزانەکان بەدەست هەژاری و کرێچێتییەوە دەناڵێنن، 80٪ی دایک و باوکانیش رووبەڕووی نالەباری دۆخی دەروونی بوونەتەوە و دەرمان بەکاردەهێنن.
باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی سەنتەری گونجاوەوە تەنها 12٪ی حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە سەنتەرە حکومییەکان سودمەندن، هەروەها تەنها 11٪یان شایستەی دارایی بە بڕی 150 هەزار دیناری مانگانەیان هەیە.
ئەمڕۆ 2ی نیسان، رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزمە، لە هەرێمی کوردستانیش کەمی سەنتەری حکومی و پاڵپشتی نەکردنی خێزانەکان لە رووی ماددی و ئاسانکردنی دۆخی خێزانەکان لە رووی شێوەی ژیان و پەروەردەی تایبەت، ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە بەدەست دۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن، چونکە بە گشتی حاڵەتەکانی ئۆتیزم پێویستیان بە پەروەردەی تایبەت و راهێنان و لە حاڵەتە توندەکاندا بەکارهێنانی دەرمان و چاودێری بەردەوامی پزیشک هەیە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو كەسەی لەسەر هێرشەكەی جەژنی ئەكیتۆ لە دهۆك دەستگیركراوە، سەر بە داعش بووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، رۆژی سێ شەممە لەكاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی جەژنی رەمەزان و جەژنی ئەكیتۆ لە دهۆك كەسێكی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش بە ئامێرێكی تیژەوە هێرشیكردە سەر هاووڵاتییان و دوو كەسی بریندار كرد.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانی ئاسایش توانیویانە دەستبەجێ كەسی هێرشبەر دەستگیر بكەن كە خەڵكی سوریایە، لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بەردەوامە و لە دوای كۆتاییهاتنی، ئەنجامەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەن.
ئەوە لە كاتیێكدایە كە لە ئەنجامی هێرشەكەدا بەسەر بەشداربووانی جەژنی ئەكیتۆ، ژنێكی بە تەمەن و گەنجێك بریندار بوون، لەو بارەیەوە تەندروستی دهۆك دەڵێت، برینەكانیان سوك بووە و چارەسەریان بۆ كراوە.