قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت
محەمەد رزگار
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ کۆبووەوە، ئەمڕۆ لە سەردانێکی مەیدانیی و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکەی کرد.
قوباد تاڵەبانی لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵ سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەکە رایگەیاند، دانیشتووانی چەمچەماڵ و تەکیە و ئاغجەلەر و گوندەکانی ئەو دەڤەرە ساڵانێکی زۆرە بە دەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێنن، هەربۆیە ئەم پڕۆژەیە ئەولەوییەتی ئێمەیە و بە هەر نرخێک بێت، دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی دانیشتووانی ئازیزی دەڤەرەکەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران، پشتیوانی خۆشی بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دووپات کردەوە و جەختی کردەوە هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و رێگە نادات کارکردن لە پرۆژەکەدا پەکی بکەوێت.
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بە گوژمەی 139 ملیارد دینار لە ساڵی 2024وە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا نزیکەی 50٪ کارەکانی تەواو بووە. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە جگە لەوەی کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ و تەکیە و ئاغجەلەر و ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی ناوچەکە بە یەکجاری چارەسەر دەبێت، کەرتی کشتوکاڵیش لە سنورەکە دەبووژێنێتەوە و زیاتر لە 30 گوند لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.



