بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەكات، كە نرخەكەی 104 هەزارە.
تەها جەمال، لێپرسراوی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی لەبەریوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت دەگاتە سەنتەری شاری سلێمانی بۆ هەر ماڵێك وەك ساڵانی رابردوو 200 لیتر دەبێت، نرخەكەشی بۆ هەر بەرملێك 104 هەزار دینار دەبێت.
وتیشی، ئەو نەوتەی تا ئێستا دابەش دەكرێت نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمە،
سەبارەت بە نەوتەش كەبریارە لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، لێپرسراوای دابەشكردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا بە نوسراوی رەسمییان بەدەستەگەیشتوە نازانرێت كەی دەستبەدابەشكردنی ئەو نەوتە لە هەرێم دەكرێت.
بەئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەزاران دەنگدەر و لایەنگری یەكێتی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ كەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222 لە قەڵای شێروانە لە كەلار بەڕێودەچێت.
وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیان دەربارەی کەرنەڤاڵەکەی ئەمڕۆ وتی: ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی یەكێتی بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی كەرنەڤاڵەکە دەكەن بۆ پشتیوانیی لە كاندیدەكان.
بریارە لە كەرنەڤاڵەكەدا سەرۆكی یەكێتی وتارێك پێشكەش بكات و پەیامی نوێ ئاراستەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تایبەت هاووڵاتیانی کەلار بکات.
دەرباز کۆسرەت رەسول، لە میانی سەردانەکانیدا رایگەیاندوە دۆستان وئازیزانمان دوپاتیانکردەوە هەولێرو یەکێتی دوانەیەکی دانەبڕاون، جەختیشیکردوەتەوە یەکێتی حزبی تێکۆشەران و رەنجدەرانە، دڵسۆزان و خەمخۆرانی خۆی هەرگیز لەیاد ناکات.
دەرباز کۆسرەت رەسول، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە نوسیویەتی؛ دۆستان و ئازیزانمان له شاوێس و پیرزین ئهوهیان بۆ دوپاتكردینهوه كه ههولێر و یهكێتی دوانهیهكی لێكدانهبراون.
راشیگەیاندوە؛ ئهوڕۆ بەمەبەستی بهسهركردنهوهی دڵسۆزان و ئازیزانمان له نزیكهوه بهدیداری کۆمەڵێک لە ههولێرییه رەسەنەکان شادبووین و هەمیشە پێمانوابووە کە نه یهكێتی بێ ههولێر دهتوانێ یهكێتی بێت، نه ههولێریش بێ یهكێتی دهتوانێت قهڵای كوردایهتی و ئازایهتی بێت.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ یەکێتی، هێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، حزبی تێکۆشەران و رەنجدەرانە، دڵسۆزان و خەمخۆرانی خۆی هەرگیز لەیادناکات.
لە نۆیەمین ساڵیادی شکستە گەورەکەی داعش لە کەرکوک، دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ نۆ ساڵ پێش ئێستا، شکست بە گەورەترین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر شاری کەرکوک هێنرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایدەگەیەنێت لەرۆژی ٢٠١٦/١٠/٢١ وەک کاری هەمیشەییان بۆ روبەڕووبونەوە و لەناوبردنی پیلانی تیرۆریستان، توانیان ئارامی بگەڕێننەوە بۆ کەرکوکی قودسی کوردستان.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند گرتەڤیدیۆیەکی ئەوکاتە، ئاماژەیان بەوەشکردوە هێزەکانی ئاسایش شانبەشانی سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیانی خۆبەخش، توانیان خەونی تیرۆریستان و ناحەزانی شاری کەرکوک بەتاڵ بکەنەوە.
جەختیشیانکردوەتەوە لەوەی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایش دوای روبەڕووبونەوەیەکی قورس، گیان فیدایانە خۆیان کردە قوربانی گەڕاندنەوەی ئارامی و دڵنیاییدان بە هاووڵاتیانی شاری خۆشەویستی کەرکوک.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە ئەنجامی روبەڕووبونەوە و لەناوبردنی مەرامی تیرۆریستان، توانرا ژمارەیەک خوێندکاری بەبارمتە گیراو لەلای چەکدارانی تیرۆریستی داعش رزگاربکەن و لەو پێناوەشدا بەئامانجی گەڕاندنەوەی ئارامی چوار کارمەندی هێزەکانی ئۆپراسیۆن برینداربوون.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی تورکیای کرد بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
ناوبراو راشیگەیاند، کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی سلێمانیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا بەهێزتر دەکات.
لە کۆبونەوەکەدا کباس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرا و لایخۆیەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئاستی بەشداری هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکەدا بە رێژەیەکی بەرز و بەرچاوبێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەڵبژاردنە بە تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گرنگە و ئەنجامەکەی کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد
هەسەدە رایدەگەیەنێت، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەکانیان سەرکردەیەکی مەترسیداری داعشیان لە شاری تەبقە دەستگیر کردوە، کە سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنیان بوە بەسەر شانەکانی داعشدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە؛ تیمە سەربازییەکانیان بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و تۆکمەی ئەمنییان لە شاری تەبقە ئەنجامداوە، بە مەبەستی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی مەترسیدار لە تیرۆرستانی داعش.
ئاماژەی بەوەکردوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێریکردنی جموجۆڵ و چالاکییەکانی تیرۆرستەکە بووە، کە ناوی ئەحمەد عەبدولقادر ئەلموسایان و خەڵکی شاری تەبقەیە و هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی و توانیویانە دەستگیری بکەن.
هەسەدە دەشڵێت؛ تیرۆریستەکە سەرکردەیەکی مەترسیدار بووە و سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنی کردوە بەسەر شانە تیرۆریستییەکاندا، هەروەها کارێکی دیکەی چاودێریکردنی خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانیان بووە.
لەگەڵ دەستگیرکردنی تیرۆرستەکەدا، ئەوەشیانخستوەتەڕوو هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕێک چەک و نارنجۆکییشدا گرتووە و جەختیش دەکەنەوە بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان دژی پاشماوەکانی داعش و پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ تێکدانی ئاسایش و کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکە.
قوباد تاڵەبانی رایدەگەنێت، یەکێتی جگە لەوەی دەتوانێت کێشەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات، دەشتوانێت لە هەرێم بە هێزێکی زیاترەوە باری خواری حکومڕانی راست راستبکاتەوە، هەروەها دەنگدانی خەڵکی ناڕازی بە لایەنەکانی دیکە لە رابردوودا هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی پارتی و یارمەتیدەر بوو بۆ سیاسەتی (پەرت بکە و زاڵ بە)ـی پارتی.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی ١٤ـی خەبات و ١٨ـی تۆپزاوە و ١٥ـی قوشتەپە کۆبووە و رایگەیاند، "ئەم یەکێتییەی ئێستا چەند ساڵە خۆی بە نوێنەری هەموو ئەو خەڵکە دەزانێت کە ناڕازین لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستان و دەشیانەوێت کێشەکانی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا رێژەیەکی زۆری خەڵکی ناڕازی دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە، بەڵام با ئێستا لە خۆیان بپرسن دەنگەکانیان چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان؟.
وتیشی، "دەنگدانی خەڵکی ناڕازی بە لایەنەکانی دیکە لە رابردوودا هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی پارتی و یارمەتیدەر بوو بۆ سیاسەتی (پەرت بکە و زاڵ بە)ـی پارتی".
لە کۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "ئەم یەکێتییەی ئێستا کۆتایی بەو سەردەم و سیاسەتە هێناوە، بۆیە بەهێزتر بووە و ئەگەر خەڵکی ناڕازیش لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن بە یەکێتی جگە لەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد دەتوانین چارەسەر بکەین، دەشتوانین لە هەرێمیش بە هێزێکی زیاترەوە باری خواری حکومڕانی راست بکەینەوە".
بێستون سەلام پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی فەرمانی خەرجکردنی موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی دەرکرد.
وتیشی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، تەیف سامی وەزیری دارایی راسپاردووە دەست بکات بە رێکارەکانی خەرجکردنی موچە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغداد کرد.
سبەینێ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە گەرمیان بەرێوەدەچێت.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێک پێشکەش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ چوارشەممە سەعات 4ـی پاشنیوەڕۆ لە قەڵای شێروانە بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا مۆڵەتی سێ مانگی بەخشییە ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە تازە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بە مەبەستی وەرگرتنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN) و تۆمارکردنی لە سیستمی ئەلیکترۆنی زانکۆ.
بەپێی گشتاندنێکی رەسمی کە وەزارەت ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بڕیارە لەسەر فەرمانی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە.
وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە ئامانج لەم بڕیارە، خێراکردن و ئاسانکردنی مامەڵەی قوتابییانە، هەروەها رێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵغی و کێشە لەکاتی پرۆسەی خۆتۆمارکردندا.
بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە قوتابییە نوێیەکان لە ماوەی سێ مانگدا سەردانی سەنتەرەکانی بایۆمەتری بکەن بۆ وەرگرتنی ژمارەی (UPN) و دواتر لە سیستمی (Zanko) تۆماری بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنیان لە زانکۆ.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە پشکی حکومەتی فیدراڵییان لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئابی رابردوو رادەست کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، بڕی120 ملیار دینار بە شێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاژەڵ و سەگی بێلانە بڕیارێکی گرنگیدا و خەرجی مانگانەی شێڵتەری سەگی بێلانەی گرتە ئەستۆ و دەشڵێت؛ ئەم کارەی بۆ پاراستنی ئاژەڵەکان و بەرژەوەندی گشتییە.
ئاسۆ مامەند رایگەیاندوە، بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری دانیشتوانی کەرکوک و پاراستنیان لە سەگی بێلانە، بڕیاریداوە مانگانە خواردن و پێداویستی تەندروستی بۆ شێڵتەرەكە تەرخان بکات، بۆ ئەوەی ئەو سەگانەی دەبرێنە شێلتەرەکە و لە خەڵکی دوردەخرێنەوە سەلامەت بن و ژیانێکی شایستەیان هەبێت.
ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە لەوەی ئەم بڕیارەی لە بەرژەوەندی تەندروستی هاووڵاتیانی كەركوكە و مەبەستی پاراستنی ئاژەڵ و دابینکردنی ژیانێكی باشترە بۆ سەگە بێ لانەكان لە شارەکەدا.
ئەم بڕیارەی ئاسۆ مامەند لە کاتێكدایە، لە کەرکوک سەگی بێلانە ترس و دڵەراوکێی زۆری بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە و ژمارەیەک هاووڵاتیش پەلاماردراون، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش چەندین جار هەوڵی کۆکردنەوەیان دراوە و دەبرێن بۆ شێڵتەرێکی تایبەت لەشارەکەدا.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رەوشی دارایی و ئابووری عیراق لە باشترین ئاستیدایە و کێشەی نەوتی هەرێمیان چارەسەرکردوە، ئاماژەی بەوەشکردوە؛ كێشەی داهاتی نا نەوتیی لەگەڵ هەرێم كاریگەری لەسەر بەردەوامی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنوس کۆبوەوە و رایگەیاند رەوشی دارایی و ئابووری عیراق لە باشترین ئاستیدایە، گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەش لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامە.
لەسەر پرسی موچەخۆرانی هەرێمیش سودانی جەختیکردوەتەوە لەوەی کێشەی نەوتی هەرێمیان دوای ساڵانێکی زۆر چارەسەرکردوە.
باسی پرسی موچەی موچەخۆرانیش کردوە و رایگەیاندووە؛ بە دوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە و دڵنیایشیداوە کە ئەم بابەتە كاریگەری لەسەر بەردەوامی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران نابێت.
ئەم لێدوانانەی سودانی لە کاتێکدایە، ئەمرۆ وەزارەتی دارایی عیراق، رایگەیاند دەستیانکردوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی دەی فەرمانبەرانی عیراق و لەبەرانبەردا تا ئێستا موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی شەوکەت جەوهەر محەمەد بڵاوکردەوە و دەڵێت، "رۆحی بەرزەفڕی ئەم خانمە دڵ پڕ لەحەسرەت و ئازارە لەگەڵ شەهیدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆڕغەریبانیدا شادبێت".
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد....
زۆر غەمبار بووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (شەوکەت جەوهەر محەمەد).
ئەو خانمە خۆڕاگرەی زیاتر لە ٣٦ ساڵی لەچاوەڕوانی سۆراغی ٢٣ کەس لە ئەندامانی خانەوادەکەیدا بەسەربرد کەبوونە قوربانی رژێمێکی ستەمکار و دکتاتۆرێک کەقێزەونترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدا.
رۆحی بەرزەفڕی ئەم خانمە دڵ پڕ لەحەسرەت و ئازارە لەگەڵ شەهیدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆڕغەریبانیدا شادبێت.
هیوادارم خوای گەورە سەبرو ئارامی بەهەموو لایەک ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
نەفرەت لەتاوانبارانی جینۆسایدی ئەنفال.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
ئەمڕۆ دووشەممە، میمکە شەوکەت، کەسایەتی ناسراوی گەرمیان و گوندی ساداتی گەرمکی گەرمیان کە دایکێکی تری جەرگ سوتاوی تاوانی ئەنفالە لە سنورەکە، لە تەمەنی 108 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
میمکە شەوکەت، 23 کەس لە خێزانەکەی کە لە کوڕ و کچ و ئامۆزا و کوڕەزاکانی بوون، بەر شاڵاوی قۆناغی سێی ئەنفال کەوتوون و تەنها کچێکی رزگاری بووە و سەرجەمیان بێسەروشوێن بوون.
ناوبراو لە دێی گەرمک ناوچەی داوێ ژیانی هاوسەری پێکەوە نابوو، حەوت کوڕ و دوو کچ بووە، دوای 37 ساڵ لە دابڕانی ئازیزانی، ئەمڕۆ چاوی چاوەڕوانی لێکناو دڵە پڕ لە تاسەو ئاواتەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.
جێی باسە، گوندی ساداتی گەرمکی گەرمیان لە ناوچەی داوێ، زۆترین زیانی بەرکەوتوە لە شاڵآوی ئەنفالدا و تەنها لەو گوندە 289 کەسیان لە شاڵاوی ئەنفالدا تیاچوون.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرگری لەهەڵەبجە کردووە و لەهەموو کاتەکاندا بە ئاسان و خوێن ئەو شارەی پاراستووە و جێی نەهێشتووە.
بافڵ جەلال تالەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووەمین کەرنەڤاڵی لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە هەڵەبجە، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ساڵی 1999 پرۆژەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلای سەرۆک مام جەلال بوو، دواتر بەماندبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق خەونی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هاتەدی، ئەمەیە دوربینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان .
وتیشی، پێویستەهەڵەبجە وەک پارێزگاکانی تر خزمەت بکرێت و دەبێت بودجە و پارەی هەڵەبجە راستەوخۆ بدرێتە پارێزگاکە.
بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەیەکمان هەیە لەگەڵ حکومەتی بەغداد زیاتر خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، بەڵێنیش دەدات هەلی كار و خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە زیاتر بۆ شارەکە دابینکرێت.
سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی میللەتە و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن یەکێتی بەرەوپێش دەچێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، هەموو لایەنەکان بەشداربوون لە پرۆژەی کارەبای 24 سەعاتی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمەبووین نەمان هێشت دۆسییەی غاز وەکو نەوتی لێبکرێت، بۆیە دەتوانرێت کارەبای 24 سەعاتی بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.