بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 195 فەرمانبەری گرێبەستی شارەوانی سلێمانی لەكاردووخرانەوە
لاوان
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، 195 فەرمانبەری گرێبەست لە شارەوانی سلێمانی دوورخرانەوە و وتەبێژی شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت، ئەو كارمەندانە بەهۆی ئەوەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە دوورخراونەتەوە و موچەی خانەنشینیش نایانگرێتەوە.
ئەنجومەن حەسەن، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەدا، بە فەرمانێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 60 ساڵ، دەبێت كۆتایی بە راژەكانیان بهێنرێت و لەكار دووربخرێنەوە.
ئەوەشی خستەڕو، پاڵپشت بەو بڕیارە 195 فەرمانبەری گرێبەستی شارەوانی دوورخراونەتەوە، كە تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بووە و لە بەشەكانی چاكسازی شەقام، خاوێنكردنەوە و باخچەكان كاریانكردووە.
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە بەهۆی ئەوەی خزمەتیان لە 15 ساڵ كەمترە مووچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە ودوورخستنەوەشیان كێشەی گەورە بۆ شارەوانی سلێمانی دروست دەكات و هیچ بڕیارێكیش بۆ دامەزراندنی كەسانی نوێ لە جێگەیان نییە.



