مەفرەزەکانی پۆلیسی سلێمانی سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە دوای راگرتنیان، دانیان بە دزینی 12 ماتۆڕسکیلدا ناوە لە گەڕەکە جیاوازەکانی شارەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەکرەجۆ سکاڵای تۆمارکرد کە لەبەردەم ماڵەکەیدا دوو ماتۆڕسکیلی لێدزراوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، مەفرەزەکانی نەهێشتنی تاوانی بەکرەجۆ توانییان هەر سێ تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا جگە لەو دوو ماتۆڕسکیلە، دانیان بە دزینی 10 ماتۆڕسکیلی دیکەشدا ناوە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی.

پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی 'مادەی 446'  لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.