بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاندوە، پێشبێنی دەکرێت لە نیوەڕی ئەمڕۆوە خێرایی با زیاد بکات و ھەندێکجار چالاک دەبێت بۆ ٣٥ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، ئەوەش دەبێتەھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و کەمبونەوەی مەودای بینین لە ھەموو ناوچەکان، بەتایبەت لە ناوچەکانی ھەولێر و کەرکوک و گەرمیان، لە عێراقیش ناوچەکانی بەغداد و دیالە و تکریت و کەربەلا و نەجەف دەگرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئاسمان لە نێوان ھەوری تەواو و نیمچە ھەور دەبێت لە گەڵ ئەگەری کەمێک ھەورە تریشقە و نمە بارانی کەم بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، پلەکانی گەرماش بە نزیکەی ٢ تا ٣ پلە لە ناوچە جیاجیاکاندا بەرز دەبێتەوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر و سەقز لە کاتی کۆڵبەری لە سنوری شارەکانی نەوسود و بانە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی سنور برینداربوون، لە ئێستاشدا بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی بنکەکانی تەندروستی لە شارەکانی پاوە و بانە کراون.
بە پێی ڕاپۆرتێکی رێکخراوەکە، رۆژانە بەھۆی سەختی ژیان و گوزەرانیان، بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ کاری کۆڵبەری روو لە سنورەکان دەکەن، لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنورەوە ھێرشیان دەکرێتە سەر و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەبێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پێشانگای ھەلیکاری دامەزراوەی ڤیم بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، کردنەوەی ئەو پێشانگایە دەرفەتێکی باشە بۆ بەستنەوەی کۆمپانیاکان بەو ھاوڵاتیانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن.
وتیشی، نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ ھەلی کار راگەیەنراوە و ٦ ھەزار کەسیش خۆیان تۆمارکردوە، بەشێوەیەکی زانستی سیڤیەکان وەردەگرن، ھەوڵیش ئەدەن کەسیی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێن.
دامەزراوەی ڤیم بەبەشداری ٥٠ کۆمپانیا پێشانگای ھەلی کاری بۆ گەنجان کردەوە و نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ ھەلیکاری راگەیاند، یەکێکیش لە بەشداربوانی کۆمپانیاکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە بواری پزیشکی ١٠ ھەلی کاری راگەیاندوە.
ھاوکات یەکێک لەو گەنجانەی بەدوای کاردا دەگەڕا لە پێشانگاکە رایگەیاند، ئەوە دەرفەتێکی باشە بۆ دۆزینەوەی کار لە بوارەکەی خۆیدا.
بڕیارە رۆژی دوو شەممە ٢٧ی حوزەیران پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەپێی بەرنامەی کاری کۆبونەوەکەش دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای "گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان" دەدرێت و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پێشنیازەیاسای "سەندیکای خاوەن پیشە تەندروستییەکان و پێشنیازە یاساکانی پاراستنی ئاژەڵان لە ھەرێمی کوردستان" دەکات.
ھەر بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای "بەرکارکردنی یاسای فیدڕالی و ئیمزای ئەلیکتڕۆنی و مامەڵەی ئەلیکتڕۆنییەکان" و ھەمواری یەکەمی یاسای نەوت و گاز لە ھەرێم و پڕۆژەیاسای "ھەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە " دەکرێت.
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەو ھێرشانەی بە درۆن یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کاتیۆشا دەکرێنە سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمە.
سەبارەت بە ھێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوتیش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لێکۆڵینەوە لەو ھێرشانە دەکرێت، وتیشی، تاوەکو سەرچاوەی ھێرشەکان نەزانرێت ناتوانن ئامانجەکەی دیاری بکەن، بەڵام بەگشتی ئامانجێکی تێکدەرانەی لەپشتە بۆ زیان گەیاندن بە کێڵگەکان یاخود ترساندنی ئەو کۆمپانیایانەی لەو شوێنانە کاردەکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، سەرەتای مانگی داھاتوو ھەوڵی ئەوە دەدەن پێش پشوەکانی جەژنی قوربان، موچەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەکانی ھەرێم دابەش بکەن.
راشیگەیاند، ئەگەر پارەی پێویست لەبەردەستدا بێت ئەوا موچەی زۆرترین شوێن دابەش دەکەن .
لە دیدارەکەدا شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رێبوار عومەر، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ ئامادەبوون.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی مستەفا غەفوور ئاغا و عەشیرەتی ھەمەوەندی کرد کە رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی لە ناوچەکە و ڕایگەیاند، یەکێتی موڵکی ئێمە نییە، بەڵکو موڵکی جەماوەرە دڵسۆزەکەیەتی و ھەر ئەوانیش بەردەوامی پێدەدەن و درێژە بە رێبازەکەی دەدەن. دەرگاشمان بۆ ھەموو کەس و لایەنێک کراوەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم حزبە تێکۆشەرەوە خزمەت بکات.
سەرۆکی یەکێتی بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵ و پێگەی عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کرد و وتی، ئێوە ڕۆڵێکی گرنگتان ھەبووە لە پاراستنی بەھا بەرزەکانی کوردەواری و پەرەپێدانی تەبایی و پێکەوەژیان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەچاوی ڕێزەوە لە ھەوڵەکانیان دەڕوانێت و بەرز دەینرخێنێت.
لە بەرامبەردا مستەفا غەفور ئاغای ھەمەوەندی سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە بەردەوام ھاوکار و پشتیوان بووە و ھەمووکات ھەوڵەکانی لەپێناو چاکەی گشتیدا بووە.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا ١٥٠ مێگاواتی وێستگەی خەبات دوای نۆژەنکردنەوەی دەخرێتەوە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و لە ڕۆژانی کۆتایی مانگیشدا یەکەیەکی وێستگەی ماس دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی کارەبا کە ١٠٠ مێگاواتە.
وەزیری کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە مانگی تەمموزدا بەرھەمھێنانی کارەبا زیاتر دەبێت، بە جۆرێک وێستگەی تاسڵووجە کە ٥١ مێگاواتە دەکەوێتە کار، ھەروەھا تا کۆتایی ئەو مانگە سێ یەکەی دیکە و وێستگەی کەھرۆئاویی دێرەلووکیش دەکەوێتەکار.
ڕاشیگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وێستگەیەکی گەورەی کارەبا لە بازیان دەکەوێتەکار کە ٥٠٠ مێگاواتە.
سامان شێخ لەتیف، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھەفتەی ڕابردوو ڕۆژانە زیاتر لە ٦٠٠ حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە لە چوار نەخۆشخانەی سلێمانی تۆمار دەکران، بەڵام لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا ڕۆژانە نزیکەی ٣٠٠ تا ٣٥٠ حاڵەت تۆمار دەکرێن.
لەبارەی ھۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، سامان شێخ لەتیف ئاشکرایکرد، ھۆشیاری ھاووڵاتیان و خۆپاراستنیان لەگەڵ ئەو ڕێکارانەی لایەنی پەیوەندیدار و لیژنەکانی قائیمقامییەت بۆ پاککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و لابردنی سەوزە و ھۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە گرتیانەبەر، ھۆکاربوون بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان.
شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە. دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارینەکە لە پارێزگای ئەنبار و چەند ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژئاوای عێراق چڕبووەتە و چاوەڕوانیش دەکرێت پاریزگاکانی تر بگرێتەوە.
سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان کەشناسی ڕایگەیاندووە، خێرایی با زیادیکردووە ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و کەمبونەوەی مەودای بینین بە تایبەت لە ھەولێر و کەرکوک و گەرمیان.
کەشناسی ئاشکرایکردووە، ڕۆژی یەک شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و لەگەڵ دروستبوونی تۆزێکی سوک و پلەکانی گەرماش ٣ بۆ ٥ پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە پارێزگای ھەولێر و کەرکوک و شارۆچکەکانی پیرمام و چەمچەماڵ و زاخۆ و بامەڕنێ و بەشێکی زۆری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەی جیاجیا باران باریوە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە سلێمانی بایەکی بەھێز لەگەڵ نمەباران ھەبووە و کاریگەری بەو ھۆیەوە بڕی جیاواز لە ناوچەکان باران باریووە و ھەورە بروسکەشی لەگەڵدا بووە.
وتیشی، ڕۆژی یەکشەممە ئەو شەپۆلی خۆڵ و بارانبارینە لاواز دەبێت و پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن، ھەروەھا ڕۆژانی دواتر کەشوھەوا ئاسایی دەبێتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھێزەکانیان بەرپەرچی ھەر ھێرش و پەلامارێکی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان دەدەنەوە.
سەبارەت بە پشتیوانییەکانی حکومەتی سویدیش بۆ رۆژئاڤا، ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، سوید بەردەوام پشتیوانی کردون بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەوەش پشتیوانییەکی سیاسیی و ئەخلاقییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە سوپای تورکیا بۆردومانەکانی بۆ ناوچەکانی رۆژئاڤای کوردستان چڕ کردۆتەوە و رۆژانە گوندەکانی دەوروبەری عەفرین و شەھبا و ناوچەی شێراوا تۆپباران دەکات.
سەرکۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمریکا رایگەیاندوە، بەدواداچونیان بۆ کوالێتی بەنزین کردوە و خەڵکی پسپۆڕیان بانگکردووە بۆ تێستکردن و بەدواداچوون بۆ کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دیناری، بۆئەوەی دڵنیایی بدەن بە ھاوڵاتیان کە ئەو بەنزینە بە تەواوەتی دەتوانرێت بەکاربھێنرێت یاخود نا.
راشیگەیاندوە، ئەو پسپۆڕ و شارەزایانەی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی ھەرێمن دڵنیاییانداوە لە باشی کوالێتی بەنزینەکە، بەڵام تائێستا لە تاقیگەکانی تری ناحکومیدا ئەنجامەکەیان وەرنەگرتۆتەوە، چونکە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر دەکرێت.
ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەرفەت ھەیە کێشەی کورد بە رێگە و شێوازی دیموکراتی چارەسەر بکرێت، بەڵام تورکیا تائێستا ئەو کێشەیەی چارەسەر نەکردووە، بەو ھۆیەشەوە تورکیا بە ھەموو دامەزراوەکانیەوە گۆڕراوە بۆ کەلاوە و وێرانەیەک.
سەبارەت بە ھەڵگرتنی پارێزبەندیش لەسەر ساڵیحە ئایدەنیز ھاوسەرۆکی دەبەپە ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ئایدەنیز ئیرادەی گەلی ئامەدە و بە دەنگی گەل ھەڵبژێردراوە، ھەڵگرتنی پارێزبەندیش لە سەری کودەتایە بەسەر ئیرادەی گەل.
داوا لە دەسەڵاتی تورکیاش دەکات دەست لە سیاسەتی ھێرش و گوشار ھەڵبگرن، بەو سیاسەتە ناگەن بە ئەنجام و کێشەکان لەبری چارەسەر قوڵتر دەبنەوە.
بەپێی راپۆرتی بەدواداچونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی حکومەتی ھەرێم، لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، بە فەرمانی وەزاری مینحەی ١٣ ھەزار و ٢٨٢ بەخێوکەر ھەڵوەشێنراوەتەوە، کە بڕی ٩٩٦ ملیۆن و ١٥٠ ھەزار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕێنراوەتەوە.
دۆسیەی ١٦٣ کەمئەندامی سەنگەریش کە کۆچی دواییان کردووە، لەگەڵ دۆسیەی ھەزار و ١٨ شەھیدی شەڕی داعش لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەزارەتی کاروباری شەھیدان گوازراوەتەوە بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەسوکاریان، تائێستاش ١٤٥ زیندانی سیاسی کۆچی دواییانکردووە و بەپێی یاسای خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ کەسوکاریان کراوە، لەوانە ٦٢ زیندانی سیاسی کۆچکردوو کەسوکاریان وەرگرتنی مینحە نایانگرێتەوە و ٨٣ کەسوکاری زیندانی سیاسی کۆچکردووش مینحەکانیان کەمکراوەتەوە بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار.
بڕیاری خەرجکردنی بڕی ١٩ ملیار و ٦٨٦ ملیۆن و ٤٧٢ ھەزار و ٦٠٠ دیناریش بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچان و ھاوسەری شەھید و زیندانی سیاسی دراوە، بە داشکاندنی ٢٥% دراوە بە خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆ ئەھلییەکان، تائێستاش ١٨ ملیار و ٦٤ ملیۆن و ٥٤٧ ھەزار و ٦٠٠ دیناری خەرج کراوە.
لە بەشێکی تری راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری، لیستی ناو و زانیاری ١٠ ھەزار و ٨١٩ کەسی دەستنیشان کردوە کە لە دوو جار زیاتر لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار کرابوون.
لە بواری پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆش، لە چوارچێوەی رێکخستن و یەکخستنی ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە پێش ١ی تەمموزی ٢٠٢٠، ژمارەی لیوا ھاوبەشەکان لە ١٤ لیواوە بووەتە ١٩ لیوا و میلاکی وەزارەت لە ٤٣ ھەزار و ٣٤٧ پێشمەرگەوە بووەتە ٥٦ ھەزار و ٥٤٥ پێشمەرگە، فەرماندەییەکانی ھێزەکانی پشتیوانی ١ و ٢ش خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.