سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیکرد لە مستەفا غەفور ئاغای ھەمەوەندی
کوردسات نیوز
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پێشوازی مستەفا غەفور ئاغای ھەمەوەندی لە دەباشان، سلێمانی، ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢.
لە دیدارەکەدا شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رێبوار عومەر، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ ئامادەبوون.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی مستەفا غەفوور ئاغا و عەشیرەتی ھەمەوەندی کرد کە رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی لە ناوچەکە و ڕایگەیاند، یەکێتی موڵکی ئێمە نییە، بەڵکو موڵکی جەماوەرە دڵسۆزەکەیەتی و ھەر ئەوانیش بەردەوامی پێدەدەن و درێژە بە رێبازەکەی دەدەن. دەرگاشمان بۆ ھەموو کەس و لایەنێک کراوەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم حزبە تێکۆشەرەوە خزمەت بکات.
سەرۆکی یەکێتی بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵ و پێگەی عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کرد و وتی، ئێوە ڕۆڵێکی گرنگتان ھەبووە لە پاراستنی بەھا بەرزەکانی کوردەواری و پەرەپێدانی تەبایی و پێکەوەژیان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەچاوی ڕێزەوە لە ھەوڵەکانیان دەڕوانێت و بەرز دەینرخێنێت.
لە بەرامبەردا مستەفا غەفور ئاغای ھەمەوەندی سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە بەردەوام ھاوکار و پشتیوان بووە و ھەمووکات ھەوڵەکانی لەپێناو چاکەی گشتیدا بووە.