کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا ١٥٠ مێگاواتی وێستگەی خەبات دوای نۆژەنکردنەوەی دەخرێتەوە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و لە ڕۆژانی کۆتایی مانگیشدا یەکەیەکی وێستگەی ماس دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی کارەبا کە ١٠٠ مێگاواتە.

وەزیری کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە مانگی تەمموزدا بەرھەمھێنانی کارەبا زیاتر دەبێت، بە جۆرێک وێستگەی تاسڵووجە کە ٥١ مێگاواتە دەکەوێتە کار، ھەروەھا تا کۆتایی ئەو مانگە سێ یەکەی دیکە و وێستگەی کەھرۆئاویی دێرەلووکیش دەکەوێتەکار.

ڕاشیگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وێستگەیەکی گەورەی کارەبا لە بازیان دەکەوێتەکار کە ٥٠٠ مێگاواتە.