بەپێی راپۆرتی بەدواداچونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی حکومەتی ھەرێم، لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، بە فەرمانی وەزاری مینحەی ١٣ ھەزار و ٢٨٢ بەخێوکەر ھەڵوەشێنراوەتەوە، کە بڕی ٩٩٦ ملیۆن و ١٥٠ ھەزار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕێنراوەتەوە.

دۆسیەی ١٦٣ کەمئەندامی سەنگەریش کە کۆچی دواییان کردووە، لەگەڵ دۆسیەی ھەزار و ١٨ شەھیدی شەڕی داعش لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەزارەتی کاروباری شەھیدان گوازراوەتەوە بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەسوکاریان، تائێستاش ١٤٥ زیندانی سیاسی کۆچی دواییانکردووە و بەپێی یاسای خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ کەسوکاریان کراوە، لەوانە ٦٢ زیندانی سیاسی کۆچکردوو کەسوکاریان وەرگرتنی مینحە نایانگرێتەوە و ٨٣ کەسوکاری زیندانی سیاسی کۆچکردووش مینحەکانیان کەمکراوەتەوە بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار. 

بڕیاری خەرجکردنی بڕی ١٩ ملیار و ٦٨٦ ملیۆن و ٤٧٢ ھەزار و ٦٠٠ دیناریش بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچان و ھاوسەری شەھید و زیندانی سیاسی دراوە، بە داشکاندنی ٢٥% دراوە بە خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆ ئەھلییەکان، تائێستاش ١٨ ملیار و ٦٤ ملیۆن و ٥٤٧ ھەزار و ٦٠٠ دیناری خەرج کراوە.

لە بەشێکی تری راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری، لیستی ناو و زانیاری ١٠ ھەزار و ٨١٩ کەسی دەستنیشان کردوە کە لە دوو جار زیاتر لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار کرابوون.

لە بواری پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆش، لە چوارچێوەی رێکخستن و یەکخستنی ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە پێش ١ی تەمموزی ٢٠٢٠،  ژمارەی لیوا ھاوبەشەکان لە ١٤ لیواوە بووەتە ١٩ لیوا و میلاکی وەزارەت لە ٤٣ ھەزار و ٣٤٧ پێشمەرگەوە بووەتە ٥٦ ھەزار و ٥٤٥ پێشمەرگە، فەرماندەییەکانی ھێزەکانی پشتیوانی ١ و ٢ش خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.