پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بۆ چوارەمین رۆژ شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی عەفرین و باب و سەرێکانێ بەردەوامە و لە عەفرین دوای پێکدادانێکی توند لەگەڵ فەیلەقی سێیەمی سەربە سوپای ئازاد، دەستەی رزگارکردنی شام و گروپی عەمشات، ناحیەی مەعبەتڵیان کۆنترۆڵکردووە.
ئەوەش دوای رۆژێک لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باسوتە و جەندیریس، بەپێی ئامارەکانیش لەو پێکدادانەدا ١٥ کەس کوژراون.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ھێزەکانی تورکیا کە لە گوند ترەندە بوون، سەربازەکانیان بەرەو ناو شاری عەفرین بردووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند مووشەکێک بەر بارەگانیان کەوتووە.
ھاوکات لە شاری "باب"یش ، پێکدادانی توند لەنێوان بەرەی شامیە و فرقەی حەمزە بەردەوامە و ناوەندی شارەکە بە چڕی بۆردومان کراوە و کوژراو و بریندار لەنێو ھاوڵاتیانی مەدەنی ھەیە.
فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندوون، پشکی ھەرێمی کوردستان تا سەری مانگ، واتە تا ٢٠ رۆژی تر دابیندەکرێت و ئومێددەکەن وەک ساڵانی پێشووی نەبێت کە لە کۆی ٢٥٧ ملیۆن لیتری ساڵانە، کەمتر لە ٦٥ ملیۆن لیتر بۆ ھەرێم نێردراوە.
ھاوکات فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، پێشتر بە بەھای بازرگانی نەوتی سپی دەدرایە ھەرێمی کوردستان و بۆ ھەر لیترێک ٤٠٠ دینار وەردەگیرا، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایکردووە بۆ ھەر لیترێک ١٥٠ دینار وەربگیرێت و ئەو داوایەش پەسەندکراوە و جێبەجێکردنەکەی لەسەر بەغداد وەستاوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە شەوی رابردوو لە کرماشان و سنە و سەقز و ئیلام و بانە و مەریوان و ورمێ خۆپیشاندان رێکخراو لە شەقامەکان ئاگر کرایەوە، ھاوکات لە شارەکانی تاران و قوم و یەزدانشەھر و ئەھواز و تەبرێز خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر بەردەوامیان بە خۆپیشاندانەکانیان داو لە ئەھواز و تەبرێز ئاگر لەچەند ئۆتۆمبێل و شوێنێک بەردرا.
ھەروەھا رێکخراوی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا لانیکەم حەوت ھاوڵاتی تر لە خۆپیشاندانەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان گیانیانلەدەستداوە و ٤٣٠ کەسی تریش برینداربوون، کۆی گشتی گیانلەدەستدانیش لە رۆژھەڵات گەیشتووەتە ٣٢ کەس و ھەزار و ٥٤١ کەسیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتی کوردیش لەماوەی دوو ھەفتەدا دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان بە سەختی ئەشکەنجە دەدرێن.
ھاوکات کۆمەڵەی گەنجانی گەڕەکەکانی تاران داواکارییان بڵاوکردووەتەوە بۆ رێکخستنی گردبوونەوە لە نیوەڕۆ تا بەیانی رۆژی داھاتوو لە تەواوی مەیدان و شەقامە سەرەکییەکان. ئەوەش یەکەمین داواکاری لەو جۆرەیە کە لە گەنجانی تارانەوە دەربچێت و کرێکارانی پیشەسازی نەوتیش دەگرێتەوە.
بەپێی ئامارەکان، ١٢ ملیۆن خوێندکار دەست بە ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەکەن، ھەروەھا ٥٠٠ ھەزار خوێندکار لە پەروەردەی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی لە باخچەی ساوایان تا پۆلی ١ بەشداری پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە کەرکوک دەکەن.
بۆ ئەمساڵ پەروەردەی گشتی کەرکوک ٤٣ ھەزار خوێندکاری نوێی وەرگرتووە و ٩٠ ھەزار خوێندکاریش لە پەروەردەی کوردی بەشداری خوێندن دەکەن.
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق لەکاتێکدایە کە نیوەی خوێندنگەکانی وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە و زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ خوێندنگەش بۆ خوێندن گونجاونین.
عەلی خەلەف دلێمی وەزیری پەروەردەی عێراقیش رایگەیاندووە، پێویستیان بە نزیکەی ھەشت بۆ نۆ ھەزار خوێندنگەی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لە دوو دەوامی.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی یونسێفیش، عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانی رابردوودا تەنھا ٦% بودجەکەی بۆ کەرتی پەروەردە تەرخانکردووە، کە ئەو بڕەش کەمترینە لە نێو وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کە بۆ ئەو کەرتە تەرخانبکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە پێکدادانەکان لە عەفرین و باب و سەرێکانێ لەنێوان گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا دەستیپێکردووە و لە عەفرین دەستەی رزگارکردنی شام کە پێشر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ فەیلەقی سێی سەربە سوپای نیشتمانی شارۆچکەی باسوتەیان کۆنترۆڵکردووە.
وتیشی، لە ناوچەی درعی فوراتیش لە شاری باب و جەرابلوس، پێکدادانی توند لەنیوان بەرەی شامیە و فرقەی حەمزە روویداوە و بەرەی شامیە زۆرینەی بارەگاکانی فرقەی حەمزەی کۆنترۆڵکردووە لە نێویاندا گرتووخانەی زراعەش ھەیە کە چەندین زیندانی کورد لەخۆدەگرێت کە تائێستا چارەنووسیان دیارنەبووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، لە شاری سەرێکانێش پێکدادان لەنێوان پۆلیسی سەربازی و ھێزەکانی ئەحرار شەرقیە روویداوە لە زۆرینەی ناوچەکانیش ئالۆزییەکان بەردەوامن.
د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان بەرارود بە ساڵانی رابردوو کەمتربوو، بەڵام ئەوان پلانی وەرگرتنی خوێندکارانیان زیاتر کرد و بەراورد بە ساڵانی رابردوو شەش ھەزار کورسییان زیاتر کرد.
وتیشی، وەک بەڵێنیاندا بوو ١٠٠%ی ئەو خوێندکارانەی داواکارییان پێشکەشکردووە وەرگیراون، بەڵام ئەولەویەتیانداوە بە دەرچووانی ئەمساڵ.
ھاوکات د. خەتاب عومەر بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئەمساڵ بەگشتی ٤١ ھەزار و ٢٥٣ خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، کە ٢٧ ھەزار و ٣٦٠ خوێندکاریان دەرچووی ئەمساڵن.
وتیشی، نزیکەی ٢٢ ھەزار کورسی بە بەتاڵی ماون کە نزیکەی ١٤ ھەزار کورسییان بە خۆڕایین، وتیشی، ٣٦٨ خوێندکار بەھۆی ھەڵە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکان وەرنەگیراون، بەڵام لەچەند رۆژی داھاتوودا ئەوانیش وەردەگیرێن.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ھەموو کۆمپانیاکانی ھێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ژمارەکاتی، دەبێت لە کاتی فرۆشتن و دەرچوونی ئۆتۆمبیل لە کۆمپانیا، لە ھەمان رۆژدا گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا مێژووی دەرچوونی گرێبەستەکە ئەژمار دەکرێت بۆ تۆمارکردنی لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی، کار بەھیچ مێژوویەکی ناو گرێبەستەکە ناکرێت بۆ ماوەی ئەو ٦٠ رۆژەی بۆی دیاریکراوە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، بەپێی رێنماییەکان، تێپەڕاندنی ئەو ٦٠ ڕۆژە و تۆمارنەکردنی بە رەسمی بۆ وەرگرتنی تابلۆ، ئەوا پێویستە ئەو کەسە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا بدرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەبەرھێنانی کانزایی لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو پڕۆژەیە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوری ھەرێم و ڕێکخستنەوەی بواری وەبەرھێنان لە سامانی کانزاکانی ھەرێم بە دید و ستراتیژێکی نوێ کە باشترین ئەزموون و پێوەر و ڕێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت، ئەو پڕۆژە یاسا نوێیە، دەبێتە ھۆی مسۆگەرکردن و ھاندانی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشکردنی نەوتی سپی کە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ رەزامەندیداوە لەسەر ناردنی بڕی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش ئامادەکاریی پێویستی کردووە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە، لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی ھەرێم بە سەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری لێخۆشبوونی دەرکرد بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو "منحە"یەی وەریان گرتووە، وەزارەتی دارایشی راسپارد بەجێبەجێکردنی پێشنیارەکە و بەدەرکردنیان لە ڕێنمایی دارایی.
لە راگەیەندراوەکەی یەکگرتوودا ھاتوە، لە کۆبونەوەکەدا پرسی وەرگرتنی ھەڵوێست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی تاوتوێ کرا.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان خاوەنی پێنج ئەندامی پەرلەمانە. سەرۆکی فراکسیۆنەکەش ھۆکارەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان گەڕاندەوە.
د.شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەھۆی درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمانی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکار دەکێشنەوە.
رۆژی ٠٩-١٠-٢٠٢٢ بە ٨٠ دەنگ تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، درێژکرایەوە.
پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی لێکەوتەوە؛ ھەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێکیش لە "سەربەخۆکان" دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە بوون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر لە رونکردنەوەیەکدا چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی رەتدەکاتەوە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف و ئاماژەی بەوە کردووە، دژەتیرۆر ھێزێکی نیشتمانی، رێکخراو و رەسمی و حکومی تایبەت و مەشقپێکراوی سەربازییە کە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێکراو و رێزلێگیراون.
راشیگەیاندوە، لەوە تێدەگەن خۆھەڵقورتاندنن لە کاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆکەریکردن بۆ بێگانە و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکەی نیشتیمانی کە مێژووەکەی پڕ لە سەروەری و شانازییە، کاری بەردەوامی دەزگای پاراستنی پارتییە، تەواوی ئەو ڕووداوەش کە ٧ی ئەم مانگە لە ھەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم لە ھەولێر کاردەکەن.
دەشڵێت، ئەوانەی بە پیلان تۆمەتبارکراون ئەفسەری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانن، دەبوایە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجومەنەکە و جوانترکردنی پیلانەکەیان، ڕێوشوێنی یاساییان بگرتایەتەبەر، نەک بە شێوەیەکی چەتەگەری دەستگیریان بکەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان بخەنە پاڵ.
دەزگای دژەتیرۆر راشیگەیاندووە، ھەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن تیمێکی پسپۆڕی بێلایەن لە ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان پێکبھێنرێت و خاوەندارێتی دۆسییەکە بکەن و تەواوی راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو.
دوپاتیشیکردوەتەوە، ھەر ھێز و گروپێکی لە یاسا دەرچوو بیەوێت شکۆی ئاسایشی ھەرێم تێکبدات، بە گورزێکی نیشتمانیانەی کوردانە تێکیدەشکێنن.
حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەم ساڵی ٢٠٢٠، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی رەوشی شەنگالیان بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند.
ئامانجی رێککەوتنەکە بۆ کردنەدەرەوەی گروپە چەکدارەکان بووە لە ناوچەکە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کە تائێستا ٨٠%ی دانیشتووانی شەنگال ئاوارەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە.
بە وتەی بەشێک لە لێپرسراوانی ناوخۆیی شەنگال و حکومەتی عێراقیش، تائێستا ھیچ ھیوایەک نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.
بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دھۆک، زیاتر لە ٣٦٠ ھەزار کوردی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعشەوە ئاوارەبوون، ٣٣١ ھەزار و ٢٠٠ کەسیان لە ناو کەمپ و دەرەوەی کەمپەکانی دھۆک دەژین و بەشێکیشیان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە. تائێستاش ھەزاران ژن و منداڵ بە بەبێسەروشوێنی ماونەتەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، چەندین راپۆرتیان بە دەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی بەکارھێنانی چەک و گازی فرمێسکڕێژ و تەقە دژی خۆپیشاندەران لە سنە زۆر زیادیکردووە و گەیشتووەتە ئەوەی گازی فرمێسکڕێژ ھەڵبدەنە ناو ماڵی ھاووڵاتیانەوە.
داواشی لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئاگاداری رەوشی شاری سنە بن و نیگەرانی خۆیان بگەیەننە باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکانیان، تا کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بھێنن.
رێکخراوەکە لێپرسراوانی ئێرانیشی تۆمەتبارکرد بە بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت و تەلەفون.
سنە یەکێک بوو لەو شارانەی ھەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی گیانلەدەستدانی "ژینا ئەمینی" تیایدا سەریھەڵدا" و تائێستا دەیان کەس لەو شارە بوونەتە قوربانی.
کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە رانیە رایگەیاند، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیاندا دەستپێدەکات.
وتیشی، سەرەتا لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت و ئەو ناوچانەی ساڵی رابردوو نەوتی سپییان وەرنەگرتووە، نەوتیان بەسەردا دابەشدەکرێت.
بنار پشکۆ پێشکەشکاری بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، بلیتی بەرنامەکە بە ھەزار و ٥٠٠ دینارە و لە دوکان و مارکێتەکان دەفرۆشرێت و بەشداربوو لە ژمارە یەک تاکو ٤٢، شەش ژمارە ھەڵدەبژێرێت و ھەموو رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەیەک، تیروپشک بۆ ژمارەی بلیتەکان دەکرێت و براوەکان رادەگەیەندرێن، کە خەڵاتەکەی لە پێنج ھەزار دینارەوە دەستپێدەکات و ٥٠٠ ملیۆن دینار دەڕوات.
راشیگەیاند، بەشێک لە داھاتی بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق بەپێی یاسای لۆتۆی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بۆ پشتیوانیکردنی یەکەکانی داڵدەدان و پەیمانگاکانی خاوەنپێداویستی تایبەت و باخچەکانی ساوایان لە بەغداد و پارێزگاکانی تری عێراق و ھەرێمی کوردستان تەرخاندەکرێت.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، جۆرێک گوللە لەکاتی خۆپیشاندانەکان لە شاری سنە بەکارھاتووە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، کە شوشەی دوو روو و دیواری ٢٠ سانتیمەتری کون کردووە.
ھەروەھا رایگەیاندووە، لە پێکدادانەکانی ئەم ھەفتەیەدا ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی دەستگیرکراون و دەنگی ھاواری خەڵک بیستراوە بەھۆی ئازار و ئەشکەنجەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بڵاویکردەوە، چەندین راپۆرتیان بەدەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی بەکارھێنانی چەک و گازی فرمێسکڕێژ و تەقە دژی خۆپیشاندەران لە سنە زۆر زیادیکردووە و گەیشتووەتە ئەوەی گازی فرمێسکڕێژ ھەڵبدەنە ناو ماڵی ھاووڵاتیانەوە.
داواشی لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئاگاداری رەوشی شاری سنە بن و نیگەرانی خۆیان بگەیەننە باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکانیان، تا کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بھێنن. رێکخراوەکە لێپرسراوانی ئێرانیشی تۆمەتبارکرد بە بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت و تەلەفون.