د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان بەرارود بە ساڵانی رابردوو کەمتربوو، بەڵام ئەوان پلانی وەرگرتنی خوێندکارانیان زیاتر کرد و بەراورد بە ساڵانی رابردوو شەش ھەزار کورسییان زیاتر کرد.

وتیشی، وەک بەڵێنیاندا بوو ١٠٠%ی ئەو خوێندکارانەی داواکارییان پێشکەشکردووە وەرگیراون، بەڵام ئەولەویەتیانداوە بە دەرچووانی ئەمساڵ.

ھاوکات د. خەتاب عومەر بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئەمساڵ بەگشتی ٤١ ھەزار و ٢٥٣ خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، کە ٢٧ ھەزار و ٣٦٠ خوێندکاریان دەرچووی ئەمساڵن.

وتیشی، نزیکەی ٢٢ ھەزار کورسی بە بەتاڵی ماون کە نزیکەی ١٤ ھەزار کورسییان بە خۆڕایین، وتیشی، ٣٦٨ خوێندکار بەھۆی ھەڵە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکان وەرنەگیراون، بەڵام لەچەند رۆژی داھاتوودا ئەوانیش وەردەگیرێن.