خۆپیشاندانەکانی سنە بەردەوامە و رەوشی شارەکە ناجێگیرە
کوردسات نیوز
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، جۆرێک گوللە لەکاتی خۆپیشاندانەکان لە شاری سنە بەکارھاتووە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، کە شوشەی دوو روو و دیواری ٢٠ سانتیمەتری کون کردووە.
ھەروەھا رایگەیاندووە، لە پێکدادانەکانی ئەم ھەفتەیەدا ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی دەستگیرکراون و دەنگی ھاواری خەڵک بیستراوە بەھۆی ئازار و ئەشکەنجەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بڵاویکردەوە، چەندین راپۆرتیان بەدەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی بەکارھێنانی چەک و گازی فرمێسکڕێژ و تەقە دژی خۆپیشاندەران لە سنە زۆر زیادیکردووە و گەیشتووەتە ئەوەی گازی فرمێسکڕێژ ھەڵبدەنە ناو ماڵی ھاووڵاتیانەوە.
داواشی لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئاگاداری رەوشی شاری سنە بن و نیگەرانی خۆیان بگەیەننە باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکانیان، تا کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بھێنن. رێکخراوەکە لێپرسراوانی ئێرانیشی تۆمەتبارکرد بە بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت و تەلەفون.


