بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق دەستیپێکرد
کوردسات نیوز
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
بنار پشکۆ پێشکەشکاری بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، بلیتی بەرنامەکە بە ھەزار و ٥٠٠ دینارە و لە دوکان و مارکێتەکان دەفرۆشرێت و بەشداربوو لە ژمارە یەک تاکو ٤٢، شەش ژمارە ھەڵدەبژێرێت و ھەموو رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەیەک، تیروپشک بۆ ژمارەی بلیتەکان دەکرێت و براوەکان رادەگەیەندرێن، کە خەڵاتەکەی لە پێنج ھەزار دینارەوە دەستپێدەکات و ٥٠٠ ملیۆن دینار دەڕوات.
راشیگەیاند، بەشێک لە داھاتی بەرنامەی لۆتۆی خێرخوازیی عێراق بەپێی یاسای لۆتۆی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بۆ پشتیوانیکردنی یەکەکانی داڵدەدان و پەیمانگاکانی خاوەنپێداویستی تایبەت و باخچەکانی ساوایان لە بەغداد و پارێزگاکانی تری عێراق و ھەرێمی کوردستان تەرخاندەکرێت.



