بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر لە رونکردنەوەیەکدا چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی رەتدەکاتەوە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف و ئاماژەی بەوە کردووە، دژەتیرۆر ھێزێکی نیشتمانی، رێکخراو و رەسمی و حکومی تایبەت و مەشقپێکراوی سەربازییە کە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێکراو و رێزلێگیراون.

راشیگەیاندوە، لەوە تێدەگەن خۆھەڵقورتاندنن لە کاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆکەریکردن بۆ بێگانە و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکەی نیشتیمانی کە مێژووەکەی پڕ لە سەروەری و شانازییە، کاری بەردەوامی دەزگای پاراستنی پارتییە، تەواوی ئەو ڕووداوەش کە ٧ی ئەم مانگە لە ھەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم لە ھەولێر کاردەکەن.

دەشڵێت، ئەوانەی بە پیلان تۆمەتبارکراون ئەفسەری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانن، دەبوایە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجومەنەکە و جوانترکردنی پیلانەکەیان، ڕێوشوێنی یاساییان بگرتایەتەبەر، نەک بە شێوەیەکی چەتەگەری دەستگیریان بکەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان بخەنە پاڵ.

دەزگای دژەتیرۆر راشیگەیاندووە، ھەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن تیمێکی پسپۆڕی بێلایەن لە ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان پێکبھێنرێت و خاوەندارێتی دۆسییەکە بکەن و تەواوی راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو.

دوپاتیشیکردوەتەوە، ھەر ھێز و گروپێکی لە یاسا دەرچوو بیەوێت شکۆی ئاسایشی ھەرێم تێکبدات، بە گورزێکی نیشتمانیانەی کوردانە تێکیدەشکێنن.