لە راگەیەندراوەکەی یەکگرتوودا ھاتوە، لە کۆبونەوەکەدا پرسی وەرگرتنی ھەڵوێست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی تاوتوێ کرا.

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان  خاوەنی پێنج ئەندامی پەرلەمانە. سەرۆکی فراکسیۆنەکەش ھۆکارەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان گەڕاندەوە.

د.شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی  یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان  لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەھۆی درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمانی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکار دەکێشنەوە. 

رۆژی ٠٩-١٠-٢٠٢٢ بە ٨٠ دەنگ تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، درێژکرایەوە.

پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی لێکەوتەوە؛ ھەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێکیش لە "سەربەخۆکان" دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە بوون.