پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بۆ چوارەمین رۆژ شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی عەفرین و باب و سەرێکانێ بەردەوامە و لە عەفرین دوای پێکدادانێکی توند لەگەڵ فەیلەقی سێیەمی سەربە سوپای ئازاد، دەستەی رزگارکردنی شام و گروپی عەمشات، ناحیەی مەعبەتڵیان کۆنترۆڵکردووە.

ئەوەش دوای رۆژێک لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باسوتە و جەندیریس، بەپێی ئامارەکانیش لەو پێکدادانەدا ١٥ کەس کوژراون.

ھەر بەپێی زانیارییەکان، ھێزەکانی تورکیا کە لە گوند ترەندە بوون، سەربازەکانیان بەرەو ناو شاری عەفرین بردووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند مووشەکێک بەر بارەگانیان کەوتووە.

ھاوکات لە شاری "باب"یش ، پێکدادانی توند لەنێوان بەرەی شامیە و فرقەی حەمزە بەردەوامە و ناوەندی شارەکە بە چڕی بۆردومان کراوە و کوژراو و بریندار لەنێو ھاوڵاتیانی مەدەنی ھەیە.