دوو ساڵ بەسەر رێککەوتنی شەنگال تێپەڕی و تائێستا جێبەجێنەکراوە
کوردسات نیوز
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەم ساڵی ٢٠٢٠، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی رەوشی شەنگالیان بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند.
ئامانجی رێککەوتنەکە بۆ کردنەدەرەوەی گروپە چەکدارەکان بووە لە ناوچەکە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کە تائێستا ٨٠%ی دانیشتووانی شەنگال ئاوارەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە.
بە وتەی بەشێک لە لێپرسراوانی ناوخۆیی شەنگال و حکومەتی عێراقیش، تائێستا ھیچ ھیوایەک نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.
بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دھۆک، زیاتر لە ٣٦٠ ھەزار کوردی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعشەوە ئاوارەبوون، ٣٣١ ھەزار و ٢٠٠ کەسیان لە ناو کەمپ و دەرەوەی کەمپەکانی دھۆک دەژین و بەشێکیشیان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە. تائێستاش ھەزاران ژن و منداڵ بە بەبێسەروشوێنی ماونەتەوە.



