ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی :
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (د.خ) پیرۆزباییەکی گەرم لە موسڵمانانی کوردستان، عیراق و جیھان دەکەم.
ھیوادارم ئەم یادە پیرۆزە ھاندەرێکی گرنگ بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان، پەرەپێدانی رۆحی لێبووردەیی و پاراستنی بەھا پیرۆزەکان.
رێزگرتن لە جیاوازییەکان و بەکلتوورکردنی یەکترقبووڵکردن بە دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە، نیشانەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و ئاشتیخوازە. ھیوادارم ھەموومان لەو پێناوەدا خەبات بکەین و ئاشتی و برایەتی ئامانجی ھەموولایەک بیت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی راگەیاندراوەکە .....
ئەمڕۆ شەممە (٨ی ١٠ی ٢٠٢٢)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە مەکۆی سەرەکی لە سلێمانی ئەنجامدا.
سێ پرسی سەرەکی، تەوەری گفتوگۆکانی ئەندامانی جڤات بو:
یەکەم: کۆنفرانسی نیشتمانی
لیژنەی باڵای کۆنفرانسی نیشتیمانی کۆتا ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی خستەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت.
دوەم: پرسی ئاشتەوایی و خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی بەرھەمھێنی لەسەرکرا، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ھەنگاوە کردارییەکانی ئاشتەوایی و سەقامگیری ڕێکخراوەیی دەست پێ بکات؛ وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس و خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەی گۆڕان.
سێیەم: پرسی وادەی پەرلەمان
بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوی بە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەیە لە کات و ساتی خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش وەک بەرپرسیارێتی نیشتیمانی کە دواخستنی ھەڵبژاردن نەبێتە نەریتێکی نادیموکراتی و زەوتکردنی مافی خەڵک؛ فراکسیۆنی گۆڕان لە ساڵی (٢٠٢٠) پێشنیازی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان، ھاوکات لە (٣١ی٣ی٢٠٢١) پێشنیازی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بەڵام ناکۆکی حیزبی بووە ھۆی گوێنەگرتن لە پڕۆژەکانی گۆڕان، ئەم دوو پرسەش کرانە لەمپەڕێکی یاسایی لەبەردەم ھەڵبژاردن.
لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەک بۆ دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستوریی لە ھەرێم، لەلایەکی دیکەش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەوانە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و چەند پڕۆژە یاساییەکی گرنگ لەوانە خانەنشینی ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ؛ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان فراکسیۆنە پێکھێنەرەکانی حکومەت واژۆکرا.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٨/١٠/٢٠٢٢
٢٩ رۆژی تر وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام بەھۆی ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردن لەم مانگەدا و دواخستنی بۆ کاتێکی نادیار، پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی درێژکردنەوەی وادەی ئەم خولەیە و رۆژی یەک شەممە دەنگدان بۆ پێشنیازەیاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق) دەکرێت.
بە پێی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، تەمەنی سەرۆکایەتییەکە پەیوەستە بە تەمەنی پەرلەمانەوە و بەو پێیەش پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی، تەمەنی حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتیی ھەرێمیش درێژدەکرێتەوە.
کریس ڤان ھۆڵن ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرش و بۆردومان و تۆپبارانەکانی ئێران لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە و ھەنگاوێکیشە بەرەو تێکچوونی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەڵام ئەمریکا و حکومەتی عێراق وەک پێویست وەڵامی ئێرانیان نەداوەتەوە.
وتیشی، کورد ھاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە و نابێت ئەمریکا رێگەبدات ئێران بەو ئاسانییە و بەبێ ھیچ ترسێک رۆژانە بۆردومان و تۆپبارانی بکات و سنور و خاک و سەروەرییەکەی ببەزێنێت و پێشێلیان بکات.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی رۆژی یەک شەممەی داھاتووی بڵاوکردوەتەوە کە لە دوو تەوەر پێکھاتووە، یەکەمیان دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان) بەپێی حوکمی ماددەکانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
تەوەری دووەمیش بەردەوامبوونە لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاری لە ھەرێمی کوردستان)، بەپێی حوکمی ماددەکانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەبێ ھاوکاری حکومەتی ھەرێم و عێراق داتا دەکەن. لە مانگی ھەشتی ساڵی ٢٠١٥شەوە تائێستا بەھۆی بۆردومانە ئاسمانییەکان و ھێرشەکان لەناو بارەگا و بنکە سەربازییەکانی تورکیاوە تا ئەمڕۆ، ١٣٨ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و لانی کەم ٢٠٤ ھاووڵاتیش برینداربوون.
وتیشی، لە بۆردومانەکەی رۆژی ٢٨ی ئەیلولی رابردووی ئێران بۆ سەر خاکی ھەرێم، ١٧ کەس کوژران و ٦٥ کەسی تریس برینداربوون، جگە لە زیانە گیانییەکان، لەسنوری ناوچەی کۆیە خوێندنگەیەک زیانی بەرکەوتووە و پێنج خوێندنگەی تریش و دوو باخچەی ساوایان داخراون و ٤٢٥ خوێندکار و ٦٠ منداڵ لە باخچەی ساوایان لە خوێندن بێبەشبوون، حکومەتی ھەرێمیش ھیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕانەوەی ئەو منداڵانە بۆ خوێندن.
"کامەران عوسمان" وتیشی، ھیچ ھەنگاوێکی جدی دژی ئەو بۆردومانانە نەگیراوەتەبەر و تەنھا راگەیەندراوی ئیدانە بڵاوکراوەتەوە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندیەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و دوایین پێشھاتەکانی ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دوای چوار دەیە و سەرباری بەڵێنی بەردەوام و پابەندی ھەرێمی کوردستان، بەڵام خاکی ھەرێم دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەکاردەھێنرێت.
وتیشی نیگەرانن لە چالاکی و جموجۆڵەکانی گروپە نەیارەکانی ئێران کە لە ھەرێمی کوردستانن.
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، تاران رێز لە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات دەگرێت، بەڵام بەرگەی دەستدرێژییەکان ناگرن و ناتوانن قبوڵی بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان کە سەربە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاگاداری بڵاوکردەوە سەبارەت بە چوار ماددەی کۆمپانیای "مەیدن فارما سیوتیکالس"ی بەرھەمھێنی ھندی، شیکاری تاقیگەیی بۆ ئەو بەرھەمانە کراوە و بۆیان پشتراستبووەوە کە ماددەی ژەھراوییان تێدایە و گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە.
کاریگەرییەکانیشی بریتین لە ئازاری سک و رشانەوە و سکچوون و سەرئێشە و گۆڕانی باری دەروونی و میزنەکردن و برینداربوونی توندی گورچیلە، کە رەنگە گیانلەدەستدانی لێبکەوێتەوە.
کۆنترۆڵی جۆری دەرمان راشیگەیاند، ئەو چوار بەرھەمە لە ھەرێمی کوردستان رێگەیان پێنەدراوە و ھاوردەی ھەرێم نەکراون و مۆڵەتی بەکارھێنانیان نییە.
ھاووڵاتیانیش ئاگادار دەکەنەوە لە ئەگەری بە قاچاغھێنانی بۆ ناو بازاڕەکانی ھەرێم، خۆیان لە بەکارھێنانی بەدووربگرن.
داواش لە دەرمانخانەکان دەکات کە تەنھا مامەڵە بە دەرمانی رەسمییەوە بکەن کە مۆڵەتی بەکارھێنانی ھەبێت و ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵی لەسەر بێت.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە نووسراوێکی وەزاری وانەی کوردی لە پەروەردەی عەرەبیدا بێ بایەخ دەکات و دەڵێت ھەر خوێندکارێک لە وانەی کوردی دەرنەچێت بە کەوتوو ھەژمارناکرێت، ئەوەش فەرامۆشکردنی زمانی کوردی و پێچەوانەی دەستووریشە کە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە رەسمی ناساندووە.
دەشڵێت، ئەو پاشەکشە دەستوورییە زەنگێکی مەترسیدارە و خزمەتی ژیانی پێکەوەیی ناکات و داوای ڕوونکردنەوەی بڕواپێکراویش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەن و داوا لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش دەکەن ئەو پێشێلکاری و بێبایەخ کردنانەی زمانی کوردی بیانھێنێتە دەنگ و ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێم بڵاویکردەوە، بە مەبەستی ھەمەجۆرکردنی داھات و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی، پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی دەستیپێکردووە و لەئێستادا، ٧٨%ی قۆناغی یەکەمی تەواوبووە، پڕۆژەکەش لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواودەکرێت و ١٢٨ ملیۆن دیناری تێدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پڕۆژەکە پێکدێت لە ٣٠ سایلۆ، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی ١٥٠ ھەزار تۆن گەنمی ھەیە، لەگەڵ پێنج کارگەی بەرھەمھێنانی ئارد و ساوەر و بڕوێش و پاستە و عەلەفی ئاژەڵ.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، کارکردن لە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی بەردەوامە و ھەلی کاری بۆ ٣٠٠ کەس رەخساندووە، لە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکەش بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیاتر لە پێنج ھەزار ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەھید ھاوکار کە پێشتر لە ئەرک و فەرمانی رەسمیدا بوو، رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردووە.
راشیگەیاند، وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەن کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زووچاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست کە پێکھاتبوون لە ھاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی.
ئاژانسی زانیاری داواش لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم دەکات لە لێکۆڵێینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنن.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە رایگەیاند، لە حەوت ھێرشی ھێزەکانیاندا شەش سەربازی تورکیا لەناوسنوری ھەرێمی کوردستان کوژران و سەربازێکیش بریندارکراوە.
ھەپەگە ڕاشیگەیاندووە، لە ھەمانکاتدا سیستمێکی کامێرای حەراری کە مینی پێوە لکێنرابوو لە ناوبراوە.
ھەپەگە لەبارەی ھێرشەکانی سوپای تورکیا دەشڵێت، سوپای تورکیا ناوچەکانی گەریلای ٢٣ جار بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی و ھەشت جاریش بە فڕۆکەی شەڕکەر و ٥٩ جاریش بە ھەلیکۆپتەری ھێرشبەر و بە دەیان جاریش بە کاتیوشا و تانک و چەکی قورس بۆردومان کردووە.
ھاوکات، ھەپەگە ناسنامەی سێ گەریلاش ئاشکرا کرد کە یەکێکیان لە ناوچەی وان و دووانەکەی دیکەشلە ناوچەی بەستای سەر بە شاری شرنەخی باکوری کوردستان گیانیانلەدەستداوە.
دەستەی پزیشکی دادی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەڵگەنامە پزیشکی و توێکارییەکان سەلماندوویانە کە "ژینا" لە ئەنجامی لێدانی سەری یاخود ھەر شوێنێکی تری جەستەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی لە نەخۆشخانەی "میلاد" لە "تاران" بۆ کراوە و دوای نەشتەرگەرییەکە تووشی کێشە بووە.
راشیگەیاند، ژینا لە رۆژی ١٣ی ئەیلول ھۆشی لەدەستداوە بەھۆی ئەو نەخۆشییە کۆنەی دووچاری دابەزینی پەستانی خوێن بووە. لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ژینا دووچاری کەمبوونەوەی ئۆکسجین بووە و مێشکی زیانی بەرکەوتووە و بەھۆی نەچوونی ئۆکسجین بۆ مێشکی لە ١٦ی ئەیلولی رابردوو گیانی لەدەستداوە.
بەڵام کەسوکاری ژینا پێشتر رایانگەیاندبوو، ڕۆژی ١٣ی ئەیلول ژینا لەلایەن پۆلیسی رەوشت لەشاری تاران دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندان، لەوێ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەتوندی لەسەر و جەستەی دراوە و دوای تێکچوونی باری تەندروستی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئاماژەشیان بۆ ئەوەشکردبوو، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ژینایان ڕاگەیاند کە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئێراندا، بەیانی ئەمرۆ تۆپخانەکانی ئێران ناوچەکانی " ناوروبارا و گواراسایە و گوندی کەتینە"ی سنوری برادۆستیان تۆپباران کردووە.
وتیشی، تۆپبارانەکانی ئێران ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە ناو خەڵکەوە و زیانی زۆریش بەر رەز و باخی ھاوڵاتیان کەتووە.
لە ماوەی ١٣ رۆژی رابردوودا، ئێران بە بەردەوامی ھەشت گوندی سنوری برادۆستی تۆپباران کردووە کە بەو ھۆیەوە دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارەبوون و ھاوکات نزیکەی ٥٠٠ جوتیاری سنورەکەش زیانی ماددیان پێگەیشتووە و ناتوانن بچنە سەر کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، دوو خوێندنگەش داخراون و زیاتر لە ٥٠ خوێندکاریش لە خوێندن دابڕاون .
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، شەوی رابردوو ھێزەکانی تورکیا و گروپە ھاوپەیمانەکانی بینای شارەوانی شارۆچکەی "زرکان"ی سەربە "تەل تەمر"یان بۆردومان کردووە و تەنھا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
ھەروەھا گوندی ئەسەدیە لە باکوری شارۆچکەی زرکان بۆردومان کراوە.
روانگەی سوریاش بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھێزەکانی تورکیا و گروپە ھاوپەیمانەکانی بۆردومانەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە گشتی چڕکردووەتەوە. راشیگەیاندووە، شەپۆلێکی ئاوارەبوون بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیا لەو ناوچانە بە فراوانی دەستپێکردووە.
لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، نابێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ھیچ کەسێکی بیانی بخاتە کار ئەگەر رەزامەندی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی بەدەست نەھێنابێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی لەبەرمبەر دەگیرێتەبەر.
جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی دەبێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ئەولەوییەت بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بدەن بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی کار لە ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک پابەندن بە لایەنی کەم ٧٥٪ دەستی کاری پیشە لە پرۆژەکانیان لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بن نابێت بیانی لە ھیچ حاڵەتێکدا لە رێژەی ٢٥٪ ھێزی دەستی کاری پیشە و پڕۆژەکان تێپەڕ بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکە دەربکات بە ھەماھەنگی وەزارت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بەپێی تایبەتمەندی.