وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، بەپێی رێکەوتنێکی نێوان ھەردوو وەزارەتی کار و کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی تەندروستی، لەمەودوا پشکنین و نەشتەرگەری و چارەسەری تەندروستی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتوانی چەکی کیمیای، بەنوسراوی پشتگیری وەزارەتی کار و کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و ئاماژەدان بە کۆدی تایبەتی لە سەنتەرەکانی دڵ لە پارێزگاکانی (ھەولێر و سلێمانی و دھۆک) بێ بەرامبەر لە سەنتەرەکانی دڵ پشکنین و نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێر ئاگادارکرایەوە کە لەناو فەرمانگەی تەندروستی (کۆنتڕۆڵی ١٢٢) کەسێک کە پێشتر کارمەند بووە لە فەرمانگەکە، ئەمبوڵانسێکی بردووە و ھەڵاتووە.
راشیگەیاند، پۆلیس دەستیان کرد بە بەدواداچوون و توانییان لە شەقامی ١٠٠ مەتری ھەولێر نزیک نەخۆشخانەی ڕزگاری، ئەمبوڵانسێکە و شۆفێرەکەی بدۆزنەوە و دەست بەسەر ئەمبوڵانسەکەدا بگرن و شوفێرەکەشی دەستگیر بکەن.
پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند، تۆمەتبارەکە بڕێکی زۆر لە ماددە کحولییەکانی بەکارھێنابوو، ئێستا بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی بنکەی پۆلیسی سەروەران کراوە.
ئەنجومەنی دادوەری لە دوایین کۆبوونەوەیدا بە پشتبەستن بە یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری بڕیاریدا، بە کوردی نوسینی بڕیارەکانی دادگا و ھەموو ئەو رێکارە دادوەرییانەی کە لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان پەیڕەودەکرێن، تەنھا لەکاتی پێویست بە زمانی عەرەبی بنوسرێن.
بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری لەپێناو یەکخستنی زمانی دادگاکانە و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ھاوبەش لەنێوان ئەنجومەنەکە و پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی ئەکادیمی کوردی ھات.
ھەروەھا ئەنجومەنی دادوەری سەرقاڵی ئامادەکردنی فەرھەنگێکی یاسایی یەکگرتووی کوردین بۆ یەکخستنی زمان و دەستەواژە یاساییەکان، کە بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی دادوەری و نوێنەرایەتی پەرلەمان و وەزارەتی داد و دەستەی دەستپاکی و ئەکادیمیای کوردی بەڕێوەدەچن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە شاری بۆشەھر کرێکارانی پڕۆژەیەک چوونەپاڵ خۆپیشاندەران و رێگایەکی سەرەکییان داخست، ھەروەھا لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای کرماشان، بە ھۆی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان گەنجێک بە ناوی (ئارین موریدی) تەمەن ٢٢ ساڵ گیانی لەدەستدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێک لە خۆپیشاندرانی خەڵکی سەقز بە ناوی (ئیسماعیل دزوار) کە سێ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ھێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.
ڕێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەمڕۆ بنەماڵەی دزواریان بانگکردووە و ھەڕەشەیان لێکردوون کە ھۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە ڕووداوی ھاتووچۆ ڕابگەیێنن، لە پرسەنامەکەشی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ھۆکاری مردنی ناوبراو بە ڕووداوی ھاتووچۆ نووسراوە.
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەی پریپەید بۆ بە ٢٤ سەعاتکردنی کارەبا بەردەوامە، لە ئێستاشدا ھاوبەشانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر و بازاڕی دھۆک و ئەڤرۆ ستی لە دھۆک کراونەتە سیستەمی پریپەید و ٢٤ سەعات کارەبایان ھەیە.
راشیگەیاندوە، لە ھەرێمی کوردستان شەش ھەزار و ٣٥٦ ھاوبەشی کارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و ئەکتیڤ کراون، بازاڕی لەنگەی ھەولێر ھەزار و ٤٥٧ ھاوبەش و لە بازاڕی دھۆک ھەزار و ٥٢٤ ھاوبەش و لە ئەڤرۆستی سێ ھەزار و ٣٨٥ ھاوبەشی کارەبا بە سیستمەکەوە بەستراون.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو سیستەمە سەرەڕای باشترکردنی رەوشی کارەبا، بارگرانی سەر فیدەرەکانی کارەبا بە رێژەی ٤٠٠٪ کەمدەکاتەوە و کرێی کارەباکەشی بە ھەمان نرخی ئێستای کارەبایە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری و ئاسایشی حکومەتی فیدڕاڵ دوو کەسی داواکراو بە ماددەی چواری تیرۆر لە سلێمانی و بەغداد دەستگیرکران.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لەپێناو دابینکردنی ئاسایش و ئارامی لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێری کردنی وورد لە کارێکی پێکەوەیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری و ئاسایشی حکومەتی فیدڕاڵ، توانرا دوو دواکراوی ھەڵھاتوو کە داواکراوێک لە شاری سلێمانی و دووەم داواکراو لە ناوچەی مەدائین لە بەغداد دەستگیربکەن و ڕووبەڕوی یاسایان بکەنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە دیدارێکدا جەخت لە پێکھێنانی حکومەتێک کرایەوە، ببێتە مایەی رەزامەندی ھەموولایەک و وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت.
ھاوکات سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سووربوونی یەکێتی بۆ چارەسەری سیاسییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ھاوبەشیی راستەقینە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی ھەمووان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، دەبێت بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان بنەمای کارکردنی داھاتوو بێت.
سەبارەت پرسی سەرۆککۆماریش بەرچاوڕوونی دایە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رایگەیاند، لەسەرەتاوە نەک بەتەنیا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵکو بۆ ھەموو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بڕوایان بە یەکھەڵوێستی و یەکگرتوویی کورد ھەبووە لە بەغداد، پۆستی سەرۆک کۆماریش ھەر لە چوارچێوەی ھەوڵەکانە بۆ پاراستن و بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد.
بەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەوام لە سەرجەم خوێندنگەکانی پارێزگای سنە بۆ ئەمڕۆ راگیراوە، ئەوەش بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە لایەن مامۆستایان و خوێندکارانە لە بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندەران و ئەو رەوشەی لە ئێران دروستبووە. ھاوکات تا ئێستا خۆپیشاندان لە شەقام و زانکۆکانی رۆژھەڵات و ئێران بەردەوامە و ھەمووان ناڕەزایی دەردەبڕن. رۆژی شەممەش لە سەر داوای چالاکان و رێکخراوەکانی مەدەنی، مانگرتنی گشتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو و لە ھەندێک شوێن گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و بەوھۆیەشەوە نزیکەی ٥ کەس لە سنە و شارەکانی تری رۆژھەڵات گیانیان لەدەستدا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، تائێستا زیاتر لە دوو ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون، لە ناویاندا زیاتر لە ١٠٠ ژنە چالاکوان ھەیە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا زیاتر لە ١٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی ٣٠ کەسیان کوردن.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی چەند تەرمێک تیمەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکەو بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان ئەو چوار کەسەی گیانیان لە دەستداوە بەھۆی تەزووی کارەباوە بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی بڕیاری راپۆرتی پزیشکی دادی سلێمانین تا دڵنیا ببنەوە ھۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو خێزانە چی بووە.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی جولەکانی سلێمانی تەرمی چوار ئەندامی خێزانێک کە لە دایک و باوک و دوو منداڵ پێکھاتبوون دۆزرانەوە.
د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی تا ١"ی کوردسات نیوز وتی، زیاتر لە ٣ ھەزار کەس بەھۆی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر خراونەتە زیندان و پێویستە سەنتەرێکی چارەسەرکردن بۆ ئەم زیندانییانە بکرێتەوە.
لەبارەی زیندانییانی بادینان، دیندار زێباری وتی، داوامان لە کونسوڵخانەکان کردووە لیژنەی یاسایی بھێنن و لەگەڵ دادوەرەکانی ھەرێم دانیشتن بکەن لەسەر کەیسی زیندانیانی بادینان.
دیندار زێباری ژمارەی بێسەروشوێنبووانی شنگالی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، نزیکەی ٣ ھەزار ھاوڵاتی شنگال کە لەلایەن چەکدارانی داعش رفێندراون، تا ئێستا بێسەروشوێنن.
لەبارەی رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دیندار زێباری وتی، ژنکوژی زیادی نەکردووە بەڵکو ھۆشیاری بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە زیادی کردووە.
دیندار زێباری راشیگەیاند، "ھەرێم بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست زۆرترین ئازادی تیایە لە ھەموو ڕویەکی ڕۆژنامەنوسی و مافی مرۆڤەوە."
لە سنوری سلێمانی پڕۆژەکان بە دوو جۆر پۆلێن کراون، یەکەمیان ئەو پڕۆژانەن کە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و ھێشتا تەواو نەبوون و پلانیش نییە لە ئایندەدا تەواو ببن، دووەمیان ئەو پارانەن کە لە بانکەکان و تەمویلدا گیریانخواردووە.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی چاکسازی لە بۆری غازی وێستگەکانی کارەبا بۆ ماوەی سێ رۆژ پێدانی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی کەمیکردبوو، بەڵام دوای تەواو بونی کارکردن لە چاکسازی بۆری غاز ئەمشەو رەوشی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و ١٨ سەعات کارەبا دەدرێت بە ھاوبەشانی کارەبا.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، لە پڕۆسەی چاکسازی لە بۆری غاز ھەوڵیانداوە لە سەعاتێک بۆ دوو سەعات زیاتر کارەبای نیشتمانی کەمنەبێتەوە، لە ئێستادا کێشەکە چارەسەرکراوە و رەوشی کارەبا ئاسایی بۆتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆکی ھەدەپە رایگەیاند، چارەسەرکردنی پرسی کورد کاری ھەمیشەیی و لە پێشینەی ھەدەپە دەبێت و لە ناوەندەکانی بڕیاردا کار بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکرێت.
وتیشی بە بێ کەشێکی دیموکراسیی، پرسی کورد ھەرگیز چارەسەر ناکرێت، بۆیە دەبێت لە رێگەی ئەو ھێزانەی باوەڕیان بە دیموکراسیی و ئازادییەکان ھەیە کاری ھاوبەشی پتەو بکرێت.
بوڵدان راشیگەیاند، دووبارە بونیاتنانەوەی تورکیا ئەرکی سەرشانی کورد و تورکە. بەگرتنەبەری ئەم ئاراستەیە دەتوانرێ لە داھاتوودا پرسی کورد چارەسەر بکرێت.

د.نەرمین مەعروف غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، دوای ھەوڵێکی زۆر لەگەڵ ھاوکارەکانم لە لیژنەی دارایی، لە یاسای ئاسایشی خۆراک (١٥٠) ملیار دینارم چەسپاند لەناو یاساکە، بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کە لە بڕگەی (١٧) خشتەی (ب) ناوی ھاتووە.
وتیشی، لەچەند رۆژی رابردوو بە نووسراوێک داوام لە وەزیری تەندروستی کرد، کە میکانیزمی خەرجکردنی ئەو پارەیەم بۆ رونبکاتەوە، ئامانجیشم ئەوەبوو پشکی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان لەو بڕە پارەیە بزانم و بە چ شێوەیەک دەتوانرێت دابین بکرێت بۆیان".
د.نەرمین مەعروف، ئاماژەی بەوەشدا "وەزیری تەندروستی عێراق وەڵامی دامەوە و پێی وتم، کە نەخۆشخانەکاتی تایبەت بە شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان دەتوانن داوای پێداویستییەکانی خۆیان بکەن و ئێمەش لەچوارچێوەی ئەو پارەیەی لە یاساکەدا دیاریکراوە بۆیان دابین دەکەین، منیش بەنووسراوێک داوام لە نەخۆشخانەی ھیوا کرد پێداویستییەکانی خۆیان بنووسن".
باسی لەوەشکرد "نەخۆشخانەی ھیوا وەڵامی نووسراوەکەی منیان دایەوە و داوای کردنەوەی (سەنتەرێکی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک) یان کردووە، لە نووسراوەکەشیاندا ئەوەیان رونکردۆتەوە، کە ٢٠%ی توشبووانی شێرپەنجە ئەو ژنانەن کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئەوان بۆیە داوای ئەو سەنتەرەیان کردووە، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی بتوانن پشکنینی پێشوەختەی تێدا ئەنجام بدەن و ئەگەر دەرکەوێت کەسێک توشبووە و لە سەرەتاکانی توشبوونییەتی فریای بکەون و چارەسەری بۆ بکەن، وەک لەوەی کاتێک پێی بزانن کە ئەگەری چارەسەری کەمتر دەبێت".
د.نەرمین مەعروف، ھێمای بۆ ئەوەشکردووە "دواتریش من داواکارییەکەی نەخۆشخانەی ھیوا – م، بە نووسراو ئاڕاستەی وەزیری تەندروستی کرد، ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر نووسراوەکە، کە ئەو سەنتەرە بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دروست بکرێت لە پشکی ھەرێمی کوردستان لەو (١٥٠) ملیار دینارەی لە یاسای ئاسایشی خۆراک بۆ نەخۆشی شێرپەنجە تەرخانکراوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیشی کردەوە "من بەردەوام دەبم لە چاودێریکردنی بڕیارەکە تا کردنەوەی سەنتەرەکە بۆ پارێزگای سلێمانی".
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان کە ٢٣ رۆژە درێژەی ھەیە، ئەمڕۆ لەسەر داوای چالاکوانان و رێکخراوەکان، مانگرتنی گشتی و رێپێوان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت.
دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان لە رۆژھەڵات بەردەوامی ھەیە و رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، حسێن سەفامەنش ھونەرمەندی ناسراوی کرمانشان داوای راگرتنی ھاوکاری و کارەکانی لەگەڵ وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئێران وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی تارانەوە بانگھێشتکراوە و دەستبەسەرکراوە.
لە درێژەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش، کەنەدا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئێراندا راگەیاندو سەردانی ١٠ ھەزار بەرپرسی بۆ خاکی وڵاتەکەی قەدەغەکرد.
ھەروەھا فەرەنسا و ھۆڵەندا داوایان لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکانیان و ئەو کەسانەی ھەڵگری دوو رەگەزنامەن کرد، بەزووترین کات ئێران جێبھێڵن بەو پێیەی مەترسی گرتن و دادگایکردنیان لەسەرە.
لەلایەکی تریشەوە، ٢٠ رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، لەنامەیەکدا داوایان لە جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا کرد پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ئێران بکات ، ھەروەک داوایان لە ئەمریکا کرد بانگھێشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بکات و لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکانی ئێران بکات.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) دروودی خوای لەسەر بێت، پیرۆزبایی لە مسوڵمانانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھەموو جیھان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە مایەی خێرو خۆشی و گەلەکەمان بخاتە سەر شاڕێی یەکڕیزی و تەبایی و لێبوردەیی و یەکگوتاریی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانماندا.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران