ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەبەرھێنانی کانزایی لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو پڕۆژەیە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوری ھەرێم و ڕێکخستنەوەی بواری وەبەرھێنان لە سامانی کانزاکانی ھەرێم بە دید و ستراتیژێکی نوێ کە باشترین ئەزموون و پێوەر و ڕێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت، ئەو پڕۆژە یاسا نوێیە، دەبێتە ھۆی مسۆگەرکردن و ھاندانی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە ھەرێمی کوردستان.

ھاوکات تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشکردنی نەوتی سپی کە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ رەزامەندیداوە لەسەر ناردنی بڕی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش ئامادەکاریی پێویستی کردووە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە، لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی ھەرێم بە سەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.

ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری لێخۆشبوونی دەرکرد بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو "منحە"یەی وەریان گرتووە، وەزارەتی دارایشی راسپارد بەجێبەجێکردنی پێشنیارەکە و بەدەرکردنیان لە ڕێنمایی دارایی.