راگەیەندراوی کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکرات بڵاوکرایەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکان:
لەچوار چێوەی سەردانەکانی وەفدی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ، پێش نیوەڕۆی ئیمڕۆ لە شاری سلێمانی ھەڤاڵان ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و دکتۆر میران محمد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەرێزان مستەفای سەید قادر و ئاسۆ ڕەحیم و شێخ کامیل و بەختیار ئەولی و دلێر عەبدولخالق ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی کۆیونەوە.
وەفدی ھەردوولا تەئکیدیان لەسەر برەودان بە کاری پێکەوەیی لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردەوە.
ھەر ئەمرۆش وەفدەکە لە گوڵەخانە لە لایەن بەرێز محمدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازیان لێکرا و لە کۆبونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی فاتح مەحموود لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی ، محەمەد دۆلاشی ، سادق محێدین و رزگار غەفور کارگێرانی مەکتەب سیاسی و شادمان رۆستەم و سەلاح حاجی عەلی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەرێوەچوو ، ھاوخەباتی و پێکەوەیی لە مێژینەی ھەردوولا دوو پاتکرایەوە.
وەفدی یەکێتی لە ھەردوو کۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی ئێستای حوکمڕانی گەیاندە ھەردولا و تەئکیدیان لەوە کردەوە ھەموو ئەوانەی کە ئێستا ڕوو دەدەن دەرئەنجامی ویستێکی تاک ڕەوییە کە دەیەوێت ڕۆڵی لایەنەکانی تری کوردستان فەرامۆش بکات راشیانگەیاند کە ئێمە ناتوانین بەردەوام بین لەگەڵ بارودۆخێکی وەھادا.