دوای شەش ساڵ زیندانیکردن ئایسەڵ توغڵوک پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپە ئازادکرا
کوردسات نیوز
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
ئایسەڵ توغڵوک پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی کۆجائەلی لە تورکیا زیندانی کرابوو لەسەر دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ و چەند تۆمەتێکی دیکە، بەڵام دوای شەش ساڵی زیندانی، لەلایەن دادگای باڵای تورکیاوە ئازادکرا.
ئازادکردنی ئایسەڵ توغڵوک دوای ئەوە دێت کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگای پزیشکی داد لەژێر فشاری پارێزەران و چالاکواناناندا، ڕاپۆرتێکی لەبارەی رەوشی تەندروستیی ئایسەڵ توغڵوک ئاراستەی دادگا کرد و رایگەیاند، توغڵوک بەھۆی خراپیی رەوشی تەندروستییەوە، ناتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە، بۆیە دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا و بڕیارە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بگوازرێتەوە بۆ شاری ئەستەنبوڵ.