وەفدێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
وەفدەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە پێکھاتبوون لە ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و د.میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی.
وەفدەکەی یەکێتی لەلایەن مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی ھەرێم و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.
ھاوکات بڕیاروایە ھەر ئەمڕۆ وەفدەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەردانی گوڵەخانە بکەن و لەگەڵ محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە.
رۆژی چوارشەممە وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە سلێمانی و ھەولێر سەردانی "یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان"یان کرد و نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی حوکمڕانی گەیاندە ھێز و لایەنە سیاسییەکان.