کوردستان

پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە سنوری برادۆست لەشکرکێشی کردووە و سەربازەکانی سوپای تورکیا ھاتوونەتە ناو گوندەکانی "لێلکان و خەلیفان و ھەڵکێڕان" لە دامێنی چیا دێل لە ناوچەی دەشتی ھێل لە سنوری برادۆست.


وتیشی، لە ئێستادا سوپای تورکیا بە درێژایی سێ کیلۆمەتر پێشڕەوییان بۆ ئەو گوندانە کردووە، ھاوڵاتیان و دانیشتووانی ئەو گوندانەش بەھۆی پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا ترس و دڵە ڕاوکێیان لەلا دروستبووە و نیگەرانن تا ئێستا حکومەتی ھەرێم و لایەنی پەیوەندیدار نەھاتوونەتە دەنگ تا داوا لە سوپای تورکیا بکەن پێشڕەوییەکانیان رابگرن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"حازم ئیسماعیل گۆران" بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، ھەوڵێکی زۆریانداوە سیستەمی ئەلکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دوو ساڵە لەگەڵ ڕێکخراوی UNDP کار دەکەن و سیستەمێکی ئەلکترۆنییان دروستکردووە کە ١٤ بەڕێوەبەرایەتی بەیەکەوە دەبەستێت ئەو ١٤ بەڕێوەبەرایەتیە لەمەودوا کاری خانەنشینان بە کاغەز و بە فایل ناکەن، بەڵکو بە ئەلکترۆنی دەبێت، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەو سیستەمە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بانکەکانی ھەرێمیش ئەوانەی سەر بە حکومەتن چەند بانکێکیان بە ئەلکترۆنی کردووە ئێستا خەریکن وەکو بەغداد کارتی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست بکەن.

وتیشی، ھەوڵدراوە ھەر خانەنشینانێک کارتی خۆی ھەبێت و ھەندێک ئامێر دادەنرێت کە ئەو قەرەباڵغیە دروست نەبێت و خانەنشینان بتوانن بە کارت مووچەکانیان وەربگرن.

بە وتەی بەڕێوەبەری خانەنشینی ھۆکاری قەرەباڵغی بانکەکان دەگەڕێتەوە بۆ زۆری خانەنشین و کەمی ئەو بانکانەی دیاریکراون بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشی پێشبینییەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە پارێزگای ھەولێر ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ درووستبوونی ھەندێ پەڵە ھەور و سبەی ھەینی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت لە کاتەکانی شەودا دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ١٦ پلەی سیلیزی  و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٧ پلەی سیلیزی .


پارێزگای  سلێمانی ئەمڕۆ پێج شەممە ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت  و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ١٤ پلەی سیلیزی بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٧ پلەی سیلیزی دەبێت.


لە پارێزگای دھۆکیش ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی ھەندێک پەڵە ھەور و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو  ١٤ پلەی سیلیزی  و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٦ پلەی سیلیزی .


لە پارێزگای ھەڵەبجەش، ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت و سبەی ھەینی  ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو  ١٣ پلەی سیلیزی و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٢٧ پلەی سیلیزی دەبێت.


پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت لەگەڵ ھەبوونی تۆزێکی سووک ، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت  و  نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو  ١٨ پلەی سیلیزی  وبەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو ٣١ پلەی سیلیزی دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دیداری یەکێتی لە ھەولێر رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە یەکێتی بکەنە ھێزێکی سەرەکی لە بڕیاردانی سیاسی لە عێراقدا و ھەر لەسەرەتاشەوە بڕوایان بە یەکریزی ھێز و لایەنەکان ھەبووە و ئیستاش بڕوایان پێیەتی، بەڵام ئەگەر لایەنێک بیەوێت ئیرادەیان بشکێنێت قبوڵی ناکەن.


وتیشی، ھیچ کاتێک پۆست لای ئەوان گرنگ نییە و بەڵکو داخوازییەکانی ھاوڵاتیان بەلایانەوە گرنگە، ئەوانیش بابەتەکانی خاک و داھات و پێشمەرگەن و لەسەرو ھەمووشیانەوە کەرکوک، کە ھیچ کات سازشی لەسەر ناکەن و بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە لە بەغداد.


ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە ھێزە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابینشن و  بە پڕۆژەیەکی کوردانە بچنە بەغداد، کە لە ئاستی داخوازییەکانی ھاوڵاتیانی کوردستان بێت تا بتوانن لە بەغداد دەستکەوتی باشتریان ھەبێت. 


لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دەڵێت، " ئێمە بە گرنگی دەزانین چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، بەڵام مەرجی ئێمە وەکو یەکێتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە، کە ئەویش پێویستی بە سازانی نیشتمانی ھەیە، ناکرێت ئیرادەی ھێزێک فەرز بکرێت بەسەر زۆرینەدا".

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، لە ‌ئەنجامی شەڕی نێوان دوو کەسدا لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، یەکێک لەشەڕکەرەکان بەچەقۆ ھێرش دەکاتە سەر کەسەکەی ترو بەسەختی برینداری دەکات، دوای رووداوەکە ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو توانرا تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربکرێت.


ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتبار (ھـ، ر، ق) لەدایکبووی ١٩٩٥ بەبڕیاری  دادوەر راگیراوە، تۆمەتبارەکە پێشینەی ھەبووە و پێشتر بەتاوانی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر سزادراوە. 


پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، لەلایەکی ترەوە و ھەر لەناو بازاڕی شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەخەنجەر بۆکس ھێرش دەکاتە سەر کەسێک ‌و بەسەختی برینداری دەکات، دوای رووداوەکە ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربکرێت.


ئاشکراشیکردووە، لەئێستادا تۆمەتبار (م، ع، م) لەدایکبووی ١٩٩١ بەبڕیاری  دادوەر و بەپێی ماددەی (٤٠٥/٣١) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاراز حەمە غەریب بەرێوەبەری خانەنشینی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ژمارەی بانکەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان کەمە و پێویستە زیاتر بکرێن، بەم رێگەیە دەتوانرێت کێشەی قەرەباڵغی لەکاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیناندا چارەسەر بکرێت.


وتیشی، پشینیازیانکردووە ھەر کەسێک خانەنشین دەبێت لای ئەوان مامەڵەکانی بۆ بکرێت، بەڵام مووچەکەی بۆ بنرێنەوە ئەو فەرمانگەی پێشتری دەوامی لێکردووە و مووچەی لەوێ وەربگرێت، تا قەرەباڵغی لەبانکەکان کەمبێتەوە.


ئاراز حەمە غەریب راشیگەیاندووە، پێشتر بەپێی ژمارە مووچەیان دابەشدەکرێت، بەڵام سەرکەتوو نەبوو، چونکە خانەنشینان وەکو پێویست پێوەی پابەند نەبوون.


بەرێوەبەری خانەنشینی سلێمانی ئاشکراشیکرد، لە پێش بەغداد ئەوان مووچەی خانەنشینانیان کردووە بە کارت، بەڵام سەرکەتوو نەبوو، بەھۆی ئەوەی ئەو بانکەی مووچەی لێدەبەشدەکرا مایەپووچ بووە و بەشێک لە خانەنشینان نەخوێندەوارن بوون و خەڵکان دەچوون پارەکەیان بۆ وەردەگرتن و فێڵیان لێدەکردن.


لە سلێمانی زیار لە ٤٦ ھەزار خانەنشین لە ١٤ بانکدا مووچە وەردەگرن، زۆری ژمارەی خانەنشین و کەمی بانکەکان وایکردووە لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بانکەکاندا دروست ببێت، لەماوەی رابردوودا بەھۆی قەرەباڵغییەوە سێ خانەنشین لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی رایگەیاند، رێگە نادەن لە مانگی رەمەزاندا ھیچ کەس و لایەنێک بەھۆی زۆربوونی خواستەکانەوە نرخی خۆراک بەرز بکاتەوە.


وتیشی، بڕیارە لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا دوو بەشەخۆراکی مانگانە بدرێت بە ھاوڵاتیان کە بارگرانی سەرشانی ھاوڵاتیان کەمدەکاتەوە.


قائیمقامی سلێمانی تەئکیدیکردەوە، بڕێکی زۆر خۆراک و پێداویستی لە بازاڕو کۆگاکاندا ھەیەو لەگەڵ ئەوەشدا بە وردی چاودێری کوالێتی و نرخەکان دەکەین و بڕیادراوە چاودێری و بەدواداچونەکانی تەواوی لیژنەکان زیاتر بکرێن و لیژنەیەکی تایبەتیش بە مانگی رەمەزان پێکبھێنرێت.

دەستخۆشی لەو شوێنانە دەکەن کە لەلایەن خۆیانەوە بڕیاریان داوە نرخەکان دابەزێنن، رێکاری توندیش لەگەڵ ئەو کەسانە دەگرینە بەر کە نرخی خۆراک لە مانگی رەمەزاندا بەرزدەکەنەوە.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا ھەر چێشتخانەیەک دەیەوێت کار بکات رێگەی پێدەدرێت بەمەرجێک رێز لە مانگی رەمەزان و رۆژووانان بگرێت و لە رۆژانی جەژنیشدا چێشتخانەکە کراوە بێت و تەواوی شوێنەکانی مەیفرۆشتن دادەخرێن و رێگە بە کردنەوەیان نادرێت.

 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسماعیل علی ئاغا لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، لە سبەی ھەینی ١ی ٤ی ٢٠٢٢ و ڕۆژانی دواتر گەشتیاران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بیانی تەنھا بوونی بەڵگەنامەی وەرگرتنی ھەردوو دۆزی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەتوانن لە دەروازەی باشماخەوە ھاتوچۆ بکەن و پێویستیان بە ئەنجام دانی پشکنین نابێت. 


وتیشی، بەپێی ناوەڕۆکی بەیانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک دۆز ڤاکسین لەجۆری (جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن)یش پێویستیان بە ئەنجامدانی پشکنین نابێت،  بەپێچەوانەوە یەک دۆزی ڤاکسینەکانی تر یاخود ھیچ ژەمێکی وەرنەگرتبێ پێویستە پشکنینی کۆرۆنا لەجۆری (PCR)یان ئەنجام دابێت کەماوەی ٧٢ سەعات بەسەر دەرچوونی ئەنجامەکەیدا تێپەڕنەبووبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتیشی، دیداری یەکێتی دیدارێکە بۆ نوێکردنەوەی سیاسەتی یەکێتی سەبارەت بە پڕۆسەی حکومڕانی و پەیوەندییەکان و چۆنیەتی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ئاریان ئاگرین" بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای کۆنسڵ ترانسی ئیسپانی گرێبەستێکیان ئیمزاکردووە.

بە پێی گرێبەستەکە کۆمپانیاکە لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا کۆمەڵێک ڕاپۆرت ئامادە دەکات، لە بواری ئابوری و ژینگە و کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو پڕۆپۆزەڵەی پێشکەشکراوە نزیکەی ٩١٥ کیلۆمەترە و لە سێ قۆناغی سەرەکی پێکدێت، لە قۆناغی یەکەمدا خاڵی ئیبراھیم خەلیل بە خاڵی پەروێزخانەوە دەبەستێتەوە، کە تورکیا و ئێران و عێراق بە یەکەوە گرێدەدات، قۆناغی دووەم و سێیەمیش ھێڵە لاوەکییەکان دەگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لیژنەکەیان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئیمزا کردنی پێشنیازە یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.


وتیشی، لیژنەکە بڕیاریدا بەپێی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ۷۸ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی یاسایی ئەندامان، پێشنیازە یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان ئیمزا بکرێت و ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی لە ئاگادارییەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەمەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز، ئێوارەی سبەی ھەینی ١ی ٤ی ٢٠٢٢ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەت، بەھەماھەنگی لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. 


راشیگەیاندووە، بەپێی بەڵگەی شەرعی پێویست، بڕیار لەسەر دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەدەن .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
میدیاکانی ھۆڵەندا بڵاویانکردەوە، کەسێکی چەکدار دەستڕێژی گولەی لە دوو ھاوڵاتی خەڵکی دێرسیمی باکوری کوردستان کردووە و لەئەنجامدا ھەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەڕی کریمێستێ-ی ھۆڵەندی بڵاویکردەوە، ڕووداوی تەقە کردنەکە لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکانی مەکدۆناڵد لە شاری زۆلێ لە ھۆڵەندا ڕوویداوە و کوژراوەکان برای یەکدین. 

یەکێک لە کوژراوەکان تەمەنی ٥٧ ساڵە و ئەوەی دیکەشیان ٦٢ ساڵە و بە ناوی عەلی تۆرونلار و حوسێن تۆرونلار ناسێندراون.
 
پۆلیسی ھۆڵەندا ڕایگەیاند ڕووداوی تەقەکردنەکە ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ڕوویداوە  و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

پۆلیسی ھۆڵەندا دەڵێت "یەکێک لە قوربانییەکان ھەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا و ھەوڵماندا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دیکە کە لە ژیاندا مابوو، بەڵام بێسوود بوو، ئەوی دیکەش ھەر لەو شوێنە گیانی لەدەستدا."
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتیشی، لە ١ی نیسانەوە لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی گەشتی دەرەوەی ھەرێم دەکەن یا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن پشکنینی PCR نابێت، ئەگەر کارتی ڤاکسینیان پێبێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕێنماییەکانیدا داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات بۆ وتارەکانی پاش "نوێژی عەسر" تەنیا بڵندگۆی نێو مزگەوت مزگەوت بەکار بھێنن و وتارەکانیان تیشک بخەنە سەر "بابەتەکانی رۆحی و ئەخلاقی و پەروەردەییەکان."

ھەر لە ڕێنماییەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دەبێت چێشتخانە و گازینۆ و دووکان و بازاڕەکان ڕێز لەم مانگە بگرن.

ھەرەوھا دەشڵێت "لەم مانگە پیرۆزەدا ھەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە دام و دەزگا فەرمییەکاندا پێشکەش ناکرێت."

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش کردووە لە شەوانی کۆتایی مانگی رەمەزاندا دەرگای مزگەوتەکان کراوە دەبن لە ١٠ی شەوەوە تا نوێژی بەیانی بە سەرپەرشتی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکان.

ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ مانگی ڕەمەزان:


May be an image of text

May be an image of text

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ئەمڕۆ لە یاریگای چیا لە شاری سلێمانی، ڕێورەسمی یاری کۆتایی خولی لیژنەی تیپە میللیەکانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، خولەکە بۆ ٨٢ تیپی ئاستی پلە دوو کرابۆوە.

لەدوای کۆتاییھاتنی خولەکە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خەڵاتی تایبەتی بەسەر ھەردوو تیپی یەکەم و دووەمی خولەکە و یاریزانە سەرکەوتووەکاندا دابەشکرد.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد تێچووی خولی لیژنەی تیپە میللیەکانی شاری سلێمانی لەئەستۆ گرتبوو و ئەمڕۆ خولەکە کۆتایی ھات.

نوسینگەی تایبەتی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕایگەیاند "ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەک وەرزشکار و وەرزش دۆستان و کەسایەتی ئامادەی بوون، لیژنەی باڵای تیپە میللیەکان و یاریزانان و نوێنەری تیپە میللیەکان، پێزانینی تایبەتیان پێشکەشی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کرد و سوپاسیان کرد بۆ لە ئەستۆگرتنی تێچووی ئەم خولە و پشتیوانیی و خەمخۆری بەردەوامی وەرزشکاران."
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...541542543544545...799