وەزیری دارایی: لەگەڵ بەغداد لێکتێگەیشتن کراوە لەسەر فرۆشتن و داھاتی نەوتی ھەرێم
کوردسات نیوز
٧ی شوباتی ٢٠٢٣
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ کلاوس شتڕایشەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێم رایگەیاند، لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە بڕوایان بەوە بووە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن، لەو پێناوەشدا زیاتر لە ٣٠ جار سەردانی بەغدایدان کردووە و دوای دانوستانێکی دورو درێژ گەیشتوونەتە ڕێکەوتن لەسەر بودجەو نەوت و ماددەی ١٤٠.
وتیشی، گرنگی دەدەن بەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بە یاسا رێکبخرێت و دادگایەکی بێلایەنی تایبەتمەند ھەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە ھەڵپەسێردراوانەی لەنێوان ھەردوولادا ھەن، رونیشیکردەوە وەفدی ھەرێم ئامادەیی نیشانداوە بۆ وردبینی لەسەرجەم داتا و زانیار و دۆسیەکانی تایبەت بە فرۆشتنی نەوت و داھاتی ناوخۆ و چەند جارێکیش وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ھاتونەتە ھەرێم و ھاوکاری تەواوکراون، لەلایەکی ترەوە لێکتێگەیشتنی تەواوکراوە لە رێگای لیژنەی ھاوبەشەوە چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەی دەرھێنان و فرۆشتن و داھاتی نەوتی ھەرێم بکرێت.
کونسوڵی ئەڵمانیاش لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغداد ھەیە و ئەوانیش ھاوکار و پشتیوان دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنیاتنەرانە.



