"ھیوا عەلی"وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوە کە تورکیا بخرێتە لیستی قەدەغەی ھاوردەی بەرھەمی پەلەوەرییەوە، چونکە تورکیا لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیھانەوە خراوەتە ریزی ئەو وڵاتانەی ئەنفلۆنزای باڵندەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، لەبەرئەوە پێویستە ھاوردەی بەرھەمی پەلەوەری لە جۆرەکانی مریشک و ھێلکە و باڵندەوە قەدەغە بکرێت.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەڵام لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی ھەرێم کردوە کارکردن بەو نوسراوەی وەزارەتی کشتوکاڵ رابگرن و کاری پێنەکەن، لە ئێستادا گومرگی ھەرێم کار بەنوسراوەکە ناکات.