بومەلەرزە بەھێزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا لە ھەرێمی کوردستانیش ھەستیپێکرا
کوردسات نیوز
٦ی شوباتی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، سەعات ٤:١٧ بومەلەرزەیەک بە پلەی ٧.٨ بە پێوەری رێختەر باکوری کوردستان و تورکیا و سوریای گرتەوە و دوای سێ خولەک لە بومەلەرزەکە سەعات ٤:٢٠ لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەستی پێکرا کە مەزندە دەکرێت پلەکە ٤.٧ بە پێوەری رێختەر کاریگەری لە ھەرێمی کوردستان ھەبووبێت و لە پارێزگای دھۆک زیاتر ھەست بە بومەلەرزەکە کراوە.
پەیامنێرانی کوردسات نیوز رایانگەیاند، بەشێک لە ھاووڵاتیانی دھۆک و ھەولێر بە تایبەت ھاووڵاتیانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ماڵەکانیان ھاتنەدەرەوە و بۆ ماوەیەک لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان مانەوە. دەشڵێن، بومەلەرزەکە لە ھەرێمی کوردستان ھیچ زیانێکی نەبووە.



