قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند،  لە یەکەم رۆژی کەمپینی ھاوخەمتانین بڕێکی زۆر خواردن و پێداویستی گەیەندراوەتە کەمپینەکەو بۆ ئەمەش سوپاسی نەبڕاوەی ھەڵوێست و خەمخۆری خەڵک و سەرمایەدارانی سلێمانی و ھەموو کوردستان دەکەین بۆ گەیاندنی کۆمەک و ھاوکارییەکانیان. 

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە حەوتی شوبات کۆبوونەوەی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی کەمپینی«ھاوخەمتانین» بۆ بەھاناوەچونی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان لە مۆزەخانەی  نیشتیمانی ئەمنە سورەکەی سلێمانی بەڕێوەچوو کە تێیدا پلان و میکانیزمی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەکەکان لە نزیکترین ماوەدا تاوتوێ کرا.

قائیمقامی سلێمانی وتیشی، داوا لە سەرمایەدارانی بەڕێز و رێکخراوە خێرخوازییەکان و ھاوڵاتیانی سلێمانی و ھەموو ھەرێمی کوردستان دەکەین تا رۆژی شەممەی داھاتوو ١١ مانگ وەک ھاوخەمی و ھەڵوێستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئاینی و مرۆیی کۆمەک و ھاوکارییەکانتان بگەیەنن بە کەمپینەکە بۆئەوەی زۆرترین بڕی کۆمەک و ھاوکاری بگەیەنین بە خوشک و براکانمان لە باکور و رۆژئاواو رۆژھەڵاتی کوردستان کە ئێستا لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردان ، چاوەڕێی کۆمەک و ھاوکارییەکانتانین ھەروەک سوپاستان دەکەین لە یەکەم رۆژی کەمپینەکەدا بڕێکی زۆر خواردن و پێداویستیتان گەیاندە کەمپینەکەو بەم ھەڵوێستە ئەو پەڕی دڵسۆزی پەرۆشی خۆتان نیشاندا.

 قائیمقامی سلێمانی دەشڵێت، لەماوەی ئەم چەند رۆژەی ھەڵمەتەکەدا چاوەڕێ دەکرێت دەیان تۆن کۆمەک و ھاوکاری کۆبکرێتەوەو بەپێی ئەو پلانەی کە دانراوە لە ماوەیەکی نزیکدا رەوانەی باکور و رۆژئاواو رۆژھەڵاتی کوردستان دەکرێت.

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی