وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند،دەست دەکەن بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی پێنج.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە؛ ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) رێکارە دارایی و ژمێڕیاریەکان تەواو دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای تەواو کردنی رێکارەکان، رۆژی دووشممە(6ـی 7ـی2026) دەست دەکەن بە دابەشکردنی هاوکارییەکە بەسەر پێشمەرگەکاندا.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دۆسییەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەدی ئاڕاستەی داواکاریی گشتیی کرد و داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دەکات.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی، لە نووسراوێکی رەسمیدا کە ئاڕاستەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە سلێمانی کردووە، داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات بەرانبەر (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا)، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەوەش دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەی نامە دەنگییەکانی.
بەپێی نووسراوەکە، کە ئیمزای د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەسەرە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای نووسراوی پێشووی داواکاری گشتی و لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە ئەنجامدراون بۆ گەیشتن بە ڕاستی و ناڕاستی ئەو نامە دەنگیانەی بڵاوبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، سەرجەم بەرایی و بەڵگەنامەکانی تایبەت بەم دۆسیەیەی هاوپێچ کردووە و رادەستی لیژنەی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی لە داواکاری گشتی سلێمانی کردووە بۆ تەواوکردنی رێڕەوی یاسایی دۆسیەکە.
دەستەی گشتیی گومرکەکانی عیراق رێگریکردنی لە هەوڵێکی بەقاچاخبردنی بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک راگەیاند.
دەستەی گشتیی گومركەكانی عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، كارمەندانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كەركوك توانیویانە رێگری لە هەوڵێكی قاچاخچێتیكردنی بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریكی بكەن.
بەپێی راگەیەندراوی رەسمی دەستەكە، پارەكە لە كاتی پشكنینی گەشتیاراندا لە هۆڵی بەڕێكردنی فڕۆكەخانەكە لەلای گەشتیارێك دۆزراوەتەوە، كە بەپێی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عیراق گواستنەوەی نایاسایی بووە. دوابەدوای روداوەكە، كۆنووسێكی رەسمی رێكخراوە و رێكاری یاسایی توند بەرانبەر تۆمەتبارەكە گیراوەتەبەر.
دەستەی گومركەكان جەختی لەوە كردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوبەرایەتی ناوەندەكە و بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدراوە. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە پڕۆسەی چاودێری و پشكنینەكانیان بەردەوام دەبێت و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێكی قاچاخچێتی دەبنەوە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ئابوریی وڵات.
کەشناسی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو راگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانیش پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان ساماڵ دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەینێ دووشەممە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی هەندێک پەڵەهەور لە کات و شوێنی جیاجیادا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئاراستەی با بەرەو باکوری رۆژئاوا دەبێت و خێراییەکەشی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، هەروەها مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو:
گەرمیان: 44 پلەی سیلیزی
هەولێر، هەڵەبجە، چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک، سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ، ئاکرێ: 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 30 پلەی سیلیزی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی هەردوو هاووڵاتی (خورشید لەتیف) و (حەیدەر لەتیف)ی لە قەزای خەبات راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێر، دەستگیرکردنی ئەو دوو ناوبراوە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر فەرمانی دادگا بووە، ئەمەش دوای بوونی چەند سکاڵایەک لەسەر چەند دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە ماوەی رابردوو لە ناوچەکەدا.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە رێوشوێنە یاساییەکان بەرانبەر بە هەردوو دەستگیرکراوەکە گیراونەتەبەر و لە ماوەی داهاتوودا دۆسییەکەیان لەژێر رۆشنایی یاسادا رەوانەی دادگا دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی تەواوی تۆمەتەکان.
نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" رایگەیاند، هیچ بژاردەیەك لە بەردەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا نییە، جگە لە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە تێیدا هاوبەشی راستەقینە بن.
لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە هەرێمی كوردستان یاسای بوودجە دەربكرێت و پەرلەمان كارابكرێتەوە و رۆڵی چاودێری خۆی بگێڕێت و چاودێری كاروبارەكانی حكومەت و ئەو شایستە داراییانە بكات لە چوارچێوەی یاسای بودجە بۆ حكومەتی هەرێم دەچێت.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشدا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بە هاوبەشی راستەقینە لەنێوان یەكێتی و پارتی، كلیلی چارەسەری كێشەكانی نێوان عیراق و هەرێمە.
هەروەها دووپاتیكردەوە، پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور پەرەی پێ بدرێت.
پۆلیسی گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاوین، هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی و کێشەی ئەمنی روی لە زیادبوون دەکات.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە؛ توێژینەوەکان ئەوەیانخستوەتەڕوو، گەرمای توند دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی تووڕەیی، کەمبوونەوەی ئارامی دەروونی و هەندێک هەڵسوکەوتی خێرا و نەگونجاو، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە مشتومڕ و توندوتیژی.
ا پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات، ئارامی خۆیان بپارێزن و لە کاتی تووڕەبووندا بڕیارێکی خێرا نەدەن و لە مشتومڕ و ناکۆکی دوور بکەونەوە و گفتوگۆی ئارام هەڵبژێرن.
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا، ئاگر لە سنوری گوندی زەڵمی هەورامان کەوتەوە، دوای ئەوەی روبەڕێکی زۆری پوشوپاوان و درەخت سوتان، توانرا لەلایەن هاووڵاتییانی و تیمەکانی بەرگریی شارساتنی خورماڵەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لەبارەی ئاگرەکەوە، سەرچاوەیەکی تایبەتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گومانیان هەیە ئاگرەکەی زەڵم بەدەست ئەنقەست کرابێتەوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، ئاگرکەوتنەوەی سنوری گوندی زەڵم سروشتی نییە و بەیانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندایدارەکان بەمەیدانی دەچنە شوێن ئاگرەکە و بەدواداچونی بۆ دەکەن.
"گومان دەکرێت ئاگرەکە لەلایەن دوو ماتۆرسکیلەوە کرابیتەوە و لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردوە"، ئەمەش لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانی هەڵەبجەیە بۆ کوردسات نیوز.
جێی باسە ئەمە دووەم جارە ئاگر لەو سنورە بکەوێتەوە، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا و رۆژی پێنجشەممەی رابردووش بە هەمان شێوە ئاگر کەوتوەوە و دوای چەندین سەعات بەهۆی فراوانی ئاگرەکەوە لە لایەن هاووڵاتیانی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە زەحمەت توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئەمشەو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرە کوردەکان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم تاوتوێ بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی هەفتەی رابردووی نێوان وەفدی باڵای هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە وەریگرتوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق بە وەفدی هەرێمی راگەیاندووە، ئەگەر بۆ ئەم مانگەش بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەست نەکەن، ئەوا پارەی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم بە لێبڕینی ئەو بڕە پارەیەوە رەوانە دەکرێت.
جەختیشی کردووەتەوە، رادەستکردنی ئەم بڕە پارەیە مانگانە بەردەوام دەبێت تا یەکلاییکردنەوەی پرسەکە، چونکە گۆڕانکاری لەم بڕیارەدا تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران و کابینەی وەزاری عیراقدایە.
لە بەرانبەردا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەرێم ئەوەی لەسەر شانی بووە جێبەجێی کردووە، بەڵام لە توانایدا نییە بۆ ئەم مانگانە بڕی 120 ملیار دینار کۆبکاتەوە؛ هەر بۆیە داوایان لە وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عیراق کردووە کە ئێستا لە هەرێمن، وردبینی بۆ داهاتی مانگەکانی چوار تا شەش بکەن و راپۆرتەکەیان بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بەرز بکەنەوە تا قەبارەی راستەقینەی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی هەرێم رون بێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرجەم ئەو تۆمەت و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، وەفدی هەرێم لە بەغداد داوای دواخستنی ناردنی موچەی مانگی حوزەیرانی کردبێت.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە لەلایەن بەشێک لە میدیا و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیاوە دەستیپێکردووە. رایدەگەیەنین کە هەرکەس و لایەنێک باسی لەوە کردبێت وەفدی هەرێم داوای نەناردنی موچەی کردووە، درۆ دەکات."
جەختیشیکردەوە کە وەفدی هەرێم و وەزارەتی دارایی پابەندن بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە موچەی بەدەرکردووە لە سەرجەم کێشە و بابەتە سیاسی و تەکنیکییەکان، بۆیە راگرتن یان دواخستنی موچە بە هیچ پاساوێک قبوڵکراو نییە.
وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد، سەردانی وەفدەکە بۆ بەغداد تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم سێ پرسە سەرەکییە، یەکەم، کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا). دووەم، کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان. سێههم، کێشەکانی لێخۆشبوونی گومرگی، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.
پرسی داهاتی ناوخۆ و ناردنی ڕاپۆرتەکان:
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆ کراوە، و وەفدی هەرێم داوای کردووە مامەڵەکە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی بێت، بە شێوازێک کە (50٪)ی داهاتی ناوخۆ بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئهمریکا لە عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ پیرۆزبایی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکای لە جۆشوا هاریس و گەلی ئەمریکا کرد.
دوایین گۆڕانکارییەکانی رەوشت سیاسیی ناوچەکە و عیراق و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرانەبەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی هەوڵە هاوبەش و دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
کەشناسیی هەرێم ئاشکرایکرد، پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لە کاتەکانی شەویشدا ئەگەری نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو راگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانیش پلەکانی گەرما نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەندێک پەڵەهەور لە هەندێک کاتدا، لە کاتەکانی شەودا، ئەگەری بارینی نمەبارانێکی کەم هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سنوری پارێزگای دهۆک و زاخۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، دوو بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەندێک پەڵەهەور لە کات و شوێنی جیاجیادا.، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لەو پلانەی بۆ ئەمڕۆ شەممە تۆمار دەکرێن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 41 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 40 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 41 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 43 پلەی سیلیزی
ئەمڕۆ، قوباد تاڵەبانی بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی:
گەشبین بووم بە پابەندبوونی بەهێزی تورکیا بە پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە.
ئاماژەی بەوەشداوە: برای بەڕێزم کاک دەرباز و بەندە، دووپاتمان لە پشتیوانیی تەواوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لەپێناو مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە.
ئەوەشی روونکردەوە: هەروەها تاوتوێی هاوکێشە گۆڕاوەکانی ناوچەکە، حکومەتی نوێی عیراق و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کار و چاکسازییەکانی خۆیدا بۆ ساڵانی (2019 تا 2025)، تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی حەوت ساڵی رابردووی راگەیاند، کە تێیدا دەرکەوتووە کۆی داهاتەکان نەیانتوانیوە خەرجییە گشتییەکان پڕ بکەنەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەت، کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ (نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ تەمویلی حکومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵەدا 84.8 ترلیۆن دینار بووە، لە بەرانبەردا کۆی خەرجییە کردارییەکان گەیشتووەتە 87.5 ترلیۆن دینار؛ بەوەش 2.7ترلیۆن دینار کورتهێنان تۆمارکراوە. ئەمەش بێجگە لە هەژمارکردنی مووچە نەدراوەکان و شایستەی کۆمپانیا، بەڵێندەران و کەرتی کارەبا کە قەرزن لەسەر حکومەت.
بەپێی داتاکانی کۆتایی تەرازووی پێداچوونەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ساڵانی2019 تا 2025، پێکهاتەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و رێژەی پڕکردنەوەی خەرجییە کردارییەکان بەم شێوەیە رونکرامەتەوە:
_تا پێش راگرتنی هەناردەکردن لە مانگی 3ی 2023، کۆی داهاتی نەوتی گەیشتووەتە 22.5 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە 44٪ی کۆی داهاتی ناوخۆ و تەنها 26٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکانی حەوت ساڵی رابردووی داپۆشیوە.
_کۆی گشتییەکەی 9.5 ترلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە 19٪ی داهاتی نانەوتی و 11٪ی کۆی خەرجییە گشتییەکان.
_بڕی 5.4 ترلیۆن دینار کۆکراوەتەوە، کە 11٪ی داهاتی نانەوتی پێکدەهێنێت و تەنها 6٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکانی پڕکردووەتەوە.
_ گەیشتووەتە 13.8 ترلیۆن دینار، بە رێژەی 27٪ لە کۆی داهاتی نانەوتی و 16٪ی کۆی خەرجییەکانی هەرێم.
ئەم داتایانە دەریدەخەن کە کۆی گشتی داهاتەکان بە تێکڕا نەیانتوانیوە هاوسەنگی دارایی بپارێزن و ساڵانە کورتهێنان لە بودجەدا دروستبووە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی گشتیی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم تەنها 59٪ی کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکانی پڕکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی بەردەوامی ساڵانە.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە هەشت ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرێژەی زیاتر 17% كەمیكردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ خستنەڕووی داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان ئاشكرایكردووە، داهاتی ئەم هەفتەیە، بڕی 8 ملیار و 545 ملیۆن و 223 هەزار ، 255 دینار بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە رێژەی زیاتر %17 كەمیكردووە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو بڕی داهات 10 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، 88%ی ئەم داهاتە بەشێوەی نەختینەو 12% بەشێوەی چەك بووە.
بە مەبەستی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی ماڵئاوایكردن لە عەلی خامنەیی، سەرۆكی یەكێتی و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم گەیشتنە تاران.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای بە دەستگەیشتنی بە بانگهێشتێكی رەسمی بۆ بەشداریكردن لە رێورەسمی ماڵئاوایكردن لە عەلی خامنەیی رابەری پێشوی ئێران گەیشتە تاران.
هەروەها لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان هەریەك لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق و هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نێچیرەڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی.
رێورەسمی ماڵئاوایكردن لە عەلی خامنەیی لە بەرەبەیانی ئەمرۆوە لە تاران لە گەورەترین مزگەوتی ئەو وڵاتە دەستیپێكردوە بڕیارە ماوەی شەش رۆژ بخایەنێت.