کوردستانکوردستان

سبەینێ‌ بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە هەولێر كۆدەبنەوە و چەند بابەتێكی گرنگ تاوتوێ‌ دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، سبەینێ‌ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سیاسی هەرێم و عیراق و ناوچەكە و بابەتەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پرسی پێكهێنانی حكومەت و یەكلایەكردنەوەی پۆستەكان لە عیراق گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی یەکی رەوانەی هەرێم کرد و سبەینێ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پارەی موچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژمارەی وەزارەت و سبەینێ‌ دەستبەدابەشكردنی موچە دەكرێت .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ  لیستی موچە رادەگەێنرێت و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

دارایی هەرێم راشیگەیاند، لەماوەی سێ رۆژدا تەواوی فەرمانبەران و موچەخۆران موچەکانیان وەردەگرن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی مادەی 140 دەڵێت، لە 2010وە قۆناغێكی تری قەرەبووكردنەوەیان رەوانەی بەغداد كردووە، بەڵام ئێستا داوا دەكەن میكانیزمەكە بگۆڕدرێت و جارێكی تر مامەڵەی هاووڵاتییان وەربگیرێتەوە.

كاكەڕەش سدیق لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی مادەی 140 لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2010ەوە قۆناغی 32ی قەرەبووكردنەوەیان رەوانەی بەغداد كردووە، بۆئەوەی چەكی پارەیان بۆ بكرێت، بەڵام تائێَستا وەڵام نەدراونەتەوە، دیوانی چاودێری دارایش داوا دەكات میكانیزمی قەرەبووكردنەوەكە بگۆڕدرێت، لە ئێستاشدا ئەو هاووڵاتییانە جارێكی تر مامەڵەیان بۆ دەكرێتەوە و رەوانەی بەغدادی دەكەنەوە.

وتیشی، قۆناغی 33 و 34یش لە ساڵی 2011ەوە رەوانەی بەغداد كراوە، بەڵام تائێستا چەكی قەرەبووكردنەوە بۆ كەس نەكراوە.

جەختی لەوەشكردەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا، قەرەبووكردنەوەی ماددەی 140 و چارەسەركردنی كێشەی زەوی هیچ هەنگاوێك نەچووەتە پێشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقاییەتی سلێمانی، بەهۆی بوونی گۆشتی سەرچاوە نادیار، کولێرە بەقیمەی 'میری سۆران' دادەخات.

قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕؤ راپۆرتی لیژنه‌ی دووی سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاشكرایكردووه‌، له‌ كولێره‌ به‌قیمه‌ی میری سۆران ده‌ستبه‌سه‌ر بڕی (50) كیلۆگرام قیمه‌ی به‌ستوی سه‌رچاوه‌ نادیاردا گیراوه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی قیمه‌ی به‌ستو له‌ كولێره‌ به‌قیمه‌كانیدا.

ئەوەشی خستەڕوو، یه‌كێكی تر له‌ سه‌رپێچییه‌كانی كولێره‌ به‌قیمه‌ی میری سۆران، فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیه‌تی به‌نرخی به‌كارهێنانی گۆشتی فرێش، ئه‌وه‌ش فێڵكردنه‌ له‌ كڕیاره‌كانی و‌ پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانه‌، بۆیه‌ یاسا سزای بۆ سه‌رپێچیكاران داناوه‌.

قائیمقاییەتی سلێمانی ئاشکراشیکرد،  لیژنه‌كەیان‌ (12) كیلۆگرام پیازی كۆنی له‌ كولێره‌ به‌قیمه‌ی میری سۆراندا له‌ناوبردوه‌، بۆیه‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی شوێنه‌كه‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆڵە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی لە کاتی باران هەندێ ناوچە هەورە بروسکە دەبێت و بەفر لەسەر ناوچە سنورییە شاخاوییەکان دەبارێت.

کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، سبەینێ بارانبارین بە شێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ لە زۆربەی ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دروست بوونی هەورە بروسکە.

ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە هەندێ ناوچەش نزیک دەبێتەوە بەراورد بە دوێنێ .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 17 پلەی سیلیزی

پیرمام : 12 پلەی سیلیزی

سۆران : 14 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 9 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ : 17 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 18 پلەی سیلیزی

دهۆک : 15 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی

ئاکرێ : 13 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت: لەگەڵ گەیشتنی پارە دەست بەداشکردنی موچەی مانگی یەک دەکەن.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم راگەیەنراوێكی سەبارەت بە دابەشکردنی موچە بڵاوكردەوە و دەڵێت:رێكارە ئیداری و ژمێریارییەكان سەبارەت بە موچەی مانگی یەك تەواوكراون. 

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی گەیشتنی تەمویلەكەین لە بەغدادەوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاریدا موچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، دامەزراوەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر بەردەوام دەبن لە کارەکانیان و لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت یەکدەخرێن.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' وردەکاری رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بۆ هاووڵاتیان و ئاوارەکانی سەرێکانی و عەفرین خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد: هەسەدە تێکەڵی سوپای سوریا دەکرێت و لە چوار لیوای سەربازی پێکدێت، کە سێ لیاوایان بەسەر 'حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک، دابەش دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەروازەی سێمێلکا وەک خۆی دەمێنێتەوە و نوسینگەیەکی حکومەتی کاتی سوریا لەوێ دادەمەزرێت.

مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر وەکو خۆی دەمێننەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی کارەبای روناکیدا روینەداوە، هەروەها هیچ کێشەیەک لە ژێرخانی پێوەرە زیرەکەکاندا نییە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە درێژایی کات، لە وەرزی زستاندا زۆرترین خواست لەسەر کارەبا هەبووە بەتایبەت لە مانگی یەکدا، هاوکات ئەمە یەکەم زستانە کە زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 سەعاتین.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە دیاریکراوی ئەم زستانە بەکارهێنانی کارەبا بەراورد بە زستانەکانی پێشوو زیاتر بووە، ئەمەش بەهۆی کەشوهەوی ساردی نائاساییەوەیە.

کارەبای هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بە شێوەیەکی نائاسایی، دوایین پارەدانی پسوولەکان رەنگدانەوەی خولێکی درێژترە کە بە تێکڕا پێکدێت لە 46 رۆژ، ئەمەش دەرەنجامی گواستنەوەیە لە سیستەمکاندا و دەبێت کەمتر روبدات لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خولێکی درێژتر هیچ جیاوازییەکی نییە لەوەی کە هاوبەشانی کارەبا رۆژانە چەند پارە دەدەن.

ئاشکراشیکرد، لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا بەهۆی سەرمای زۆرەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ رێگەکانی کەمکردنەوەی بارگرانی دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی یانەی وەرزشیی سلێمانی دەڵێت: ئامانجمان ئەوەیە بە هاوکاریی ستافی بەڕێوەبەری یانەکە و هاندەران و جەماوەری خۆشەویست، قۆناغێکی نوێی پڕ لە دەستکەوت و شانازی بۆ یانەی سلێمانی تۆمار بکەین.

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی یانەی وەرزشیی سلێمانی رایگەیاند، یانەی وەرزشیی سلێمانی بە مێژوویەکی 70 ساڵەوە جێی شانازیی شاری سلێمانی و وەرزشی کوردستانە و تێکەڵ بە بیرەوەری چەندین نەوەی دانیشتووی ئەم شارە بووە.

وتیشی، بە شانازییەوە پۆستی سەرۆکی یانەکەم قبوڵ کرد و ئامانجمان ئەوەیە بە هاوکاریی ستافی بەڕێوەبەری یانەکە و هاندەران و جەماوەری خۆشەویست، قۆناغێکی نوێی پڕ لە دەستکەوت و شانازی بۆ یانەی سلێمانی تۆمار بکەین بە جۆرێک کە لە ئاستی ئەو پێگە مێژووییەی یانەی سلێمانی و شارە حەیاتەکەدا بێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پلانمان هەیە قۆناغ بە قۆناغ یانەکە پێش بخەین تا ئەوە کاتەی بە نازناوەکان شاد دەبێتەوە و دەبێتە ناوێکی دیار و شکۆدار لە گۆڕەپانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی بڕگەی سێهەمی مادەی 121 لە دەستوری عیراقی فیدراڵ، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پێداویستی و رێژەی دانیشتووان دیاری بکرێت، بەڵام حکومەتی عیراق کار بەو مادە دەستورییە ناکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند: سەرەڕای بونیاتی دەستوری بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان، حکومەتی عیراق میکانیزمی "خەرجیی فعلی" پەیڕەو دەکات بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان. ئەمەش واتە ئەگەر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق پارە خەرج نەکرێت، پشکی هەرێمیش بەو هۆیەوە کەم دەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پڕۆسەی تەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و رێکارەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو رێکارە ئیدارییەکان بۆ خەرجکردنی پارەکە کۆتاییان هاتووە و لە ئێستادا دۆسیەکە لە بەشی خەرجکردندایە. راشیگەیاند کە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی رەسمی و بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان هەولێر و بەغداد هەن، بەڕێوەدەچێت.

بە وتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی عیراق بۆ کوردسات نیوز، بڕیار وایە ئەمڕۆ یان سبەینێ سێشەممە، تەواوی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم دەڵێت: هیوادارن هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنن تا نەبێتە بارگرانی لەسەریان.

وەزارەتی کارەبای هەرێم روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە نرخی کارەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەنەوە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە رێگەی یاسایی پەسەندکراوە و لە وەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نرخەکان دیاریکراوە بۆ یەک مانگ هەژمار دەکرێت، هاوکات پێدانی كرێی کارەبا بە ڕێگەی ئۆنلاین  هەنگاوێکی شارستانی و پێشکەوتوو و شەفافە، هەروەها ئاسانکاریشە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا کرێی کارەباکەیان بدەن.

سەبارەت بەکرێی کارەباش لە مانگی یەک  وەزارەتی کارەبا رایگەیاندوو، بەهۆی شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆرێک لە هاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە لە مانگی یەک کرێی کارەبا زیاتر بۆیان هاتوەتەوە، ئەگەر هەر گرفتێکیش بۆ هەر هاوبەشێک دروست بووبێت، ئەوا لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت  چارەسەری گرفتەکە دەکەن.

وەزارەتی کارەبا ئومێدەوارە هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن تا نەبێتە بارگرانی لەسەریان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاش بەدواداچوونی هەواڵگری ورد، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی ئەبوو غرێب سەر بە پارێزگای بەغداد ئەنجامدا و تیرۆرستێکیان دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا تیرۆرست ( ع-م-خ ) داواکراو بە مادەی 4ـی تیرۆر لە لایەن دادگای لێکۆڵێنەوەی بەغدادەوە دەستگیربکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانبار ئەندامی بەناو رێکخراوی تیرۆرستی داعشە بە پلەی سەربازی (جەنگاوەر) لە ولایەتی ئەنبار لە کەرتی رۆژئاوای جەزیرە بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆرستی کردووە بە هێرشکردنە سەرهێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی شارەکە.

دژەتیرۆر راشیگەیاند، پاش ئازاد کردنی پارێزگای ئەنبار لە ساڵی 2015 لە لایەن سوپای عیراقەوە تیرۆرستی ناوبراو لەگەڵ چەکدارە هەڵهاتووەکانی ئەو کاتەی بەناو رێکخراوی داعش هەڵهاتووە بۆ وڵاتی سوریا، پاش مانەوەی لە وڵاتی سوریا کە بەردەوام بووە لە کردەوە تیرۆرستییەکانی دواتر بە رێگەی نایاسایی دەگەڕێتەوە بۆ عیراق، لە سنوری هەر دوو پارێزگای ئەنبار و بەغداد دەست بەکاری تیرۆرستی دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، لە شەوی 26/1/2026 لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و دەزگای دژەتیرۆری عیراق، توانرا تیرۆرستی ناو براو لە ناوچەی ئەبووغرێب دەستگیر بکرێت و پاش دەستگیرکردنی، دەستبەجێ رادەستی یاساکرا بەمەبەستی سزادانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە درەنگانی ئەمشەوەوە رێژەی بارانبارین زیاد دەکات و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمشەو ئاسمانی هەرێم لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و لە هەندێک ناوچەی جیادا لە درەنگانی شەو رێژەی بارانبارین زیاد دەکات.

کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت، لەگەڵ بوونی تەمومژ لە ناوچە بەرزەکان.

باران بارینی ئەمڕۆی چەند ناوچەیەکی هەرێم:
هەولێر دڵۆپ دڵۆپ
پیرمام 1.1 ملم
ئاکرێ 12.4 ملم
ئامێدی 8.4 ملم
بازیان 1.2 ملم
حاجی ئۆمەران 21.8 ملم
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدوم کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوو، لەبارەی رەوشی سیاسیی عیراق و ناوچەکە بۆچوونیان ئاڵوگۆڕکرد.

هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە وادەی دەستووری بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و پەلەکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دووپاتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، عیراق كەمتەرخەمبووە لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بەتایبەت موچە، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی ناردنی پارەی مانگی یەكی موچەخۆرانن.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی عیراق كەمتەرخمبووە لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بەتایبەت موچە، دوای رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق گرفتیان بۆ دروستكردون و موچەی مانگی 11 و 12ی ساڵی رابردوویان نەناردوە، پێویستە عیراق ئەو دوو موچەیە رەوانە بكات كە ماف و شایستەی موچەخۆرانی هەرێمە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئامادەكاریكراوە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەران و چاوەڕوانن بەغداد پارەی موچە رەوانە بكات و دەست بەدابەشكردنی بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5152535455...954