ئاگرە گەورەکەی ناوچەی تانجەرۆ کۆنتڕۆڵکرا؛ زیانەکان چین؟
یەحیا
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی ئاگرێكی گەورە لە یەكێك لە كۆگاكانی هەڵگرتنی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی كەوتەوە و بەهۆیەوە نزیكەی 50 كەس برینداربوون و زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینیش سوتا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت.
سەعات 10ی شەوی رابردوو ئاگرێكی گەورە لە كۆگایەكی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ لەسەر رێگای قەرەداغ لە سنوری سلێمانی كەوتەوە كە تایبەت بووە بە كۆگای بەنزین و گاز و بەهۆیەوە تەواوی تانكەرەكانی ناو كۆگاكە سوتان كە ژمارەیان 34 تانكەر بووە.
ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانیش بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرەكە بە تەواوی كۆنترۆڵكراوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، نزیكەی 50 ئەفسەر و كارمەندی بەرگریی شارستانیی و كرێكار و پاسەوانانی كۆگاكە بەهۆی سوتاوییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی كراون.



