کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی، لە سەر رەوسێ شێروان شێروانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ دوابەدوای هەوڵی دڵسۆزانەی هەموو لایەک، شێروان شێروانی دوای 23 رۆژ لە مانگرتن، بڕیاری دا کۆتایی بەمانگرتن بهێنێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، شێروان شێروانی گەرچی بڕیاری کۆتاییهێنانی بە مانگرتنداوە، بەڵام دەستبەرداری مافە یاسایەکانی نابێت، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەن و چاویان لەوەیە لایەنە پەیوەندارەکان، جەژنی قوربان بە دەرفەت بزانن، بۆ شادبوونەوەی شێروان بە باوەشی خێزان و کەس و کاری و هاوڕێکانی.
دەقی راگەیەندراوەکە
بابەت: کۆتای هێنان بە مانگرتن
دوابەدوای هەوڵی دڵسۆزانەی هەموو لایەک، بەتایبەتی بەڵێنی کوێستان خان وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و چەندان بەرپرسی دڵسۆزی وەزارەت، کاک احسان بەرێوەبەری گشتی چاکسازیەکان، موناخان سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، و چەند بەرێزێکی دەستە بۆ چارەسەرو بەدەمەوە هاتنی مافە یاسایەکانی شێروان شێروانی و لەسەردانیاندا بۆ لای کە داوای کۆتایهێنان بە مانگرتنیان دەکرد.
چاومان لەوەیە لایەنە پەیوەندارەکان، جەژنی قوربان بە دەرفەت بزانن، بۆ شادبوونەوەی شێروان بە باوەشی خێزان و کەس و کاری و هاوڕێکانی.
وێڕای سوپاسمان بۆ هەموو ئەو کەسایەتی و ئازیزانەی کە مۆمێکیان هەڵکرد، بۆ رووناکی لە تاریکدا، چ بە گردبوونەوە، یاخود پۆست و کۆمێنتێکی فەیسبووک، شێروانیان بە تەنها جێنەهێشت و دەنگیان هەڵبڕی بۆ چارەسەری بوونی داواکانی شێروانی.
شێروان شێروانی لە ئەمڕۆە، لە رۆژی 23 هەمینی مانگرتنی، لەسەر داواکاری هەموو ئەم لایانە و بەڵێنی بەرپرسان و بۆ رەواندنەوەی نائارامی دڵی خەڵکی، بڕیاری کۆتاییهێنانی بە مانگرتن دا. بەڵام دەستبەرداری مافە یاسایەکانی نابێت، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەین.
لەگەڵ رێزو پێزانینی زۆردا بۆ هەموو لایەک.
کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی
پێنج شەممە 14 ئایاری 2026
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، دوای سکاڵای هاووڵاتییەک کە سێ دەفتەر دۆلار(30 هەزار دۆلار)ـی لێدزراوە، بە دواداچونیان کردوە و توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەکردوە، دوای ئەوەی رەزامەندی دادوەر وەرگیراوە، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نەهێشتنی تاوانەوە بەسوودبینین لەکامێراکانی چاودێری تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.
هەروەها دەستیش بگیرێت بەسەر زیاتر لە 25 هەزار و 350 دۆلاردا کە لە ناو ماڵەکەیدا شاردبویەوە.
پۆلیس دەڵێت؛ تۆمەتبار لەدایک بووی 1987، لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی ( 446) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەبۆنەى دەرچوونی بڕیارى دادگا بۆ لەسێدارەدانی عەجاج، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیداهاتووە:عەجاج وەک تاوانکارێکی هەڵاتوو، چەندین ساڵ خۆی شاردەوە و بە ترسنۆکی لە سوچ و پەنایا ژیا، پێی وانەبوو هەرگیز دەستی دادپەروەری ئەیگاتێ و بەرۆکی ئەگرێ و باجی تاوانە قێزەونەکانی پێئەدات.
خاتوو شاناز دەشڵێت: لەدوای دەستگیرکردنی، چاودێری تەواوی پرۆسەی وەرگرتن و کۆکردنەوەی سکاڵاکان و گەیاندنیان بە دادگام کرد و دواتریش لە پرۆسەی دادگایکردنەکەیدا سەرجەم لایەنەکانم ڕاسپارد کە ئامادەکاری تەواو بۆ بەڕێوەچوونی دادگایی کردنەکە بکەن تا بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت.
دەقی پەیامەکە
خوشک و برایانم، کەس و کاری سەربەرزی ئەنفالکراوان
مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە و ئەمڕۆ لە مێژووی نەتەوەکەماندا رۆژێکی مەزنە.
دوای دەرچوونی بڕیار بۆ لە سێدارەدانی سەدامی تاوانبار و عەلی کیمیایی و سەرە تاوانکارەکانی بەعس،ئەمڕۆ بڕیاری لە سێدارەدان بۆ یەکێکیتر لە دڵڕەقترین جەللادەکانی دژ بە کورد و تینوو بە خوێنی گەلە بێتاوانەکەمان لە کاتی پڕۆسەی ئەنفالدا دەرچوو.
بڕیاری لە سێدارەدان بۆ عەجاجی تاوانبار بە کوشتن و زیندە بەچاڵکردنی سەدان ژن و پیاو و منداڵی بێتاوانی کوردستان لە زیندانە دورەدەستەکەی نوگرەسەلمان دەرچوو.
عەجاج وەک تاوانکارێکی هەڵاتوو، چەندین ساڵ خۆی شاردەوە و بە ترسنۆکی لە سوچ و پەنایا ژیا، پێی وانەبوو هەرگیز دەستی دادپەروەری ئەیگاتێ و بەرۆکی ئەگرێ و باجی تاوانە قێزەونەکانی پێئەدات.
سوپاس بۆ خوا بەر لەوەی ئومێدی ئێمە و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان بە دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە گەورەیە کاڵ بێتەوە، لە پڕۆسەیەکی وورد و جوامێرانەدا دەستگیرکرا و خرایە بەردەم دادگا.
لەدوای دەستگیرکردنی، چاودێری تەواوی پرۆسەی وەرگرتن و کۆکردنەوەی سکاڵاکان و گەیاندنیان بە دادگام کرد و دواتریش لە پرۆسەی دادگایکردنەکەیدا سەرجەم لایەنەکانم ڕاسپارد کە ئامادەکاری تەواو بۆ بەڕێوەچوونی دادگایی کردنەکە بکەن تا بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت.
پاش لێکۆڵینەوەی ورد و داننانی بە هەموو ئەو تاوانانەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا ئەنجامی داون، دوای ئەوەی داگای بەڕێز گوێی لە سکاڵای شاهیدحاڵەکان گرت و هەموو بەڵگەکان لە دژی خرانەڕوو، سەرەنجام تاوانبارکرا و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.
پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەری کوردستان ئەکەم، بەتایبەت لە کەسوکاری دڵ برینداری ئەنفالکراون و هەموو ئەو شاهیدحاڵانەی زیندانی نوگرە سەلمان کە لەم کەیسەدا ئامادە بوون و شاهیدییان دا. پیرۆزبایی لە تێکڕای ئەو تیمە لەخۆبردووە ئەکەم کە هەر لە دەستگیرکردنەکەیەوە تا کۆتایی هەموو پرۆسە ئیداری و یاساییەکە لەگەڵ ئێمە و کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراواندا بوون. ئەزانم چەند ماندوو بوون بۆیە دەستی ماندوونەبوونییان ئەگوشم و لە دڵەوە سوپاسیان ئەکەم.
سوپاس بۆ دادگای بەڕێز کە بە بێ کەمتەرخەمی و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کەیسی ئەم تاونبارەی بە ئەنجام گەیاند و بڕیاری شایستەی بۆ عەجاجی تاوانبار دەرکرد.
بینیمان دوژمنەکانمان لە کاتی دەسەڵاتیاندا چەندە دڵڕەق و بێبەزەیی بوون، ئەشبینین ئەو کاتەی چەرخی رۆژگار لە دژیان ئەسوڕێ و لەبەردەم دادگا خۆیان ئەبیننەوە، چەندە زەبون و تێکشکاو و رووخاون. ئەمەش وانەیەکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کە هێشتا ئەیانەوێ گەلی ئاشتیخواز و بێدیفاعی ئێمە ئازار بدەن.
جارێکیتر و هەزار جاری تر پیرۆزبایی لە خۆم و لە ئێوە و هەموو کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان و خاکی پیرۆزی کوردستان ئەکەم .
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
دوای دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج تکریتی لە دۆسێی ئەنفالدا، ئیدارەی گەرمیان خۆشحاڵی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و رۆڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش بەرز دەنرخێنێت.
ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، بەبۆنەی دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج تکریتی، هاوشانی کەسوکاری ئەنفالکراوان خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و داوای جێبەجێکردنی خێرای سزاكە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی تیمەکانی پارێزەران و رۆڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن لە بەرەوپێشبردنی دۆسیەکە و دەبێت تەواوی تاوانبارانی تر سزا بدرێن.
ئیدارەی گەرمیان راشیگەیاند، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و ساڕێژکردنی برینی کەسوکاری ئەنفال لە کوردستان.
سزای لە سێدارەدان بۆ عەجاج جەلادەكەی نوگرەسەلمان دەرچوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتیش پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: دادگاییکردنی عەجاج دەرس و وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو دوژمن.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەتایبەتی دەکات بە بۆنەی دادگاییکردن و بڕیاری حوکمدانی رەوا بەسەر جەللادی گەورەی جینۆسایدی ئەنفال و تاوانباری کوردکوژی زیندانی نوگرە سەلمان، (عەجاج)ی خوێنڕێژدا.
ئەمڕۆ پێنج شەممە (١٤-٥-٢٠٢٦) دادگای رەسافە لە بەغدا گۆڕەپانی تۆڵەی رەوای مێژوو و حوکمی دادپەروەرانە بوو بەسەر تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کە لە دۆسێی ئەنفالدا ناوی وەک بەدناوترین بەدناوەکانی رژێمی بەعس دێت. تاوانبارێک کە قێزەونترین جۆر تاوانی رۆژانە و سات بە ساتی بەرامبەر خوشک و دایک و پیر و منداڵانی زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامداوەو دێوەزمەیەکی سەرباری رژێمی دێوەزمەی بەعس بوو لە دژی گەلەکەمان.
دادگاییکردنی عەجاج دەرس و وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو دوژمن و نەیارانی گەلی کوردستان، کە درەنگ یان زوو، رۆژی سزادانی تاوانباریان دێت و رۆژی ئینساف و پێدانەوەی ماف بە زۆرلێکراوان، لەهەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمان، دێت و هەرگیز بەسەریانەوە ناچێت.
لە بەغدادەوە سزای لە سێدارەدان بۆ عەجاج جەلادەكەی نوگرەسەلمان دەرچوو.
ئەمرۆ لە دادگای رەسافەی بەغداد دانیشتنی دووەمی دادگاییكردنی عەجاج تكریتی بەڕێوەچوو، ،بەهۆی زۆری بەڵگە لەسەر تاوانەكانی دادوەری دادگاكە بریاری لە سێدارەدان بۆ عەجاج بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوانی قێزەون لە نوگرە سەلمان دەركرد، بڕیاریشە دوای تەمیزكردنەوەی بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت.
دیلمان لەتیف پارێزەری كەسوكاری ئەنفالكراوان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمرۆ رۆژێكی مێژوویە بۆ كورد و كوردستان، وتیشی ئەو یاساییەی عەجاجی پێ سزادراوە هیچ لێخۆشبونێكی وەك تەمەن و نەخۆشی نایگرێتەوە دەبێت وەك خۆی جێبەجێبكرێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەخێوکارانی قوتابیانی بازنەی یەکەم ئاگادار دەکاتەوە کە لە ئێستاوە دەتوانن ئەنجامی کۆتایی ساڵی خوێندنی منداڵەکانیان وەربگرنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، سەرجەم ئەو خوێندکارانەی لە پۆلەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەمی بنەڕەتی) لە قوتابخانە حکومییەکان دەخوێنن، ئەنجامەکانیان خراوەتەڕوو، بەخێوکاران دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی - هەڵسەنگاندن)ەوە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی کۆتایی ساڵی خوێندنی 2025-2026ـی منداڵەکانیان وەربگرنەوە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماری وردی قوتابیانی ئەمساڵی خوێندنی لە قوتابخانە حکومییەکان بڵاوکردەوە کە کۆی گشتییان بریتییە لە 389 هەزار و 637 خوێندکار، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
پۆلی یەکەم: 129 هەزار 995 خوێندکار.
پۆلی دووەم 125 هەزار و520 خوێندکار
پۆلی سێیەم 134 هەزار و 122 خوێندکار.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی کەرتی پەروەردە و ئاسانکارییە بۆ خێزانەکان، تا بە شێوەیەکی خێرا و بێ سەردانیکردنی قوتابخانەکان لە ئاستی زانستی منداڵەکانیان دڵنیابنەوە.
دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و هەوڵەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش لە دەستگیركردن و دادگاییكردنی عەجاج بەرزدەنرخێنرێت.
ئەمڕۆ دووەمین دانیشنی دادگایكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لەلایەن بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیشەوە سەدان بەڵگە لە سەر عەجاج كۆكراوەتەوە و سكاڵایان تۆماركردووە، داواش دەكەن توندترین سزای بەسەردا بسەپێنرێت.
هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد عەجاج دەستگیركرا و دواتریش لە چەمچەماڵ و سلێمانی و گەرمیان چەند ناوەندێكی كردەوە بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر عەجاج، وتیشی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە دۆسێی ئەنفال و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراون.
قوباد تاڵەبانی بەشداری لە "دیالۆگی عیراق 2026" کرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەتڵەنتیکەوە لە واشنتۆن رێکخرابوو، لەدیالۆگەکەدا ژمارەیەک لە لێپرسراوانی عیراقی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی ناوچەیی و سەقامگیریی سیاسی و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا لەگەڵ ئەتلانتیک کاونسڵ-ی ئەمریکی رایگەیاند، رۆڵی عیراق پەیوەستە بە ویستی خۆیەوە کە ئایا دەیەوێت وەک خاڵی بەهێز یان لاواز سەیری پێگەکەی بکات.
وتیشی، ئەگەر عیراق بیەوێت پێگەی جوگرافیی خۆی وەک سەرمایە و هێز و دەرفەتێک بۆ مانۆڕکردن ببینێت، دەتوانێت ئەو کارەش بکات.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەمووان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عیراقدا هەبێت؛ رۆژهەڵات، رۆژئاوا، ئەوروپا، ئەمریکا، چین، روسیا و وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە عیراقێکی ستراتیجی، کار بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش دەکات لەگەڵ هەموواندا.
راشیگەیاند، کوردستان توانی پێگەی ستراتیژیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران، تورکیا، بەغدا، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، هەروەها ئێمە سیاسەتێکی بێلایەنانەمان گرتەبەر و زۆر راشکاو و شەفاف بووین؛ ئێمە دژی ئەم شەڕە بووین چونکە نە بۆ عیراق و نە بۆ کوردستان باش نەبوو.
دەشڵێت؛ ئومێدەوارین ئەم ئاگربەستەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت و ببێتە رێککەوتنێکی هەمیشەیی، چونکە هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ ئەو حکومەتە نوێیەی ئێستا لە عیراق پێکدەهێنرێت.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی نوێ دەرفەتی ئەوەی هەیە ئەو هەڵانە راست بکاتەوە کە پێشتر بەرانبەر کوردستان یان هەر پێکهاتەیەکی تر کراون، وتیشی، ئەگەر گروپێک لە ناوخۆی دەوڵەتدا دژی دەوڵەت کار بکات، ئەوا بەرپرسیارێتی دەوڵەتە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
هەر لە دیدارەکە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عیراق پێویستی بە کێشە لەگەڵ هیچ کام لە دراوسێکانی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێکی سەرەکی لە گەشەسەندنی ئابووری و پڕۆژە گەورەکانی وزە و رێگەی گەشەپێدان، هەروەها پێویستە هەموومان ستراتیژی بین و کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارگرانییە ئایدیۆلۆژییانەی کە لە چەند سەد ساڵی رابردووەوە بۆمان ماوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بڕیارێکی ستراتیژیمان داوە کە لە بەغداد بین؛ سەرۆکی یەکێتیش ئێستا لەوێیە، چونکە بڕیارە چارەنووسسازەکان لەوێ دەدرێن، هاوکات ساڵانێکی زۆر لە دەرەوە تەماشای بەغدادمان کردووە و پەیوەندییەکانمان تەنها لەسەر بنەمای "بمدێ و بتدەمێ" بووە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەی 15 ساڵە ئەنجامی نەبووە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت عیراق بەهێز بێت، دەبێت ئێمە لە بەغدا ئامادە بین و بەشداربین لە بڕیارە ستراتیژییەکان.
سەبارەت بە سەرکردایەتی نوێی عیراق قوباد تاڵەبانی وتی، ئێستا لە عیراقدا نەوەیەکی نوێ لە سەرکردایەتی گەنج و نیشتمانی دەرکەوتوون کە گەشبینمان دەکەن بە داهاتووی وڵات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهان، چاوەڕوانیش دەکرێت لە حکومەتی داهاتوودا، عیراق بەرەو سەربەخۆیی و هاوسەنگییەکی سیاسیی زیاتر هەنگاو بنێت.
لەبارەی گرنگی پەیوەندییەکانی عیراق و ئەمریکا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا جۆری پەیوەندییەکە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی دامەزراوەیی و ئاسایی، هاوشێوەی وڵاتانی تر، پێشتریش پەیوەندییەکان لە رێگەی نێردەی تایبەتەوە بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی فرەڕەهەندمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە بوارەکانی ئابوری، یاسایی و ئەمنی دەگرێتەوە.
سەبارەت بەو کێشانەی رووبەڕووی عیراق بووەتەوە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، عیراق رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بووەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکان هەمیشە گەشبینە کە دەتوانرێت تێبپەڕێندرێن.
دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و هەوڵەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش لە دەستگیركردن و دادگاییكردنی عەجاج بەرزدەنرخێنرێت.
سبەینێ دووەمین دانیشنی دادگایكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لەلایەن بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیشەوە سەدان بەڵگە لە سەر عەجاج كۆكراوەتەوە و سكاڵایان تۆماركردووە، داواش دەكەن توندترین سزای بەسەردا بسەپێنرێت.
لەو بارەیەوە دادوەر ئاسۆ محەمەد دادوەری پێشوو دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ هەندێک شایەتحاڵ وتەیان لێوەردەگیرێت و پاشان وتەی تۆمەتبار وەردەگیرێت، لەگەڵ تێبینی داواکاری گشتی و پارێزەرانی تۆمەتبار و سکاڵاکاران، ئەگەر دادگا فریاکەوت چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ دادگا سزا بەسەر ئەو تاوانبارەدا بسەپێنێت.
دادوەر ئاسۆ محەمەد وتیشی، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دەستگیرکردنی عەجاجدا و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکەن کە رۆڵیان هەبووە لە دەستگیرکردن و دادگایکردنی ئەو تاوانبارە.
لەلایەکی تریشەوە، هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد عەجاج دەستگیركرا و دواتریش لە چەمچەماڵ و سلێمانی و گەرمیان چەند ناوەندێكی كردەوە بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر عەجاج، وتیشی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە دۆسێی ئەنفال و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراون.
بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا، هەڵمەتێکی فراوانی لەناوبردنی قرتێنەرەکان لە کارگە و فەرمانگەکان دەستپێدەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی لیژنەیەکی زانستییەوە کۆمەڵێک رێکاری توندی خۆپارێزی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی "ڤایرۆسی هانتا" راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوێکی لیژنەی زانستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، کە دوێنێ 12ی ئایار یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم نەخۆشییە تا ئێستا هیچ ڤاکسینێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک جرج، مشک و هامستەر) دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە درا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی قڕکردنی جرج و مشک لە سەرجەم فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، بەتایبەت لە کارگەکانی ئالیک، پڕۆژەکانی پەلەوەر، کوشتارگەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیر و گۆشت.
یەکێکی تر لە بڕیراەکان، رێگریی تەواو دەکرێت لە خاڵە سنورییەکان بۆ هاتنەژوورەوەی "هامستەری جوانی" کە وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراوە.
بڕیارشدراوە، بە هاوکاری سەندیکاکانی ڤێتێرنەری، سەرجەم کۆگاکانی خواردنی سەگ و پشیلە ئاگادار دەکرێنەوە کە پێویستە بە خێرایی جرج و مشک لەناو کۆگاکانیاندا لەناو ببەن.
هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەتوانن لەئێستادا لەڕێگەی ئەپلیکەیشنی پسوڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن و وەزارەتی بازرگانیش رایدەگەیەنێت: پێویستە خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن وپەیوەندییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەسەرجەم قەزا و ناحیەکان و هاووڵاتیانی ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، دەتوانن لەئێستادا لەڕێگەی ئەپلیکەیشنی پسوڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەمەنی منداڵەکان لە یەک ساڵ تادوانزە ساڵ تۆمار دەکرێت، بەمەرجێک خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت.
لیژنەی ئەمنی ئیدارەی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانی دەڤەری راپەڕین تا جەژنی قوربان تۆمار دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان تۆماربکەن و تا جەژنی قوربان کاتیان لەبەردەمدایە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، لە دادگای رەسافەی بەغداد دووەم دانیشتنی دادگایکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی ، بە ئامادەبونی دەیان شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەڕێوەبچێت.
دوای كۆكردنەوەی سەدان بەڵگە و وەرگرتنی سكاڵا لە شایەتحاڵانی ئەنفال، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بە ئامادەبونی دەیان شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغداد ئەنجامدرا.
سەبەینێ پێنجشەممە، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و بیستنی وتەی شایەتحاڵەکانی تر، بڕیارە دووەم دانیشتنى دادگاییەکە بەڕێوەبچێت.
لە دانیشتنەکەی پێنج شەممەى رابردودا، زیاتر لە 250 سكاڵا لەلایەن كەسوكاری ئەنفالەوە لەسەر عەجاج تۆماركرا بوون و 17 شایەتحاڵ و ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەنفال لە دانیشتنەكەدا ئامادەبوون وتەیان لێ وەردەگیرا.
تاوانبار "عەجاج ئەحمەد حەردان" یەكێك بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە لە باشوری عیراق.
رۆژی 31ـی 7ـی2025، هەواڵی دەستگیركردنی لەلایەن نوسینگەی خانمی یەكەمی پێشووى عیراقەوە راگەیەندرا و داواش لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان كرا پەیوەندیان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.