کوردستانکوردستان

ئەمڕۆ لە سلێمانی، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە ئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ ئیمزای رێککەوتنی نێوانیان بە ناونیشانی هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژاندنەوە کرد و کوردسات نیوزیش دەقی رێککەوتنەکە بڵاو دەکاتەوە.

لە دەقی رێککەوتنەکەدا هاتووە؛ ئەم رێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنرێت.

دەقی رێککەوتنەکە

دیموکراسی و پاراستن و بەرجەستەکردنی مافی هاووڵاتیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و باشترکردنی حوکمڕانی، هەردوولا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ڕێککەوتنێکی سیاسیی ستراتیجی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی بالانسی هێز لە دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و، بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانیی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف بۆ سەرچاوە گشتییەکان دابین بکات؛ ڕێککەوتنێک ئیمزا دەکەن.

ئەم ڕێککەوتنە وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی دامەزراوەیی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی داهاتە داراییەکاندا بنیات دەنریت و، بۆ زیادکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان و، کارکردنی دامەزراوەکانیش بۆ باشکردنی گوزەران و مووچە و پێشکەشکردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە:

یەکەم: ئامانجەکانی ڕێککەوتن

1. گەڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هاوکاریی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و پەرلەمان و سیاسیی و دروستکردنی یەک بلۆکی سیاسیی بۆ ئەم قۆناغە.

2.بەهێزکردنی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی دامەزراوە فەرمییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی.

3.چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە و داهاتە داراییەکان کە گرنگترینیان چەسپاندنی یاسای بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

4.پەرەپێدانی سیستمێکی حوکمڕانی دامەزراوەیی کە سنووردارکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری دەسەڵات بکات و چاودێری و لێپرسینەوە بەهێز بکات.

5.چەسپاندنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، چاودێری، جێبەجێکردن، و دادوەری لە یەکتری و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری.

دووەم: هاوکاری لە ئاستی پەرلەمانی کوردستان

1.هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشتیگیری لە چاکسازی سیاسیی و دامەزراوەیی و پشتگیریکردنی پڕۆژە هاوبەش و گرنگەکان لە پێناو بەیاساییکردنیان.

2.پشتیگیری لە یاساکان کە شەفافییەتی دارایی و چاودێری لە داهاتە گشتییەکان زیاد دەکەن

3.پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ چاودێریکردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەڵسەنگاندنی کارکردن.

4.بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.

5.ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکان و پەسەندکردنیان لە لایەن پەرلەمان و دەزگا تەشریعییەکان.

6.کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسایانەی پێویستە هەموار بکرێنەوە و ئەو بڕیارانەی بەدەر لە یاساکانی پەرلەمان دەرچوێندراون و بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیان.

7.ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ئاستی بژیوی هاووڵاتیان باشتر دەکەن و پەسەندکردنیان بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، باج و ڕسوومات.

8.هاوپەیمانیتییەکە پێکەوە کار دەکەن لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی ئەم خاڵانە و جێبەجێکردنیان:

أ. گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکردن و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران و کردنەوەی ژمارە حیساب بۆیان.

ب. پێدانی سلفەی زەواج بە گەنجان.

پ. دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر.

ت. کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.

ج. دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ڕاژە و هەلی کار.

چ. یەکلاکردنەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست.

سێیەم: هاوکاری لە ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

1.یەکخستنی هەڵوێستە سیاسییەکان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مافەکانی هەرێم، بەتایبەت بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشمەرگە.

2.کاری هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا.

چوارەم: بنەماکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

1.کارکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک پشتبەست بە بالانسی هێز و لەسەر بنەمای هاوسەنگی سیاسیی و هاوبەشیی ڕاستەقینە.

2.کارکردن بۆ دابەشکاری پۆستەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری لە بەرپرسیاریتییە حکومییەکان.

3.دڵنیابوون لە شەفافییەتێکی تەواو لە بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان.

4.دروستکردنی میکانیزمی چاودێری دارایی سەربەخۆ بۆ پاراستنی شەفافییەت و لێپرسینەوە.

5.بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری، دادوەری و دەستەی دەسپاکی، دوور لە دەستێوەردانی حزبی.

6.چەسپاندنی مەرجی هەبوونی یاسای بوودجە کە پەسەندکراوی پەرلەمانی کوردستان بێت و لەژێر چاودێری ئەویش جێبەجێ بکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەمەرجێک دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەکان تێدا بێت.

پێنجەم: بنەما گشتییەکان

1.هەردوو لایەن پابەند دەبن بە کاری هاوبەش بۆ ڕێکخستنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک کە بنەماکانی دیموکراسی و هاوسەنگی دامەزراوەیی بەهێز بکات.

2.دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی گشتی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی بڕیارسازی حکومی و پەرلەمانی بەشێوەیەکی شەفەفانە و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان.

3.بەهێزکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و دڵنیابوون لە جیاکاری و جیاوازی نیوان دەسەڵاتەکان.

4.کارکردن لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردن و پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان کە پارێزەری قەوارە و ماف و شایستەکانی هاووڵاتیان بێت و گەرەنتی پڕۆسەی دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان بکات.

5.پێداچوونەوە بە سیاسەتە دارایی و کارگێڕییەکان بەشێوەیەک کە بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی داهات دڵنیا بکات و دابەشکردنێکی هاوسەنگ لە نێوان دامەزراوە و ناوچەکاندا دروست بکات.

6.پەیڕەوکردنی ستاندارەکانی حوکمڕانی باش لە دیاریکردنی کارمەندانی پلە باڵا.

7.کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی چاکسازی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی سیاسیی و جێگیریی دامەزراوەیی.

شەشەم: میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەم ڕێککەوتنە

1.پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی ئەم ڕێککەوتنە.

2.ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی کەموکوڕییەکان لە ئەگەری هەبوونیان.

کۆتایی

هەردوو لایەن پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی هاوسەنگی و بالانسی هێز، دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان دروستکرابێت و کارکردنی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی جێگیر و گەشەپێدراو لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و  رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی ‌هێزە لە هەرێمی کوردستان و  ئەوەی كۆمان دەكاتەوە باشتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە.

 سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، پابەندی بەڵێنەكانمانین بەرانبەر خەڵكی كوردستان و ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویە بۆ کوردستان، لە ئەمڕۆوە  خەڵكی كوردستان چاوەڕێی سیاسەتی نوێ بن.

جەختیشیکردەوە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، لە ئەمڕۆوە لە کوردستان و عیراقیش ئێمە هێزی ژمارە یەکین و هیواداریشە، هەموو لایەنەكان پاڵپشتمین بن بۆ خزمەتی خەڵك.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد،  بە گەندەڵی و ترس و تۆقاندن و رێزنەگرتن لە میللەت حكومڕانی ناكرێت و دەبێت لایەنەكان دان بە هەڵەكانیاندا بنێن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

سەرۆکی یەکێتی دوپاتی کردەوە، لەدوای ریفراندۆمەوە دەیان بڕیار لە هەرێم دراون و هەموویان هەڵە بوون، بەڵام لە ئەمڕۆوە سیاسەتی هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، کە بنچێنەی رێککەوتنەکە خزمەتکردنی خەڵک دەبێت.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد دەرگای ئەم رێککەوتنە بۆ هەموو لایەنەکانی تری دەرەوەی رێککەوتنەکە کراوەیە، بەڵام بەو مەرجەی دان بەهەڵەیخۆیاندا بنێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە لێدوانیکی نوێدا رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێویستییەکی راستەقینەی بە "ویستی جددی بۆ گۆڕانکاری" هەیە.

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتن و هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناوی "هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژانەوە" دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەرگای ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەموو ئەو هێزانە کراوەیە کە لە خەمی خەڵکدان.

شاسوار عەبدولواحید جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی، گۆڕینی شێوازی حوکمڕانییە لە هەرێم و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی، وتیشی: ناکرێت لایەنێک هەموو پۆستەکانی هەرێم قۆرغ بکات، ململانێ لەسەر پۆست و پلە و پایە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەبێت کوردستان لەڕێی دامەزراوەکانییەوە بەڕێوەببرێت نەک بە میزاجی شەخسی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بە هەنگاوە داهاتووەکانیان کرد و رایگەیاند کە لەگەڵ یەکێتی کار بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک دەکەن، داواشی لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان کرد کە لە خەمی راستەقینەی هاووڵاتیاندا بن.

لە کۆتاییدا، شاسوار عەبدولواحید دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان تەنها رزگارکردنی هەرێمە لەو چەقبەستووییە سیاسی و ئابوورییەی تێیکەوتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزاکرا.

رێککەوتنەکە لەژێر ناوی 'هاوسەنگی و بوژاندنەوە'ـیە و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا کرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی راژەی گشتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندن بە شێوازی گرێبەست لە فەرمانگەکانی حکومەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کۆی گشتی (9006) فۆڕمی داواکاری تۆمار کراون.

بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەم ژمارە زۆرەی پێشکەشکاران کێبڕکێ لەسەر دەستخستنی تەنها (250) پۆست دەکەن کە (32) پسپۆڕیی جیاواز لەخۆدەگرێت.

بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری رای گشتی، ئەنجومەنی راژە بەشێک لە داتا سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی لە چوارچێوەی راپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوکردووەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە کارکردن لەسەر ئەم پڕۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بەردەوامە، و ئەنجامی قۆناغەکانی داهاتوو لە رێگەی سایتی رەسمی ئەنجومەنی راژەی گشتییەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای تێهەڵچوونەوەی عیراق، سزای لەسێدارەدانی عەجاجی پەسەندکرد و دۆسیەکە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت.

دادگای تێهەڵچوونەوەی عیراق رایگەیاندووە: عەجاجی جەلادی ئەنفال تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنجامداوە و ئەو هاووڵاتیانەی بەئامانجگرتووە کە لە ئەنفال جیاكراونەتەوە.

بەپێی بڕیاری دادگا، دۆسیەی عەجاج رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت بۆ ئەوەی مەرسومی لەسێدارەكانی بۆ دەربكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا دەكرێت.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە رێوڕەسمێكدا لە شاری جوان، رێككەوتنی نێوان یەكێتی و نەوەی نوێ بەناوی هاوپەیمانی هاوسەنگی بوژاندنەوە ئیمزا دەكرێت.

ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانیی و هاوسەنگی هێزە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

چاوەڕوانیش دەكرێت، پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بباتە قۆناغێكی نوێوە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم جەخت لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیمان کرد لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ پشتیوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات کردەوە و هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و تورکیادا بێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنەماڵەی میر کەریم خانی برادۆست راگەیەندراوێكیان بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە؛ دوای دەست لەکار کێشانەوەی  فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەموو لایەکی رون دەکەینەوە، کە بەڕێزیان تەنها دەستی لە کاری حزبی  و ئۆرگانی لەڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بنیادنراوە بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت.

 

دەقی راگەیەندراوەکە

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان 

خەڵکی ئازیز و خۆشەویست کوردستان
دوای دەست لەکار کێشانەوەی ڕێزدار “ فیصل کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێزیان تەنها دەستی لە کاری حزبی  وئۆرگانی لەڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە 


 ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بنیادنراوە بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت ،

 ئێستاش چەند سایت و پەیج و ئەکاونتێکی بێ دایک و باوک نوسینی ئاست نزم و نەشیاو بڵاو دەکەنەوە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەو جۆرە بۆچوون و نوسینانەی بڵاودەکرێنەوە بەهیچ شێوەیەک گوزارش لە بۆچوونی میرانی برادۆست ناکات و لێی بەرپرس نین

میرانی برادۆست بەهیچ شێوەیەک جیاوازیان نەکردووە لەنێوان خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەموو عەشیرەتەکانیش بەتایبەتی و 
 بەدڵنیاییەوە لە داهاتووش دا نایکەن

بنەماڵەی میر کریم خانی برادۆست

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانیش بەشدار بوو،  نوێترین  پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا.

پرۆسەی ئاشتی خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ جارێکی دیکە پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە دووپاتکردەوە و  وتی؛ ئێمە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین تاوەکو ئەم هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت، بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاگرێکی گەورە لە شاخەکانی بەرانبەر بە گوندی زەڵم لە هەورامان  کەوتوەتەوە  و بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان تا ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە و خەڵکی ناوچەکەش داوای بەهاناوەچون دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەریهەڵداوە و چەند گرتە ڤیدیۆییەک دەست کوردسات نیوز کەوتون، تێیدا خەڵکی ناوچەکە داوای بەهاناوەچون دەکەن و  ئاگرەکە بەرەو فراوانبون دەچێت.

لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە ژمارەیەک گەنج و هاووڵاتی ناوچەکە چونەتە شوێن روداوەکە و هەوڵی کوژاندنەوەیان داوە، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن تیمەکانی بەرگریی شارسانی قەزای خورماڵ چونەتە شوێن روداوەکە و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان.

ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتوەتەوە، درەخت و پاوانی سروشتی لێیە و بەهۆی بونی باوە، کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی  زەحمەت بووە و  بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە داوای بەهاناوەچون دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ لیوا ئەیوب یوسف، فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ بە پێزانینەوە لە رۆڵ و خەبات و تێکۆشانی کاک لیوا ئەیوبی رووانی وەک تێکۆشەرێکی دێرین و فەرماندە و پێشمەرگەیەکی ئازا و دلێری کوردستان و یەکێتی کە تەمەنی خۆی تەرخانکرد بۆ خەباتی کوردایەتی و وەک شێرە کوڕێکی هەولێری هەمیشە لەگەڵ هەڤاڵەکانی بەشێکن لە سەروەرییەکانی گەلەکەمان. هەروەها وتی، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیشی لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە مایەی شانازی هەموو لایەکمانە.
 
لای خۆیەوە، لیوا ئەیوب یوسف سوپاسی سەرۆک بافڵی کرد و دووپاتی کردەوە هەمیشە پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتی دەبێت و هەر ئەرکێک لە خزمەتی خەڵک بێت بە ئەمانەتەوە رایدەپەڕێنێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای دورخستنەوەی هەتاهەتایی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمەوە، پارێزەرانی د. عەبدولـلەتیف راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە  و سزاکە رەتدەکەنەوە.

 لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لیژنەکە ستەمی زۆریان لە د. عەبدولـلەتیف کردوە و پێشێلکاری زۆری یاساییان بەرانبەر کردوە و لە رێگەی دادگاوە تانە لە بڕیارەکە دەدەن.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، سکاڵا تۆمار دەکەن و بە هیچ شێوەیەک د. عەبدولـلەتیف سازش لە مافی خۆی ناکات و داوادەکەن دادگا شوێنی یەکلایکردنەوەی دۆسیەکەبێت.

دەقی راگەیەندراوەکە

بابەت/ڕوونکردنەوە

 دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی کە لەسەر بەڕێز دکتۆر(عبداللطیف احمد مصطفی)مامۆستایی زانکۆی سلێمانی پێکهێنراوە، پێشێلکاری یاسایی زۆریان بەرامبەر بەم کەیسە کردووە، بۆیە بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە بەڕێز دکتۆر(عبداللطیف آحمد مصطفی)بە بڕوابونی تەواوی بەخۆیەوە ، تانە لەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدات سەبارەت بەسزادنی بە عزل کردنی لە وەزيفه،ئێمە ئەو بڕیارە بەنایاسایی دەزانین، وە گەورەترین ستەمە. وە بەڕێزیان هەرگیز دان نانێت بەو تۆمەتەی کە بۆی دروست کراوە ، وە ڕایدەگەیەنیین کە بەڕێزیان بەهیچ شێوەیەک تنازل لەمافی خۆی ناکەن لە پەنابردن بۆ دادگا، وە دادگا بەشوێنی یەکلایکردنەوی ئەم دۆسیەیە دەزانین و سکاڵاشمان کردووە ، بۆیە داواکارین لەسەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە وردی و بابەتیانە لەم دۆسییە بڕوانن وە بڕیاری پێشوەختە لەم دۆسیەیەدا نەدەن بنەما لەسەر ڕیزگرتن لەیاسا، وەڕێگەبدەن دادگا ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت لەم بارەیەوە.

پارێزەران:

عطا عثمان حسين و ئارام رضا سعيد

بريكارى(عبدالطيف احمد مصطفى)

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پڕۆژەی "زانکۆی سەوز "(Green University)، کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان، بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێبەجێ دەکرێت.

ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاندووە: خۆشحاڵ بووم بە کۆبوونەوە و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەپێز لەگەڵ دکتۆر محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەی "زانکۆی سەوز" (Green University)، کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم پڕۆژە نیشتیمانییە گرنگە لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش نیشانەی بایەخدانی قووڵی سەرکردایەتی سیاسییە بە چەسپاندنی بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە لە پاڵ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و کلتوریدا.

ژوان سابیر دەشڵێت: لە میانی دیدارەکەماندا، جەختمان لەسەر گرنگیی ڕەنگدانەوەی ئەم پرۆژە کرد لەسەر کەرتی گەشتیاریی کلتوری و زانستی، وەک قۆناغی دووەمی پرۆژەکە کار لەسەر گەشتیاری پەروەردەیی سەوز (Green Educational Tourism)دەکرێت، بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دیدگای نوێی ئێمە بۆ پێشاندانی ناسنامەیەکی مۆدێرن و ژینگەدۆست بۆ هەرێمی کوردستان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد.

بەپێی زانیاریی کوردسات نیوز: د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندی باڵای هەرێم، بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەکەی زانکۆی سلێمانی، کە (دورخستنەوەی هەتا هەتایی)ـیە بۆ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. عیزەت سابیر ئیسماعیل جێگری وەزیری نەوتی عیراق لەبارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگۆی دەستگیرکردنی بەهۆی ئەنجامدانی کاری نایاساییەوە لەلایەن هەندێک میدیای فەرمی و نافەرمییەوە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا تەواوی ئەو دەنگۆیانە بە ناڕاست ناودەبات.

دەقی رەگەیەنراوەکە:

روونكردنەوە

چەند رۆژێكە هەندێك پەیج و ئەكاونتی بێ خاوەن هەواڵێكی ناڕاستی لەسەر من بڵاو كردۆتەوە كە كاری نایاساییم ئەنجام دابێت و بریاری دەستگیر كردنم بۆ درابێت. ئەم هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە و من لە ئیستەدا لە وەزارەتی نەوت بەردەوامم لە كاری ڕۆژانەی خۆم. ناراستی زانیاریەكە ئەوەیە كۆمپانیای داناگاز گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆ كردوە نەك وەزارەتی نەوتی عێراق. بۆری كۆرمۆر و كێڵگەی كۆر مۆر و بەرهەمی كۆر مۆر لای حكومەتی هەرێمە. من لە رۆژی دەست بەكاربونم تا ئێستا هەموو سالێك ئەستۆ پاكی دارایی خۆم پیشكەش بە دەستەی دەست پاكی عێراق كردوە و هەمیشە ئامادەم بۆ لیپرسنەوە. بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم سكالا تۆمار بكەم لەسەر ئەو پەیج و ئەكاونتانە.

د عزت صابر اسماعیل

جێگری وەزیری نەوتی عێراق

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5354555657...1015