فەرەنسا لەڕێگەی 36 ملیار یۆرۆی ترەوە پڕچەککردنی سوپاکەی خێراتر دەکات و ئێمانوێل ماکرۆن بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ 436 ملیار یۆرۆ بەرزدەکاتەوە.
حکومەتی فەرەنسا بڕیاریدا 36 ملیار یۆرۆی تر بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2030 تەرخان بکات، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی یاسای دارایی سەربازیدایە، بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی پڕچەککردنەوە و بەهێزکردنی توانا بەرگریییەکان، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانە بۆ گەنجان.
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا یاساکەی پەسەند کرد و ئەمڕۆ سێشەممە لە رۆژنامەی رەسمیی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە، بەپێی یاسا نوێکە، کۆی گشتیی بودجەی بەرگریی بۆ ساڵانی 2024 بۆ 2030 بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 436 ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا لە پلانی پێشوودا 400 ملیار یۆرۆ بوو.
بڕیاریشە تا ساڵی 2030 خەرجییە بەرگرییەکانی فەرەنسا ساڵانە بگاتە 75.7 ملیار یۆرۆ، کە ئەمەش هاوتا دەبێت لەگەڵ لانیکەم %2.5ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە.
وەبەرهێنانە نوێیەکان لە 14 بواری سەرەکیدا چڕ دەکرێنەوە؛ لەوانەش: بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی، تەقەمەنی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن)، بەرگریی ئاسمانی و رووبەڕووبوونەوەی دڕۆنەکان، سەرەڕای جەنگی ئەلیکترۆنی، بوارەکانی بۆشایی ئاسمان و لێدانی دوورمەودا.
پلانەکە زیاتربوونی بەرچاوی بەرهەمهێنان و دابینکردنی موشەک و تەقەمەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ فراوانکردنی بەکارهێنانی فڕۆکە و هۆکارەکانی گواستنەوەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمان، وشکانی، دەریا و ژێر دەریادا تا ساڵی 2030.
لەلایەکی ترەوە، یاساکە بڕیاری دامەزراندنی خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانەی داوە بۆ ئەو کوڕ و کچانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە، بۆ ماوەی 10 مانگ، پرۆسەکە لەمساڵدا بە وەرگرتنی سێ هەزار خۆبەخش دەست پێدەکات و تا ساڵی 2030 ژمارەکە بەپێی پلانەکە ساڵانە بۆ 10 هەزار خۆبەخش بەرز دەبێتەوە.