پۆلیسی راپەڕین تۆمەتبارێکی لە هەولێر دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە کچێک دەکرد.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە رانیە، تۆمەتبارێکی دەستگیر کردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە کچێکی تەمەن خوار 18 ساڵ کردووە لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەدا.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین، نزیکەی 10 رۆژ پێش ئێستا کچەکە لەگەڵ دایکیدا سەردانی نوسینگەکەیان کردووە و سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری، شەوی رابردوو بە هاوکاریی تیمی ئایتیی پۆلیسی راپەڕین و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر، تۆمەتبارەکە لە شاری هەولێر دەستگیرکراوە.

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە ناوی (ر.ر.س)یە و تەمەنی 16 ساڵە و دانیشتووی بەحرکەیە لە هەولێر، لە بەردەم پۆلیس و دادوەردا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا و لە ئێستادا بەپێی مادەی دوو لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.

پۆلیسی ڕاپەڕین داواش لە دایکان و باوکان دەکات ئاگاداری منداڵەکانیان بن، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە، تا تووشی پەیوەندیی نەخوازراو و لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتی و دەروونی نەبنەوە.