ئاگرێکی گەورە لەنێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کەوتەووە و لەماوەیەکی کەمدا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت؛ تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئاگرەكە لەكاتی بەتاڵكردنەوەی تانكەرێكی سوتەمەنی بۆ ناو كۆگای سوتەمەنیی باڵەخانەكە كەوتووەتەوە.

دەشڵێت، تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە، لیژنەیەکمان بۆ ئەم ئاگرە و ئەوەی تانجەرۆش پێکهێناوە.

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، تیمەكانی بەرگری شارستانی توانیویانە لەماوەیەكی كەمدا بگەنە شوێنی روداوەكە و ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.

لەلای خۆشیەوە ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەلایەن تیمەکانیانەوە توانراوە لە کەمترین ماوەدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، لەبارەی زیانەکەی ئاگرەکە دەشڵێت؛ تەنها تانکەری سوتەمەنییەکە زیانی بەرکەوتووە.

جێگەی ئاماژەیە لە دوێنێ شەوەوە، ئەمە دووەم ئاگری گەورەیە لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە و کە بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.