پۆلیسی سلێمانی کەسێکی بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد کە سێ فەرمانی گرتنی هەبوو.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد،، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژئاوا تۆمەتبارێکیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن دەستگیر کردووە کە پێشتر سێ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە چەند تاوانێکی دزیکردنی لە ناحیەی پیرەمەگرون ئەنجامداوە، دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردووە، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژئاواوە، توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیراوە لە جۆری (کیا - دوو تۆنی) کە هی خۆی بووە و لە تاوانەکانی دزیکردندا بەکاریهێناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبار (ر. ب. ع) لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.