پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەردەوامە و ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای حاجیاوا قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەستیپێکردو بڕیارە 91 فەرمانبەر ببنە خاوەنی زەوی خۆیان. 

خالید ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بە ئامادەبونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و داواکاری گشتی، لە رێگەی تیروپشکێکی ئاشکرا و شەفافەوە 91 فەرمانبەری  دەبنە خاوەنی زەوی.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستا نیوز، ئەم قۆناغە تایبەتە بەو فەرمانبەرانەی، کە کۆی خاڵەکانیان لەنێوان (38 بۆ39) خاڵدایە و ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا 146 فەرمانبەر بە خاڵبەندیی 40 بۆ 50 خاڵ سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.

بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە سنوری قەزای حاجیاوا ناوی نزیکەی چوار هەزار و 250 فەرمانبەر  بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا لەسەر ئاستی گشتیی ئیدارەی راپەڕین ئەو ژمارەیە دەگاتە نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەر، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانییەوە پەسەند کراون.

بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێویستە هەموو فەرمانبەرێک کە مەرجەکان دەیگرێتەوە، پارچەیەک زەوی بە رووبەری 200 مەتر دووجای پێبدرێت و پرۆسەکە تاوەکو سوودمەندبوونی دواین فەرمانبەر بەردەوام دەبێت.