بێگەرد تاڵەبانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا بڕیاردرا لەسەر دیراسەکردنی بابەتی دانانی باج لەسەر مریشکی ھاوردە و ئاراستەکردنی نوسراوێک بۆ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی جەختکردنەوە لەوەی بەھیچ شێوەیەک رێگەنەدرێت بە ھاوردەکردنی ھێلکەی تروکاندن.
ھەروەھا بڕیاردرا کە کۆبونەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیای دانا غازئەنجامبدرێت بەمەبەستی دابینکردنی غازی پێویست بۆ پڕۆژە پەلەوەرییەکان و ئاراستەکردنی نوسراوێک بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاراکردنەوەی لیژنەکانی دیاریکردنی بەروبوومەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، یەکێکی تر لە بڕیارەکان بریتییە لە دیراسەکردنی تایبەت بە دروستکردنی پڕۆژە پەلەوەریەکانی گۆشت تاوەکو لە داھاتوودا بەپێی پلان پڕۆژەکانی پەلەوەری گۆشت دروستبکرێت.
ھەروەھا بڕیاردرا لە داھاتوویەکی نزیکدا تیمێک بەسەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیداڵ بکات بەمەبەستی جارێکی تر کارکردنەوەی ئەو یاداشتی (لێکتێگەیشتننامەی) کە لەنێوان ھەر دوو وەزارەت ھەیە.
جگەلەوەش بڕیاردرا دیراسەی بڕیاری دامەزراندنی سەرپەرشتیاران بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە پەلەوەریەکان بکرێت و جارێکیتریش لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھاوکاری و ھەماھەنگی بکرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی.
ئیحسان عبدالرحمان بەرێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵیەکان لەناو گرتووخانەکاندا، پڕۆژە یاسایەک بۆ لێبوردنی گشتیی ئامادە کراوە.
وتیشی ئەمرۆ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە ئامادەبوونی سەرۆکی پارلەمان ئەنجام دەدرێت و پڕۆژەکە تاوتوێدەکریت.
لەھەرێمی کوردستان تا ئێستا سێ جار لێبوردنی گشتی لە ساڵەکانی ٢٠٠٧، ٢٠١٢، ٢٠١٧ بۆ سزدراوان دەرچووە و نزیکەی حەوت ھەزار کەس لێی سوودمەند بوون.
فەھمی بورھان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەرۆک بافڵ رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر رێکخستنی کۆنفرانسێکی تایبەت بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و بڕیارە کۆنفرانسەکە لە داھاتوویەکی نزیکدا رێکبخرێت، تاوەکو نەخشەڕێگەیەک بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکە و چارەسەری کێشەکان دابنرێت.
وتیشی، بڕیارە راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئامادەبکرێت و بخرێتە بەردەم مەکتەبی سیاسی، تاوەکو لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمێک ئامادەبکرێت بۆ رێکخستنەوەی دۆخی سیاسی و ئیداری کەرکوک و ناوچەکە.
فەھمی بورھان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنفرانسەدا بە وردی پەنجە دەخرێتە سەر لایەنە ھەمەجۆرەکانی کەرکوک و ناوچەکان و لێکەوتەکانی ئەو دۆخە نەخوازراوانەی کە بەرۆکی ئەو ناوچانەی گرتووە و خودی کۆنفرانسەکەش بایەخپێدانی یەکێتییە بە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان و زاڵکردنی برایەتی پێکھاتەکانە لە کەرکوک کە شارێکی کوردستانییە وەک ناسنامە و دەبێت مافی پێکھاتەکانیش پارێزراو بێت و شاری پێکەوەژیان بێت.
کەشناسی ھەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوھەوای ئەمڕۆ و سبەی ئاشکراکرد و دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ دروستبوونی تەم بە دریژای کاتەکان لە ناوچەجیاجیاکان نمە باران دەبارێت لە سنورەکانی پارێزگاکانی ھەڵەبجە و سلێمانی و ھەولێر باران بارین زیاتر دەبێت.
باسیلەوەشکرد، شەپۆلێکی بەفر بارین زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێم دەگرێتەوە ئەمەش بەھۆی ئە و بارستە ھەوا ساردەی ڕوو لەو ناوچانە دەکات و بەفر بارین بەشێوەی پچڕ پچر دەبێت.
ئاشکراشیکرد ، رۆژی دووشەممە، ئاسمان دەبێتەوە بەھەور و نیمچە ھەور و لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک ئەگەری نمە بارانی دەبێت لەگەڵ بەفر بارین لە ھەندێک لە ناوچە شاخاوییەکان و لەئێوارەی ھەمان ڕۆژدا کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی پێدێت
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ، ستایشی ھەوڵەکانی لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانیم کرد لەپای کار و چالاکییەکانیان بۆ پاراستنی ئارامی و دەستگیرکردنی تاوانبار و تۆمەتباران.
دەشڵێت، بۆ ئەمساڵ چاوەڕێی زیاتریان لێ دەکەین؛ بە ھەماھەنگی کردنی نێوانیان و یەکخستنەوەی ھەوڵەکانیان لەپێناو باشتر چەسپاندنی سەقامگیری و پێشگرتن لە ئەنجامدانی تاوان.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا، کە ئاڕاستەی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کردووە ئاماژەوەی بەوەکردووە، بەھۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی و رێکخراوی تەندروستی جیھانی، ژمارەیەک لە وڵاتان رێکاری خۆپارێزیان گرتووەتەبەر بۆ ئەو کەسانەی لە وڵاتی چینەوە دێن و بۆ ئەم بەستە کاری پێویست ئەنجامبدەن.
دەشڵێت، داواکردنی پشکنینی کۆرۆنا PCR کە ئەنجامی نەرێنی بێت و بۆسەرجەم ئەو کەسانەی لە وڵاتی چینەوە دێن لەماوەی ٧٢ سەعات پێش ھاتنەناوەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان لە رێکەوتی ١٥ی ١ی ٢٠٢٣ جێبەجێدەکرێت.
پۆلیسی رووبەڕوبونەوەی تاوانی کەرکوک رایگەیاند، بکوژی ژنە ٢٩ ساڵانەکەی ناحیەی شوان ئاشکراکراوە، دانی بە تاوانەکەیداناوە کە ھاوسەرەکەی ژنەکەی کوشتووە، لە ئێستاشدا بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.
رۆژی ٢٨ی مانگی رابردوو ژنێک لە ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوک کوژرا، لە کاتی ڕوداوەکەدا وا بڵاوکرایەوە کە گوایە سێ چەکداری نەناسراو ژنەکەیان کوشتووە و ھاوسەرەکەیان بەستووەتەوە و دواتر ھەڵھاتوون، ھەر ئەو کاتەش بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوانی کەرکوک تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێکھێنا، بۆ ئەوە ئەنجامدەرانی تاوانەکە ئاشکرا بکەن، لە ئێستاشدا پۆلیسی کەرکوک رایگەیاندوە، ھاوسەری ژنە کوژراوەکە تاوانەکەی ئەنجامداوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەستەکەیان بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکات کە رۆژی ھەینی لە گەڕەکی موفتی شاری ھەولێر، کچێکی پانزە ساڵان بەدەستی باوکی کوژرا. داواش لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات، ھەوڵەکانیان چڕتر بکەن بۆ ئەوی بە زووترین کات تاوانبارەکە دەستگیر بکەن، بۆ ئەوەی بگات بە سزای یاسایی خۆی.
ھاوکات سیامەند عەبدولقادر، پارێزەری کەیسی ئەو خێزانەی کچەکەیان لەلایەن باوکیەوە کوژرا لە ھەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، ماوەی دوو مانگە دادوەری لێکۆڵینەوە بە تۆمەتی کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار کەمتەرخەم بوون و دەستگیریان نەکرد تا کچە ١٥ ساڵانەکەی خۆی کوشت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی کچێک سکاڵای لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد، کە بە فێڵ پارەی لێوەرگرتووە، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردوو دوای گەڕان و بەدواداچوونەکان توانرا لەماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعات تۆمەتبار لە شاری ھەولێرەوە بھێنرێتە سلێمانی و لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕزگارییەوە دەستگیربکرێت و بەشێک لەپارەکانیش دەستیبەسەردابگیرێت .
ئاشکراشیکردووە، ئەو تۆمەتبارە کچەکەی لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ناسیوە و بڕی ١٥ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری لە کچەکە وەرگرتووە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار (م، ف، ع لەدایکبووی ٢٠٠٣، دانیشتووی ھەولێر-سەیدئاوا) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٥٢ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .
ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چەند شارێک راھێنانەکان دەستیان پێکردووە و لەم ھەفتەیەوە بە چەند قۆناغێک بە فراوانتر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەستدەکرێت بە ئەنجامدانی ڕاھێنان بە ئەو ١١ ھەزار دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگاکان کە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و بڕیارە لە کەرتی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیان دابمەزرێن.
رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ وەزارەتی کشتوکاڵ فۆڕمێکی بۆ دامەزراندنی پێنج ھەزار دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند، بەڵام زیاتر لە ١١ ھەزار کەس ئەو فۆڕمەیان پڕکردەوە. لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، زیاتر لەو پێنج ھەزار کەسە دادەمەزرێن کە پێشتر رایانگەیاندووە.
دەقی پیرۆزباییەکە...
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی سێ شەوەی یاران (قەوڵتاس) پیرۆزباییەکی گەرم لەخوشک و برایانی کاکەیی و سەرجەم یارسانەکان دەکەم لەھەرێمی کوردستان.
ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و کۆتاییھاتنی ئەو نەھامەتیانەی کەکاکەییەکان رووبەرووی بونەوە لەسایەی چەپۆکی چەپەڵی تاریکپەرستانی داعش.
قەوڵتاس ببێتە ھەوێنی قوڵکردنەوە و بەھێزکردنی گیانی تەبایی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان بێت لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا.
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پیرۆزباییەکە...
بەبۆنەی جەژنی سێ رۆژەی یاران (قەوڵتاس) پیرۆزباییەکی گەرم لە خوشک و برایانی کاکەیی دەکەم و ھیوادارم ئەم جەژنە بە دڵخۆشی و کامەرانییەوە بەسەربەرن.
کاکەییەکان پێکھاتەیەکی گرنگ و نموونەیەکی بەرزی قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوە ژیان بوون لە کوردستان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزەوە لە مێژوو و خەباتی کاکەییەکان دەڕوانێت و وەک ھەمیشە پارێزەر و بەدیھێنەری مافەکانیان دەبێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە :
بەڕێزان و خزمانی کەڵکەسماق و بزووتنەوەی حەقە
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (حەلاوە عەبدولڕەحمان) ھاوسەری کاک مستەفای مامە رەزای کەڵکەسماق، رابەری کۆچکردووی بزووتنەوەی حەقە و دایکی ھەردوو پێشمەرگەی دێرین عەبدولرەحمان و سەربەستمان پێگەیشت.
بۆئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە، کەسوکار و بنەماڵە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتان دەکەم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بەبەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری و ئارامی بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەھۆی ھاتنی جەژنی سەری ساڵ و رۆژەکانی پشوو، دابەشکردنی مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دواکەوت، بەڵام رۆژی دوو شەممە دەستدەکرێت بە دابەش کردنی مووچەی لیواکانی پیادە.
موچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بودجەی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابین دەکرێت.
"ھۆگر عەزیز"وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو ٧ ھەزار و ٦٧٨ تاوان ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیەش ٦ ھەزار و ٨٩٤ تاوان ئاشکرا کراوە و تۆمەتباران دراونەتە دادگا.
وتیشی، ساڵی رابردوو ٦٢ تاوانی کوشتن ئەنجام دراوە، ٧٩ کەسیش بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر کراون، ٧٧حاڵەتی خۆکوشتنیش لە بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر تۆمار کراوە.
"ئەسیر دادو الغدێری" وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی خۆراک و دانەوێڵە و بازرگانی دانەوێڵە ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانیان تەواو کردووە بۆ دەستەبەرکردنی یەکەم سەبەتەی خۆراک و ئارد بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رۆژی یەک شەممە ٨ی کانوونی دووەم بەپێی پلانی ئامادەکراو دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی ئەمساڵ دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو کۆمپانیای بەرھەمھێنانی دانەوێڵە و کۆمپانیاکانی بازرگانی دانەوێڵە بەردەوامە.
وەزیری بازرگانی عێراق جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوون بە ڕێکخستنی پرۆسەی بڕین و ھەماھەنگی پێداچوونەوە بە کاری بریکارەکانی خۆراک.