بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان ھاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣
ئاگادارییەک لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی ھەرێمی کوردستان
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە بۆ ئەمساڵ ھیچ پشکێکی زیاتر لەوەی پێشتر بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە نەھاتووە و داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان بەدوور بگرن لەم جۆرە کارانە تاوەکوو پارەیان بە فیرۆنەچێت.
ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بەردەوام دەبین لە رێکخستنی پرۆسەی حەج و عومڕە لە ھەرێمی کوردستان و ھەر کەس و کۆمپانیایەک لە ژێر ناوی پشکی زیادە یاخود حەجی بازرگانی یاخود ھەر ناوێکی دیکە ھەوڵی ئەوە بدات پارە لە ھاووڵاتیان وەربگرێت ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە.
لێرەوە بە پێویستی دەزانین کە ھەموو ئەو کەسانە ئاگادار بکەینەوە کە ڤیزای گەشتیارییان ھەیە و دەیانەوێ بەم ڤیزەیە حەج ئەنجام بدەن،عەرەبستانی سعوودیە بۆ رێگریکردن لە حەجی بەبێ بەرنامە یاخود حەجی بێ رێگەپێدان چەندین رێککار و سزای راگەیاندووە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە ڤیزای ساڵانە حەج بکەن، لەکاتی ھاتنە پێشەوەی ھەر کێشە و گرفتێک بۆ ئەو کەسانە لە سعوودیە ئێمە وەکوو بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە لێی بەرپرس نین و خۆیان بەرپرسیاریەتی ئەو سزایانە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین ھەوڵی ئەنجامدانی حەج نەدەن بەو جۆرەی کە لە ھەندێک شوێنی نافەرمی بانگەشەی بۆ دەکرێت تاوەکوو پارەی بەفیرۆنەچێت و ڕووبەرووی کێشە نەبنەوە
ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتیانمان لە ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ھەر نوێکارییەک لە پرۆسەی حەجدا ھەبێت بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەح و عومڕەی ھەرێمی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاو دەکەینەوە تاوەکوو ھەموو ھاووڵاتیان لێی ئاگاداربن.
ب - راگەیاندن و ئیرشادی حەج و عومڕەی کوردستان
٢٧/٤/٢٠٢٣