سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک لە عێراق بوونی ھەیە و حاڵەتەکانی بەشێوەی تاک لەسەرجەم ناوچەکان تۆمارکراوە، بەڵام ئەوەی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری ھەیە بریتییە لە زیادبوونێکی رێژەی نەخۆشییەکە.

وتیشی، لەسەر راسپاردەی ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی تیمێکی ئاست بەرز لە فەرمانگەی تەندروستی گشتی و پێکھاتوو لە تایبەتمەندانی سەنتەری نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و پسپۆڕانی بواری زانستی پەتا، سەردانی سلێمانی کردوو ئاگاداری حاڵەتەکان بوون و  پشکنین کراوەو نمونە لە نەخۆشییەکە وەرگیراوەو نێردراوە بۆ تاقیگەی تەندروستی گشتی لە بەغداد.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، خاڵی گرنگ ئەوەیە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی مردن نیە و سەرجەم حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەژێر کۆنترۆڵدان و نەخۆشەکان وەڵامیان بۆ چارەسەرەکان ھەیە و زۆرێکیان نەخۆشخانەیان جێھێشتوە. 

رونیشیکردەوە، چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینیەکان دەکەن بەمەبەستی زانینی ھۆکاری زیادبوونی نەخۆشییەکە لە سلێمانی و دواتر ئەنجامەکەی و ھەر وردەکارییەکی تر بە رەسمی بڵاودەکەنەوە.