مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل پێش کۆچی دوایی چۆن باسی لە مردن کردووە
کوردسات نیوز
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣
مێژووی چاوپێکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009، بەر لە کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل ئەنجامدراوە.
لە وەڵامی پرسیارەکەی ئەو رۆژنامەنوسەدا، مامۆستا ئەحمەد دەڵێت، "لەناو هەموو خەڵقەندە و زیندەوەراندا، تەنها مرۆیە دەزانێ مەرگ یەخەی بەرنادا و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ ... دەزانێ دەمرێ ... دەزانێ ئەم ژیانی بەجێدەهێڵێ ... ئەم مەرگە، ئەم خەرەندە قووڵ و بێبنە، تاریکە، هیچ لەبارەوە نەزاندراوە."
پوختەی چاوپێکەوتنەکە:
گفتوگۆ لەگەڵ ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل. ئەوگەستی ٢٠٠٩
بڕوا بەرزنجی: پێش ئەوەی هەر پرسیارێک بکەم، گومان لەوەدا نییە، کە ئێوە یان هیچ کەس ئەزموونی مەرگی نییە، بەڵام ئێوە وەک ئەدیبێک، ئێستا هەستتان دەربارەی مردن و مەرگی خۆتان چییە، کە گفتوگۆی دەربارە دەکەین؟
ئەحمەد مەحەمد ئیسماعیل: لەناو هەموو خەڵقەندە و زیندەوەراندا، تەنها مرۆیە دەزانێ مەرگ یەخەی بەرنادا و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ ... دەزانێ دەمرێ ... دەزانێ ئەم ژیانی بەجێدەهێڵێ ... ئەم مەرگە، ئەم خەرەندە قووڵ و بێبنە، تاریکە، هیچ لەبارەوە نەزاندراوە، چرکە لە دوای چرکە، سات لە دوای سات، هەنگاو لە دوای هەنگاو لێی نزیک دەبینەوە، یان ڕاستتر ئەو بەرەوڕوومان دێت، کەچی دنووین و دەخۆین و پێدەکەنین و ماڵداری دەکەین، ئەو بۆ لای ئێمە دێ و ئێمەش بەرەو لای ئەو دەچین. نە کەس چاوەڕێی ئەو حاڵەتە دەکات کە مەرگی ناوە، نە دەشتوانێ فەرامۆشی بکات و لەبیری خۆی دەربهێنێ. من ئەم زاڵبوونی بیرۆکەی مەرگە بەسەر بیرکردنەوە مرۆڤدا، بە حاڵەتێکی ئیجابی دادەنێم. ناچارت دەکات بیر لە چۆنێتیی مانەوە بکەیتەوە، کار و کردەوەیەک بکەی دژی ئەو فەنابوونەبێ، بەڵام هەمدیس کە بیری لێدەکەیتەوە، دێیتەوە سەرسفرەی خاڵی، وا بەڕێوەیە ئەو مەرگە پووچە، دێ و کۆتایی بە پووچیی ژیان دەهێنێ.
بڕوا بەرزنجی: تێگەیشتوون و لێکدانەوەی ئێوە بۆ مردن چییە، هەست دەکەن لەدوای مردن جیهانێکی تر و زیندووبوونەوە هەبێت، ئایا ڕۆح لە جەستە جیادەبێتەوە و بڕوات بۆ دونیایەکی تر، یان ڕۆح و جەستە دوو پێکهاتەی جیاوازن، ڕەشبین نین لە نەبوونی چارەسەر و خۆدەربازکردن لە مەرگ؟
ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل: هەر لە بوونی مرۆڤەوە، لە چاخە کۆنەکانەوە، ئەمجا ئایینەکان، ئەفسانەکان، زانستە جیاجیاکان، هەریەکە بە جۆرێک، بە تێڕوانینێکی جیاواز مەرگ و پاشمەرگیان لێکداوەتەوە. بۆ نموونە لە سەردەمی فیرعەونەکاندا، دنیای دوای مردنیان بە دنیایەکی کامڵی وەک ئەم دنیایە دەبینی، مردووەکەش ژیانی ئاسایی خۆی وەکو ئەم دنیایە دەگوزەرێنێ، بۆیە خواردن و پارە و پێویستییەکانیان لەگەڵدا دەناشتن.
یان ئەفسانە کۆنەکانی سۆمەری لەجیاتی مانەوە و زیندووبوونەوە، پەنایان بۆ میسیۆلۆجیای زاوزێ و جنس و نەوەخستنەوە بردووە. لە چاخە بەردینەکانیشدا بڕوایان بە زیندووبوونەوە هەبووە، جۆری ناشتنی مردووەکانیان ئەو بڕوایەیان دەسەلمێنێ. ئایینە ئاسمانییەکانیش لەمبارەیەوە ئاشکرا چۆنی بۆ دەچن. هەر هەموو ئەم بۆچوونانەش گەر داوای بەڵگەیەکیان لێبکەیت هیچت پێناڵێن. بەڵام من بڕوام بەوە هەیە، کە ڕۆح لە جەستە جیا دەبێتەوە و دەمێنێتەوە. کورد دەڵێ "ڕۆحی شاد".
مادام مەرگ حەتمییە، ڕەشبینبوون گەمژەییە. ناشتوانیت ژیانێک بێنیتە بەرچاوی خۆت مەرگی تیادا نەبێت!
بڕوا بەرزنجی: ئێوە لەو تەمەنەی بەڕێتان کردووە، وەک ئەدیبێک، هەست بە پیرێتی دەکەن، ئایا ترستان لە مەرگ هەیە، تا چەند بیر لە مردن دەکەنەوە، بیرکردنەوەتان سادە و ساکارە یان قوورسە و ترساون، ئەگەر هەست بکەیت مردن نزیکە، ئەوەی هەست دەکەیت مردن ناهێڵێت بیکەیت و بیڵێیت چییە، چ شتێک بە تەواونەکراوی بەجێدەهێڵیت (کە مەبەستی تۆ بێت)؟
ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل: مەبەستت لە پیرێتی کەڵەکەبوونی ساڵەکانە و کەمبوونەوەی هێز و توانای جەستەیە، وا نییە؟ ئەگینا مێشک و ئاوەز شتی نوێتر فێر دەبێت و ئاسۆی ساڵ بە ساڵ فراوانتر دەبێت، هەر ڕۆژەی شتێکی تازە دەبینی و دەژنەوی و فێر دەبی. هەر ڕۆژە و چەند لاپەڕەیەک دەخوێنیتەوە، کە زانیارییەکی نوێت پێدەبەخشێ. بێگومان تەمەن کار لە جەستە دەکات، کە هەستت پێ کرد یەکسەر مردنت دێتەوە بیر.
بتەوێ و نەتەوێ هەڵوەستەیەکی بۆ دەکەی. ئەوە ترسە یان شتێکی دیەکەیە؟ هەردووکیانە. پێمناڵێی ئەوە کێیە لە مردن ناترسێ؟ دەکرێ ژیرانە لێی بڕوانی و تەماشای بکەی، بەڵام لە ناخیشتدا مووچڕکێک، بزەیەکی نائومێدی و پووچی و بێهوودەیی، دوای کەمێک، لە لەو یەک دوو ساتەدا بیر لە هیچ ناکەیتەوە، ئینجا لچێک هەڵدەقوورتێنی، لەبیری دەبەیتەوە، یان لەبیرت دەچێت.
خۆشبەختانە ئێمە نازانین تا چەند لە مەرگەوە نزیکین یان دوورین، ئێمە هەمیشە شتەکانمان، کارەکانمان، ئاواتەکانمان تەواو نەکردووەن. هێشتا زۆر شتی جوانی ئەم دنیایە هەیە نەمانبینیون، یەک لە ملیۆنی ئەم دنیایەمان نەبینیوە. کتێبە جوانەکانمان نەخوێندوونەتەوە، شتە لایقەکانمان نەووسیوە. هەرکاتێک مەرگ بێت، بە حەسرەتی ئەوانەوە دەمرین، بە تاسووقی ئەوانەوە بەرەو خەرەندە تاریک و بێ بنەکە گلۆر دەبینەوە. بەڵام شتێکی تریش هەیە، لە مردن تسان ژیانویستییە.
بڕوا بەرزنجی: زۆرجار مرۆڤەکان لە ژیان هەڵدێن و دەچنە باوەشی مەرگەوە، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانیدا زۆر شاعیر و ئەدیب هەن، کە بەهۆی ونبوونیان لەنێو کتێبەکاندا و ناشیرینیی واقیعی ژیان خۆیان دەکوژن، یان عاشقێک بەهۆی لەدەستدانی مەعشوقەکەیەوە مەرگ هەڵدەبژێرێت، یان (تیرۆریستێک) کە پێی وایە ژیان ناشیرین بووە کۆتایی بە ژیانی خۆی و کۆمەڵێک ئینسانی دیکە دێنێت، ئەم جۆرە هەڵبژاردنەی مەرگ چییە، بەڕاست شەڕی هەرسێ گرووپەکە لەپێناو جوانکردنەوەی ژیاندایە، ئایا دەکرێت لە ڕێگەی مەرگەوە شەڕی ژیان و جوانی بکرێت؟
ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل: ڕاستە ژمارەیەک شاعیر و ئەدیب خۆیان چوونەتە باوەشی مەرگەوە و لە ژیان هەڵدێن وەکو ئێوە دەڵێن. ئەوانە زاڵبوون و تەشەنەکردنی نەخۆشیی دەروونی بەولاوە و لەو چرکەساتانەدا لە تاریکی و نائومێدییەکی لینجی کوشندە بەولاوە هیچیکە نابیننن. بەڵام هەندێ لەوجۆرە کوشتنە لەلای هەندێکیان هۆکانی لای ئێمە نادیارن، بۆ نموونە ڕۆماننووسێکی گەورەی وەک و "میشیما یوکیو"ـی یابانی، لەبەرچی نەریتی "سامورا"ـی سەدەی نۆزدەهەم زیندوو دەکاتەوە و خۆی دەکوژێت، کە دەیان ڕۆمانی پڕ لە ژیانی بەرهەم هێناوە. بەوەشەوە ناوەستێ، داوا لە هاوڕێکانی دەکات: "کامتان کەگەڵ مندا لەپێناوی ئەم نیشتیمانەدا خۆی دەکوژێ؟" ... نیشتیمان کەی داوایەکی ناڕەوای ئاوا دەکات.
لە لایەکی ترەوە، ئەزموونی هۆشیاری و نەزانین و جەهالەت و بڕواهێنانی کوێرانە بە بیروڕایەک، تا دەگاتە سڕینەوەی مێشکی کەسێک، کە وەک ئامرازێکی کۆککراوی لێ دێ وەکو ئەو "تیرۆریستانەی" کۆتایی بە ژیانی خۆیان و کەسانی دیکەش دەهێنن.
ئەم جۆرە هەڵبژادنانەی مردن جوانییەکانی ژیان کەم دەکەنەوە و دەیشێوێنن.
بڕوا بەرزنجی: باوەڕتان بە نووسینی وەسێت هەیە؟
ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل: بەڵێ، بەڵام ئێستا ناینووسم، کە بینووسم دانپێدانانە کەوا مەرگ نزیک بووەتەوە...