تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند مانگی رابردوودا کە خۆپیشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، لانی کەم ١٢١ ھاووڵاتی کورد کوژراون.
راشیگەیاند، ئەو ھاووڵاتیانە بە دەستی ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئێران کوژراون و رەنگە ژمارەکەش لەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە زیاتر بێت.
بەپێی ئاژانسی "ھرنا" بۆ مافەکانی مرۆڤیش، تا ئێستا ٥١٦ خۆپیشاندەر کوژراون کە ٧٠یان منداڵن، زیاتر لە ١٩ ھەزار خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون و دادگاکانیش حوکمیان بەسەر ٦٧٠ خۆپیشاندەر دەرکردووە.
نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی بەھا دیموکراتییەکان.
دەربارەی ئەو بابەتە یاساییانەی کە ھیومان ڕایتس وۆچ لەبارەی سزادانی رۆژنامەنووسانی بادینان باسی کردووە، دەڵێت، ئەو تێبینیانەی ڕاپۆرتی ناوبراو ئاماژەی پێداون لە کاتی لێکۆڵینەوەکان خراونەتەڕوو، ھەروەھا لە قۆناغی دادگاییکردندا پشتڕاستکراونەتەوە و ھیچ پەیوەندییەکیان بە کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکوانی نەبووە.
سەبارەت بە پێکدادان و بۆردومانکردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەک نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، داتا و زانیاری پێویستیان بە لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوە و لەسەر ھێڵن لەگەڵیان بۆ ئاشکراکردنی لێکەوتە مرۆییەکانی بۆردوومانەکان و بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەیان.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە باکوری کوردستان رایگەیاند، لە شارۆچکەی (حەزۆ) سەر بە پارێزگای (باتمان) حەوت ھاووڵاتی دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی کەسێک کە دوو رۆژ لەمەوبەر کوژراوە، تەقەیان لێکراوە، لە ئەنجامدا دوانیان کوژراون و پێنجیشیان برینداربوون.
وتیشی، قوربانییەکان سەرجەمیان کوردن و لەو کاتەی تەقەیان لێکراوە، لەناو مین پاسێکدا بوون ، دوان لە بریندارەکانیش باری تەندروستییان ناجێگیرە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە ھەفتەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، ١١ منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، لە شارەکانی جوانڕۆ و مھاباد و سنە لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێندراون.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، لەو ١١ منداڵ و مێرمنداڵەی رفێندراون، نۆ کەسیان خەڵکی شاری جوانڕۆن، دووانەکەی تریش خەڵکی مھاباد و سنەن.
پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاشکرایکرد بوو، لە ماوەی ٨٠ رۆژدا لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، زیاتر لە ١٣٠ منداڵ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێندراون.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەر رێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر گومانێکی ڤایرۆسی نوێ بە مەبەستی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و خۆپارێزیە لە تەشەنەکردن.
دەشڵێت، ھیچ رێکارێک ناکەن بە بارگرانی بۆ کاروکەسابەتی ھاووڵاتی و ھەموو کات چاودێری دۆخی ھەموو نەخۆشیەکی گواستراوە دەکەن.
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و ٩٣١ ھەزار و ٤٧٤ ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بە ھاووڵاتیان دراوە، کە بە نزیکەیی نیوەی دانیشتووانی ھەرێم، لانیکەم ژەمێک یان دوو ژەمی ڤاکسینی پێدراوە.
ئەو قسانەی وەزیری تەندروستی لە کاتێکدایە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی و بەھۆی سەرھەڵدانی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە چین، ھەر کەسێک لەو وڵاتەوە سەردانی ھەرێم بکات داوای پشکنینی پێشوەختی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت.
کۆمسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینەکان لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق ویستی راستەقینەی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی کەمینەکان دەبێتەوە، بەڵام ئەمریکاش وەک ھاوبەشێک رۆڵی دەبێت لە ھاندانی بەغداد بۆ باشترکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی ئاینییەکان، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی رێککەوتی شەنگال بە دانوستان لەگەڵ خودی ئێزدییەکان خۆیان.
لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر یاسای رزگاربووانی ئێزدی کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢١ تێپەڕاندووە و جێی بایەخی جیھان بووە، بەوپێیەی ئەو یاسایە داوای قەرەبوو و پشتیوانی قوربانیانی جەنگ دەکات کە ئێزدییەکان و مەسیحی و تورکمان و شەبەک و پێکھاتەکانی دیکە دەگرێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قەیرانانەی عێراق پێیدا تێپەڕیووە کاریگەری لەسەر کەمینەکانی وڵاتەکە کردووە، بە تایبەت مەسیحی و ئێزدی و کاکاییەکان.
لە راپۆرتەکەی کۆمسیۆنی ئەمریکا ئامارێکی ئاژانسی کۆچی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانیش خراوەتەڕوو، کە تا ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە سێ ھەزار ئێزدی کە زۆرینەیان ژنن بێسەروشوێنن و زیاتر لە ٢٠٠ ھەزاریشیان لە کەمپەکاندا لە ئاوارەیدا دەژین.
عەمید محەمەد روشدی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندی و راگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو سێ ھەزار و ٧٠٦ رووداوی ھاتووچۆ بە جۆرەکانی پێکدادان و وەرگەڕان و شێلان لە ھەرێم تۆمارکراون کە بەھۆیانەوە ٤٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت ھەزار و ٢٢٥ کەسیش برینداربوون، لە کۆی ئەو رووداوانەش ٤٤٤یان بەھۆی ماتۆرسکیلەوە بووە.
راشیگەیاند، ژمارەی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا چوار ھەزار و ١٢٠ رووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراون، بەوەش ٤١٤ رووداو کەمیکردووە. وتیشی، جگە لەسەرپێچی کامێراکانی چاودێری ٤٩٩ ھەزار و ٣٩٤ سەرپێچی ھەمەجۆر تۆمارکراوە.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشتر بڕیاردرابوو ھەر کەسێک پێوەری ئاو نەبەستبێت بۆ ھەر مانگێک ٨٠ ھەزار سزا بدرێت، بەڵام دواتر بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیە بۆ ناو شار بۆ ٢٠ ھەزار و بۆ دەرەوەی شار بۆ ١٠ ھەزار تا ٢١ی ١٢ی ساڵی رابردوو کەمبکرێتەوە.
وتیشی، لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ھەرێم لە ڕێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جارێکی دیکە بە نوسراوێک ئەو بڕیارەی بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، تا بڕیارەکە جێبەجێبکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی سودمەندنەبوون، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نوسراوەکەیان نەدراوەتەوە.

کاروان خۆشناو وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنووری عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیاربوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوای سەری ساڵ، لینکی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندنی سێ ھەزار کەس لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێزەکانی پاسەوانی سنوور بڵاوبکاتەوە، بەڵام تاکو ئێستا ئەو لینکەی بڵاونەکراوەتەوە.
وتیشی، ئەوان بۆ دەستپێکردنی دامەزراندن چاوەڕوانی ئەو لینەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن، بەڵام لینکەکە دانەنراوە و ناشزانن بۆچی دانەنراوە.
رۆژی شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لینکی فۆڕمی ئەلکترۆنی بۆ دامەزراندنی سێ ھەزار کەس لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێزەکانی پاسەوانی سنور بڵاودەکەنەوە، بەڵام دوای زیاتر لە مانگێک ھێشتا ئەو لینکە بڵاونەکراوەتەوە.
نزیکەی مانگێکە گەمارۆی ھێزەکانی حکومەتی سوریا، لەسەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب و ناوچەی شەھبا بەردەوامە و رێگری لە چوونە ژوورەوەی سوتەمەنی و ئارد و ماددەی خۆراکی بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکان دەکەن، تائێستاش دوو منداڵ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەھۆی نەمانی دەرمان لە دەرمانخانەکانی گەڕەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
"سەڵاحەدین دەمیرتاش"ھاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"، لەبارەی بڕیاری"ھەدەپە"بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە زیندانەوە ھەڵویستی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کورد نایەوێت لە ژووری تەنیشتەوە چاوەڕێ بکات، ھەدەپە بەشێکە لە تورکیا، کۆمار بەھای ھاوبەشی ئەوانە و پێکەوە دەژین.
وتیشی "ھەدەپە" دەیەوێت کاندیدی ھاوبەش لە لایەن شەش لایەنەکەوە دیاری بکرێت و گفتوگۆ و دانوستان لەسەر بنەما گشتییەکانی دیموکراسی بەشێوەیەکی ئاشکرا و شەفافانە لەگەڵ ھەدەپە و تەواوی ئۆپۆزسیۆن ئەنجام بدرێت.
دەمیرتاش جەختی لەوەشکردوەتەوە، کاندیدی ھاوبەش دەتوانێت ببێتە کاندیدی ھاوبەشی گەل و پرسی دانوستان لەگەڵ ھەدەپە نھێنی نییە.
لیژنەی جێبەجێکردنی دیداری یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی کۆبوویەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی دوا کارەکانی لیژنەکانی تایبەت بە راسپاردەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا لیژنە جیاجیاکان راپۆرتەکانیان سەبارەت بە میکانیزم و پلانەکانیان بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی راسپارەدەکان خستەڕوو. قوباد تاڵەبانییش رایگەیاند، لەئێستادا بەشێکی بەرچاو لە راسپاردەکان لە ھەمواری پەیڕەو و ئاڕاستەی ئیشکردنی ئۆرگانەکان لە جێبەجێکردندان، راسپاردەکانی تریش ئەرکی ھەموومانە تا دیداری دووەم کاری لەسەر بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، تا رۆژی پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ١٩ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار لیتر نەوتیان دابەشکردووە بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و ٩٨ ھەزار خێزان سودمەندبوون.
پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو، تاوەکو رۆژی چواری کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٤٦ ملیۆن و ٨٥٠ ھەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێم دابەشکراوە و ٢٣٤ ھەزار و ٢٥٤ خێزان سوودمەند بوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە چەندین شار و ناوچەی ھەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ساڵە نەوتیان تێدا دابەشنەکراوە و لەم وەرزی سەرمایەشدا لە ٨٣%ی ھاووڵاتیان نەوتیان لە قەزا و ناحییەکان و سەنتەری شارەکان بەدەستنەگەیشتووە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، خالق خزرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار لە گرتووخانەی ناوەندی بەندەر عەباس و رەشید لەوەندپور خەڵکی ئورمییە لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی ھەنگاو، خالق خززادە پێش دوو ساڵ و رەشید لەوەندپور چەند ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.