وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەگەڵ نوێنەری خاوەن پڕۆژە و كێڵگە پەلەوەرییەكان كۆبووەوە
لاڤە
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣
لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرھەمھێنانی پڕۆژەکانی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان کرا، ھەروەھا نوسراوێکی رەسمی ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرا بۆ ئاسانکاری و کردنەوەی رێگاکانی ھەناردەکردنی بەرھەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نیشتیمانی بەبازاڕکردنی بەروبوومە خۆماڵییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا نوسراوێکی رەسمی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکرێت، بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بکەن لەپێناو پاڵپشتی راستەوخۆی خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە زەرە و زیانی پڕۆژەکانیان و دڵنیایدان لەسەر بەبازاڕکردنی بەروبوومەکانیان و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی لە بوژانەوەی کەرتی پەلەوەری و دەواجن بە گشتی.