د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی کەسوکاری نەخۆشێک نزیک سەعات ١١:٠٠ی شەوی رابردوو ھەوڵیدا بچێتەژوورەوە و پۆلیسی نەخۆشخانەکەش وەک ئەرکی خۆیان پێیانوتووە دایک و باوکی نەخۆشەکە لە ژوورەوەیە و ئەم کەسەی دیکە مۆڵەتی چونەژوورەوەی نییە، دوای چەند سەعاتێک ئەو کەسە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە چەک ھەڵیانکوتایەسەر نەخۆشخانەکە و تەقەیەکی زۆریان کرد بەناو نەخۆشخانەکەدا.

د.پشدەر عەبدوڵا راشیگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکان پۆلیسێک و کارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە برینداربوون و یەکێکیان قاچی شکاوە و لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرن.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، دوو کەس دەستگیرکراون، کە یەکێکیان خاڵی منداڵەکە بووە و تەمەنی سەروو ٢٠ ساڵ بووە.