لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی بەیانی رۆژی ٢٠٢٣/٤/٢٥ عەلی مەحمود محەمەد ناسراو بە عەلی سیاسی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتییەکەمان لەھەولێر لەلایەن ئاسایشەوە گیرا، دۆسیەکەی ئاراستەی پۆلیس کراوە بۆ لێکۆڵینەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەم پرسەدا روو لە دادوەری لێکۆڵینەوەو دەسەڵاتی دادگا دەکەین،  ناوبراو  ئازاد بکات بەکەفالەت، چونکە پەڕاوی ناوبراو جیایە لەگەڵ کەسەکەی تر و پەڕاوی جیابکرێتەوە".

"لەکاتێکدا داوای ئازادکردنی دەکەین رەخنەش لە شێوازی دەستگیرکردنی دەگرین، رەخنەمان ھەیە  لە وێنەگرتنی و پیشاندانی لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆن" لەراگەیەندراوەکەی یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.

بۆیە جەختی کردووەتەوە، "دەزگاکانی حکومەت مافی گرتنە بەری رێکاری یاساییان ھەیە بەرامبەر بەو رووداوە، بەڵام پێویستە رێکارەکان بە ھاوسەنگی و بە تەواوەتی لە چوارچێوەی یاسادا بێت."