کوردستانکوردستان

ئەمڕۆ چوارشەمە بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبای کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستیەکان) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی (٤) نیسان دیاریکرد، کە بریتیە لە (٢٩٨) دینار بۆ ھەر کیلۆواتێک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکۆبوونەوەکەدا کە نوێنەری ئەنجومەنی ستیەکانی ناو شاری سلێمانی  ئامادەبوون، بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستیەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ھاوەرێک کارەبای موەلیدەی ستییەکان بریتیە لە (٢٩٨) دینار، لە کاتێکدا مانگی رابردوو (ئازار) نرخی کێلۆوات ھاوەرێک بە (٣٩٥) دینار بوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو( ئادار) نرخی کیلۆوات ھاوەرێک بە (٣٩٥) دینار بووە. 

کارەبای سلێمانی راشیگەیاند، پێویستیشە سەرجەم ستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بڵاویکردەوە، "د. دلۆڤان محەمەد" بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر، بۆ مەبەستی ھاوکاری و پاڵپشتی  ٥٠٠ پاکەت دەرزی چارەسەری رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە کرد، ئەوەش دوای زیادبوونی حاڵەتەکانی ھەوکردنی مێشک لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ھەڵەبجە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بڵاویشیکردەوە، لەگشت حاڵەتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکان و ڤایرۆسەکان لەژێر رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی  کوردستان  ھەماھەنگن لەپەیوەندیکردن بۆ ھەر پێویستییەک بۆ دابینکردنی دەرمان و پێدویستی پزیشکی لەسنوری ھەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا ھیچ بڵاوبوونەوەیەکی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا بەشێوەی پەتا و شەپۆل لەسنوری گەرمیان بوونی نییە، ئەوەی ھەیە حاڵەتە کە لە زانستی پزیشکیی و پەتازانیدا ئاستەکەی ئاساییە و نەگەیشتووەتە دۆخێکی مەترسیدار.

راشیگەیاندووە، بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشخانەکانیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکەن بۆ ھەر حاڵەتێکی جیاواز، تاوەکو دانیشتوانی سنورەکە دڵنیایی پێویستیان ھەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان داواشی لە ھاووڵاتیانی سنورەکە کردووە، لەکاتی ھەر نیشانەیەکی نەخۆشیەکە و ناڕەحەتییەکی منداڵەکانیان، سەردانی پزیشکانی مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان بکەن بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەری پێویست تەنانەت ئەگەر حاڵەت و نەخۆشییەکانیش سادەبن، بەپێچەوانەوە بەھیچ شێوەیەک بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەر پەنا بۆ ھیچ دەرمانخانە و نۆرینگەیەکی خاوەن پیشەی دیکە نەبرێت کە لەلایەن پزیشکانەوە بەڕێوەنابرێن.

تائێستا لە نەخۆشخانەی قەڵا چوار حاڵەتی تووشبوون بە ھەوکردنی مێشک تۆمارکراوە و سێ بۆ چوار حاڵەتی گومانلێکراوی دیکەش ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٣ پلە بە پێوەری ریختەر و بە قوڵی ١٢ کیلۆمەتر ژێرزەوی، لە ١٨ کیلۆمەتریی خانەقین و  ١٩ کیلۆمەتریی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان روویداوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە خانەقین رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە گوندی دارەخورما بووە و بومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھۆکاری راگرتنی بەشە بەنزینی سلێمانی لەلایەن عێراقەوە نادیارە و نازانرێت کەی دەست بەدابەشکردنەوەی دەکرێت، وتیشی، پێشتر بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ رۆژ، رۆژانە شەش تانکەری ٣٦ ھەزار لیتری بەنزینی نۆرماڵ لە عێراقەوە بۆ سلێمانی دەھات، کە ٣ تانکەری لەناو شار و ٣ تانکەریشی بۆ قەزا و ناحیەکان دابین دەکرا و لیتری بە ٦٩٠ دینار بە شۆفێران دەفرۆشرا، ئەوەش کاریگەری کردبووە سەر دابەزینی نرخی جۆرەکانی تری بەنزین.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەو بازرگانانەی پێشتر پارەیان لە بانک بۆ کڕینی بەنزینی تر لە عێراق خەواندووە، پارەکانیان نافەوتێت و دەتوانن وەریبگرنەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، چاوەڕواندەکرێت لەکاتی دواکەوتنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ سلێمانی، جارێکی تر نرخی بەنزین بەرزببێتەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی... 

خانەوادە و کەسوکاری بەڕێزی مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل
زۆر دڵگران بووم بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێڕی بە توانای کورد مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل. مامۆستا ئەحمەد بە نووسین و وەرگێڕانەکانی خزمەتی گەورەی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردوە و بەھۆی خزمەتەکانییەوە بۆ ھەمیشە یاد و ناوی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بە نەمری دەمێنێتەوە.

بەم بۆنەیەوە لە ناخی دڵمەوە پرسە و سەرەخۆشیتان ئاراستە دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمتان دەزانم. داواکارم خودای گەورە روحی مامۆستا ئەحمەد بە بەھەشت شاد بکات و ئارامی و سەبوری بە ھەموو لایەک ببەخشێت.

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەمیر ھەورامی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز باسی لە پرسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کێشەی مووچە لە سنوری سلێمانی کرد و  رایگەیاند، با کێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەربکرێت پاشان باسی گەڕانەوەی تیمی وزاری یەکێتی دەکەن، وتیشی داوایانکردووە پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.

سەمیر ھەورامی ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٢ ملیار دینار کورتھێنانی ھەیە بۆ دابەشکردنی مووچە، جەختیشیکردەوە، داواکارییەکانی یەکێتی گشتیین کە سەرەکیترینیان پرسی مووچەیە و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان مووچە بکرێت بە سەروەری و ناکرێت لە شارێک دابەشبکرێت و لە شارێک دابەشنەکرێت.

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، گرفتی کەمی داھات لە سلێمانی ھەیە و تەنھا مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان نەوەستاوە، بەڵکو مووچەی وەزارەتەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە لە سلێمانی دابەشنەکراوە.

رونیشیکردەوە، یەکەی حیسابیی مووچەی پێشمەرگەی گوڵان و ئەیلوول لە ھەولێرە، دەزانن کێشە و گرفت ھەیە، بۆیە بەداخەوە لەبری ئەوەی پێشەکی بودجەکەیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی دابەشبکرێت، دەوەستن تاوەکو کێشە دروستدەبێت، ئەوانیش بڕیارێکی نایاسایی دەدەن بە راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی کە ئەوە بەراستی جێگەی تێڕامانە و دەبێت خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی ھەڵوێست وەربگرن و لەسەر راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لێپرسینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان بکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی چیرۆکنووس و وەرگێری بە توانا مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیلمان بیست کە ئەمرۆ لە هەولێری پایتەخت بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا لە هەردوو کایەی ئەدەبی وەک چیرۆکنووس و وەک وەرگێرێکی بە سەلیقەی زمانی تورکی و عەرەبی خزمەتی فەرهەنگی میللەتەکەمان کرد و کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد.
بەم بۆنەیە بە ناوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا و لە ناوەندی ئەدەبی کوردستانیش  دەکەین بۆ ئەم کۆستە فەرهەنگییە . لە خوای گەورە داواکارین گیانی نووسەر و ئەدیبی بە توانامان ئاسودە بکات و  جێگای بەهەشتی بەرین بێت
مەکتەبی راگەیاندنی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی د. مەجید محەمەد ئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ـی هەولێر:

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ، ئەمڕۆ 2023/4/26 نووسەرو وەرگێڕو چیرۆکنوس و  رۆمانووسی گەورەی گەلی کوردستان ، مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد .

مامۆستا ئەحمەد ڕوناکبیرێکی گەورەو لەخۆبوردوو بوو هەرگیز لەخزمەتکردنی ئەدەب و زمانی کوردی ماندوو نەدەبوو بەشاکارە جوانەکانی لەچیرۆك و ڕۆمان و کتێبە تەرجەمەکراوەکانی لە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی ، بۆ زمانی کوردی خزمەتێکی زۆری بەکتێبخانەی کوردیی و خوێنەرانی کورد کردووەو ئەو مەینەتیانەی بەدرێژایی مێژوو بەسەر گەلەکەماندا هاتووە ، لەچیرۆك و ڕۆمانەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە .

پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و هەڤاڵانی دەکەین و گیانی مامۆستا ئەحمەد محمد ئیسماعیل شادبێ بەبەهەشت .

دکتۆر مەجید محمدامین
لێپرسراوی مەڵبەندی 3 ی هەولێر

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان پێکھێندراوە و سەردانی شارەکانی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەن.

راشیگەیاند، لیژنەکە بەدواداچوون بۆ رەوشی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵان دەکات، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەستنیشانکردن و چارەسەرەکان و پێداویستییەکانی رەوشی ئەو نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان دەکات کە لە ھەڵەبجە و سلێمانی و کەلار تۆمارکراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ گولـلەھاوەنێک لە گوندی عەین عەبدیی لە ناحیەی تل تەمر تەقییوەتەوە، بەوھۆیەش دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و سێ ھاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

راشیگەیاند، پێدەچێت گولـلەھاوەنەکە ھی ھێزەکانی تورکیا بێت، بەو پێیەی لەماوەی رابردوودا چەندینجار ئەو ناوچە سنورییەیان بۆردومانکردووە. دوای رووداوەکەش بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شەھید لێگرین لە تل تەمر گوازراونەتەوە.

ئەو دوو منداڵەی لە ئەنجامی تەقینەوەی گولـلەھاوەنەکە گیانیان لەدەستداوە، ناویان مریەم خزر عویسی ١٠ ساڵان و ئیعتدا عویسی ٩ ساڵان بووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەیەک لە ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، چەندین ئاماژە ھەن کە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای مانگێک لە راگرتنی لە بەندەری جەیھانی تورکیاوە. 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوشی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی نەبوونی داھاتی نەوت خراپ بووە، دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان وتووە، حکومەتی ھەرێم و دامەزراوەی سۆمۆ بەنیازن لە سەرەتای مانگی ئایار ھەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وادەیە ھیچ گرەنتییەکی لەسەر نییە.

رۆیتەرز راشیگەیاندووە، تورکیا ھەوڵدەدات گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکات سەبارەت بەبڕی ١.٥ ملیار دۆلار، کە دەبێت وەک قەرەبوو بیداتەوە، بەڵام عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەرنابڕێت و ئەوەش تورکیای نیگەرانکردووە، تورکیا دەشیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە، ھەموو ئەو بابەتەتانەی پەیوەندییان بە نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس یەکلانەبوونەتەوە، یەکلابکاتەوە.

رۆیتەرز لە سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وتویەتی، تورکیا دەیەوێت تا دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت، بابەتی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دوابخات. 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەدەست و پێ كەلەپچەكراوی برایە دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر له كەسنەزان.

وتیشی،  لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی ناو چاكسازی و تۆمەتی ساختەكردنی پەنجەمۆری گوهدار زێباری وتە لە شێروان شێروانی وەرگیرا، بەڵام رۆژنامەنووس شێروان شێروانی هەردوو تۆمەتەكەی رەتكردەوە و وتی، بێتاوانە لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.سەباح ھەورامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تائێستا ھیچ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە نەخۆشی ھەوکردنی مێشک تۆمارنەکراوە و ھاووڵاتیان دڵنیادەکەنەوە نەخۆشییەکەی جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ نییە.

راشیگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو پرسە لەسەر خەتە و رایسپاردون چی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە بیکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تووشبووەکان رەوانەی تاقیگەی ناوەندیی لە بەغداد دەکەن و سبەینێش وەفدێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەردانی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٢ ھەزار و ٥٠٠ دینار بوو، بەڵام دواتر بانکی ناوەندی عێراق ١٧١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری خستەڕوو کە ١٦٤ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵە و حەوت ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاریشی بە کاش بوو، لە ماوەی ئەمساڵیش ئەوە کەمترین بڕی خستنەڕوو بوو بە کاش.

سەرەڕای خستنەڕووی ئەو بڕە کەمەی دۆلار، بەڵام بەھای دینار بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەھای ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٤٠ ھەزار دینار.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبارەی یاسا و رێنماییەکانی چەک راگەیەندراێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ھاوکاریان بن بۆ بنبڕکردنی دیاردەی ھەڵگرتنی چەک لە ماڵاندا کە ھۆکاری زیادبوونی توندوتیژییە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەندام و لایەنگری حزبەکانیش پێویستە لەگەڵ یاسای نوێی ھەڵگرتنی چەک خۆیان بگونجێنن و لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت چەک ھەڵنەگرن.

وەزارەتی ناوخۆ داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پەرە بە کلتوری ناتوندوتیژی بدەن و ھانی ھاووڵاتیان بدەن تا بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ گفتوگۆ و دادگاکان بەرن، دەشڵێت، پێویستە لەھەمو بارەگای لایەنە سیاسییەکاندا کۆگای ھەڵگرتنی چەک ھەبێت تاوەکو تەنھا لەکاتی پاسەوانیدا چەک ھەڵبگیرێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...513514515516517...997