کوردستانکوردستان

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا جەختیکردووەتەوە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان جیاوازیان نییە لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق و بڕیاریانداوە ٥٠٠ ملیار دینار وەک قەرز بۆ موچە رەوانەی ھەرێم بکەن تا ئەو کاتەی کێشەکان چارەسەر دەبن و پڕۆسەی وردبینی تەواو دەبێت.

وتیشی وەزیرە کوردەکان داوای ٦٠٠ ملیار دیناریان کردووە، بەڵام سودانی وتویەتی عێراق سیولەی پێویستی نییە، بۆیە ٥٠٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێم دەکەن.

لای خۆیەوە، د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ناردنی ئەو بڕە پارەیە ھیچ بنەمایەکی نیە و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە دەسەڵاتی خۆی ئەو بڕەی دیاریکردووە مانگانە بیداتە ھەرێم تا ئەو کاتەی پرۆسەی وردبینی لەداھات و خەرجی ھەرێم کۆتایی دێت.

حکومەتی ھەرێم بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستی بە ٩١٢ ملیار دینارە و چاوی لەوە بوو عێراق زیاتر لە ترلیۆنێک و ٣٠٠ ملیار دیناری بەپێی یاسای بودجە بۆ رەوانە بکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا بەڕەسمی وەزارەتی دارایی لە ناردنی ٥٠٠ ملیار دینار ئاگادار نەکراوەتەوە، ھیچ بڕە پارەیەکیش نەخراوەتە سەر ئەژماری بانکی.

وتیشی، ھەر کاتێک ٥٠٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێم کرا، دوای کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکرێت.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی باسی لێوەدەکرێت، خواستی وەفدی ھەرێم نەبووە، چونکە وەفدەکەی ھەرێم داوای جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بودجە و رەوانەکردنی بڕی زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دیناری کردوە، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

جەختی لەوەشکردەوە، مانگی رابردوو عێراق ٥٩٨ ملیار دیناری رەوانەی ھەرێم کرد، بڕی ٥٠ ملیاری بۆ قەرزی بانکی بازرگانی لێ کەمکرایەوە، دواتر لەگەڵ داھاتی ناوخۆ موچەی فەرمانبەران دابەشکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد چەند پێشنیازێکیان داوە بە حکومەتی عێراق بۆ رەوانەکردنی شایستەداراییەکان و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، لەوانە ناردنی موچەی دوومانگی فەرمانبەران لەگەڵ شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە.

وتیشی، پێشنیازێکی تریش ھەیە ئەویش سەرەتا بڕە پارەیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی فەمانبەران بە قەرز بنێردرێت تا ئەو کاتەی ھەرێم و بەغدا رێکەوتنی کۆتایی  واژۆ دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، وەفدی عێراق بە وەفدی ھەرێمیان راگەیاندووە، تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکانی نێو بوودجە بە تەواوی جێبەجێی دەکرێن، تەنیا بڕی ٥٩٨ ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەو بڕە رازی نییە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگەیەکانی تورکیا گوندەکانی، گەڵی رەش،  گوێزەش و بن قەڵات و گوندی بێرکمە - یان لە سنوری برادۆست بۆردومانکرد.

وتیشی، بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، ئاگر لە ژینگە و دارستانەکانی گەلی ڕەش و خواکوڕک کەوتوەتەوە، زیانی زۆری بە لەوەڕگا و پشوپاوانی ناوچەکە گەیاندووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی لە وتارێکدا لە فیستیڤاڵی ھەفتەی چالاکی کتێبخانەکان رایگەیاند، سلێمانی بووەتە یەکێک لە دادوەرەکانی کۆنگرەی یونسکۆ بۆ ئەو شارانەی داواکاری پێشکەش دەکەن تا لە بواری نوسین و داھێناندا ببنە ئەندام.

وتیشی، بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرەی یونسکۆ لە کەنەدا بەڕێوەبچێت، سلێمانیش یەکێکە لەو شارانەی دیاریکراوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روونکردنەوەکەی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاتووە، ماوەی چەند رۆژێکە، بەمەبەست و سیناریۆی جۆراو جۆر، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کەرکوک، کێشە و گرفت بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک درووستدەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لەگەڵ داخستنی رێگەی سەرەکی کەرکوک - ھەولێر نین و ھەوڵی جددییان داوە و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە.

دەشڵێت، پارتی ھەوڵدەدات کێشەکان، ھەناردەی کەرکوک بکات، بەتایبەت کە روون بووەتەوە سەرجەم ئەو کەسانەی لە نێو خۆپیشاندانەکانن لە ھەولێرەوە ئاڕاستە دەکرێن،  دەیانەوێت کێشە و پشێوی لەنێو نەتەوەکانی شارەکە درووستبکەن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بە سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە ڕەسەنەکانی زۆر ھوشیارن و لە مەرامی ناحەزان تێگەیشتون.

مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی ئاشکراشیکرد، پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و تورکمانانە، کە ھاوپەیمان و دۆستی یەکترن، کێشەیان بارەگا نییە، چونکە لەئێستادا بارەگای لق و ناوچەکانی چۆڵکراون، بەڵام بەمەبەست ناگەڕێتەوە، دەیانەوێت بەو بیانووە ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکوک تێکبدەن.

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا دەڵێت، "جارێکی دیکە دڵنیایی بە ھەموولایەک دەدەین، کە ئارامی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیانمان ھێڵی سوورن، تەواوی ھەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، رێگە نادەین مەرامی نەیاران جێبەجێبکرێت و ئاژاوە و کێشە بۆ شارەکەمان درووستبێت."

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەسەر خۆپیشاندانەکەی کەرکوک لە پەیامێکدا رایگەیاند، گرتنی ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر ـ کەرکوک کارێکی نایاساییە و تاکو ئێستا لەلایەن ئیدارەی کەرکوکەوە لانەدراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کەرکوک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە، دوای ئەوەی ئیدارەی شارەکە بە ھیچ شێوەیەک کۆتایی بەو کارە نەھێنا کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی دانیشتووانی شارەکە، سەرەنجام ھاوڵاتییانی کورد لە کەرکووک ناڕەزایییان بەرامبەر ڕێگەبڕین نیشاندا، بەڵام بە توندوتیژی وەڵام درانەوە.

سەرۆکی ھەرێم بە توندی ئیدانەی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەکات و دەشڵێت، حکومەتی عێراق دەبێت ڕێککاری خێرای پێویست بگرنەبەر بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە و بە سزاگەیاندنی تەقەکەران، داواش لە ھەموو لایەک دەکات دان بە خۆیاندا بگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.... 

ھەڤاڵە سەربەرزەکانم

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە ٢٦ ھەزار شەھید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.
یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.

 ھەروەھا جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت. 


خوشک و براکانم
ھەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و ھەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە ھەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ھەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و ھەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.


خۆشەویستان
مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان ھێندە زێڕینە کە ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش ھێز و کاریگەریی یەکێتی لە ھەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای ھەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەھێزیی یەکێتی واتە بەھێزیی ھەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت ھەموو ھەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێکتان ھاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی ھەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر ھەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.


ھەڤاڵان
ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا ھەڵگرتووە و بەھیواوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنووسینەوە.

 

شاد و سەرفرازبن

برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، سوپای تورکیا  و گروپە چەکدارە ھاوپەیمانەکانی بە پشتیوانی تۆپباران و ھێرشی مووشەکی لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری گوندەکانی باکوری رۆژئاوای شارەکەیان داوە و لە لایەن ھێزەکانیانەوە بەرپەرچدراونەتەوە.

وتیشی، لە گوندی عون دادات لە باکوری مەنبەج پەلامارەکە تێکشکێنراوە، بەڵام ھێشتا پێکدادان لە دەوروبەری گوندەکانی محسینلی، عەرەب حەسەن، ئوم جلود، سەیادە، دندنیە لە باکوری رۆژئاوای مەنبەج بەردەوامە و ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانیش ئاوارەبوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، کرێکارەکە ناوی یوسف سەجیلەو تەمەنی ٢٠ ساڵەو خەڵکی شاری سەماوەیە، بەوتەی ھاوڕێکانی لەکاتی تێکردنی کۆنکرێتی سەقفی نھۆمی ١٢ی باڵەخانەیەک لەسلێمانی کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و گیانیلەدەستداوە.

راشیگەیاند، تەرمەکەی لەپەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانییە و لەکاتی گەیشتی کەسوکارەی تەرمەکەیان رادەستیان دەکرێتەوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوەش سەرقاڵی دەستنیشانکردنی ھۆکاری رووداوەکەن.

لەماوەی ئەمساڵدا ئەمە دووەم جارە لەسلێمانی کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانلەدەستدەدات، پێشتریش سێ کرێکار بەھۆی داڕمانی ئەسکەلەی بینایەکەوە گیانیانلەدەستدا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...

بەڕێزان خانەوادەو کەسوکاری کاک موعتەسەم ئەکرەم

بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کاک (موعتەسەم ئەکرەم) کەسایەتی دیارو ناسراو و بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقم بیست، دڵگران و خەمباری کردم، ھاوبەشی خەمتانم.

کاک موعتەسەم وەک کەسێکی شارەزا و بە ئەزموون لە بوارەکەی خۆیدا لە کوردستان رۆڵێکی دیارو بەرچاوی ھەبوو، لە بەغدادیش وەک بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ھەمیشە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە کاری دەکرد بۆ خزمەتی کوردستان.

بەداخەوە بۆ ئەم کۆچەو لەدەستدانی، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادەکەتان و سەرجەم دۆست و ھەڤاڵانی دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووریمان بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.

کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو موعتەسەم ئەکرەم

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵى کۆچی دوایی (موعتەسەم ئەکرەم) کەسایەتی دیارو بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق-م بیست.
کۆچکردوو کەسایەتیەکی شارەزا و دڵسۆز بوو بۆ کوردستان و دەوڵەتمەدارێکی سەرکەوتوو و خاوەن ئەزموون بوو، کۆچکردنی جێگای داخە. 
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەتانم. 
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگاى بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت. 

انا لله و انا الیه راجعون 

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە سەعات پێنجی بەیانیی رۆژی شەممەوە بۆ ماوەی ٤٨ سەعات، قەدەغەی ھاتوچۆ لە پارێزگای دێرەزووری سوریا جێبەجێ دەکەن.

ھەسەدە، جەختی لە پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان لە دەستی ئەو گرووپانە کرد، کە بە "لەیاسادەرچوو" ناویبردوون و چەند رۆژێکە تووشی شەڕ و پێکدادان بوون لەگەڵیان.

لەلایەکی ترەوە بەرپرسێکی ھەسەدە رایگەیاند، گروپە لەیاسا دەرچووەکانی دێرەزوور ھاوکاریی سەربازییان لە سوریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وەرگرتووە، وتیشی، ئێران لە ناوچەکانی نێوان دێرەزوور و ئەلبوکەمالەوە چەک دەگەیەنێت بەو گروپانە. 

ئەو بەرپرسەی ھەسەدە راشیگەیاند، لە گوندێکی نزیک دێرەزوور دەستیان بەسەر کۆگایەکی درۆن و موشەکی پێشکەوتوودا گرتووە، ھەروەھا ئەمریکا ئەو گرووپە چەکدارانەی بۆردوومانکردووە، کە ھاوکاری گروپە لە یاسا دەرچووەکانیان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوێنێ وەفدەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە "ئاوات شێخ جەناب" وەزیری دارایی و "د.ئومێد سەباح"  سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و "ئامانج رەحیم" سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێکھاتووە، تا دەرنگانی شەو کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق سەبارەت بە مووچەی مانگی تەمموز و ئابی فەرمانبەرانی ھەرێم و شایستە داراییەکان لە بودجە ئەنجامداوە، بەڵام ھیچ رێککەوتنێک رانەگەیەندراوە.

بڕیارە ئەمڕۆش ئەو وەفدە لە کۆبوونەوەکانی لە بەغداد بەردەوام بێت و ھەر ئەمڕۆ بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دوای ھەوڵەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ناوەندی وەرگرتن بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئەزمونەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بۆ سەرجەم دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ئامادەکراو لەلایەن وەزارەتی پەروەردە ئاڕاستەی قوتابخانەکان کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن لەمڕۆوە سەردانی خوێندنگاکانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد).

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەش ھاتووە، پێویستە خوێندکاران بەباشی پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لە رێگەی ئەو (پاسۆرد و یوزەرنەیمە) دەتوانن زانکۆلاین پڕبکەنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دیلان غەفور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ د.عمران جەمال سەرۆکی زانکۆی کەرکوک بە وەکالەت، تاوتوێی کێشەی ئەو خوێندکارانەیان کردووە، کە دانیشتووی کەرکوکن و لە زانکۆکانی ھەرێم دەخوێنن، بەڵام دەیانەوێت خوێندنەکەیان بگوازنەوە بۆ کەرکوک.

دیلان غەفور دڵنیایی بە خوێندکاراندا، ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر دەکەن و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقیش گفتوگۆیان کردووە و بە زووترینکات بڕیاری پێویست لەوبارەوە دەدرێت.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شوان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٣:٣٠ی خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ھێزەکانی پۆلیسی شوان چالاکییەکیان بۆ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری بە رەگەز عەرەبی دانیشتووی سلێمان بەگ_یان ئەنجامداوە، کە بە دزینی پاتری ئۆتۆمبێل تۆمەتباربوون.

ئەوەشی خستەڕوو، ھێزەکانی پۆلیس لەکاتی تاوانەکەدا ھەوڵی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی داوە، بەڵام یەکێک لە تۆمەتبارەکان ھەڵھاتووە و بەوھۆیەشەوە پۆلیس تەقەی لێکردووە، سەرەنجام فیشەکێک بەرسەری کەوتووە و گیانیلەدەستداوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، تواندراوە تۆمەتبارەکەی دیکە دەستگیربکرێت و لەئێستاشدا پەڕاوەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...424425426427428...956